توندوتیژی لە جیهاندا ڕوو لە زیاد بونە

توندوتیژی بە گشتی واتە ئەنجامدانی رەفتارێکی رەق و زبری نامرۆڤانە کە یەکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر تاکێکی تر ئەنجامی دەدات کە خۆی لە توندوتیژی جەستەیی و دەروونی وسێکسی دەبینێتەوە.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا توندوتیژی بوەتە دیاردەیەک کە ڕۆژ نیە لێرە و لەوێ بەرگوێمان نەکەوێت. بەجۆرێک وای لێ هاتووە کە ڕێژەکەی لە نێوان کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان و کۆمەڵگە دواکەوەتووەکاندا هیچ جیاوازیەکی نیە. واتە توندوتیژی پەیوەندی بە هیچ کیشوەر و وڵات و شارێکەوە نیە و هیچ سنوورێکی جوگرافی نیە و لەم ڕۆژگارەدا وای لێ هاتووە هەر کەسێک کە ئایا ژنی ماڵە یاخود فەرمانبەر و خاوەن کار، جوان و ناشیرین، خوێندەوار و نەخوێندەوار ئەگەری هەیە لە هەر کات و ساتێکدا ڕوبەڕوی جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی ببێتەوە.

دەکرێت بڵێین توندوتیژی لە دنیادا دیاردەیەکی جیهانییە و مێژویەکی دێرینی هەیە و هەر لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە و ئاماریش پێمان دەڵێ کە ساڵ بە ساڵ ئەم دیاردەیە ڕوو لە زیاد بوونە.

٤٩ ساڵ لەمەوبەر، ٣ خوشکی خه‌ڵکی کۆماری دۆمێنیکه‌ن، به‌ ناوی “خوشکانی میرابیل”، له‌ دوای چه‌ندین مانگ ئه‌شکه‌نجه‌، سه‌ره‌نجام له ‌لایه‌ن ڕێکخراوی ئه‌منیی سوپای ئه‌و وڵاته‌وه‌‌ کوژران. “تاوان”ی ئه‌و ٣ خوشکه،‌ به‌شداریكردن بوو له‌ چالاکییه‌ سیاسییه‌کانی دژ به‌ حکوومەتی دیکتاتۆریی زاڵ به‌سه‌ر دۆمینیکه‌ندا. دواتر ٢١ ساڵ له‌ دوای ئه‌م ڕاستییه‌ و لە ساڵی ١٩٨١، له‌ کۆنفرانسێکدا له‌ بۆگۆتا، پایته‌ختی کۆڵۆمبیا، کە له ‌لایه‌ن داکۆکیکارانی مافه‌کانی ژنان له‌ ئه‌مریکای لاتین و ناوچه‌ی کارائیب به‌سترابوو، پێشنیاری ئه‌وە کرا که‌ ڕۆژی کوژرانی خوشکانی میرابیل، بکرێته‌ ڕۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژ به‌ ژنان. سەرەنجام ڕۆژی 25ی نۆڤه‌مبه‌ر، وه‌ک ڕۆژی جیهانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندو‌تیژیی دژ به‌ ژنان دەستنیشان کرا.
ئەگەرچی ئێستا لە جیهاندا توندوتیژی نەک تەنها دژی ژنان بەڵکو دژی پیاوان و منداڵانیش ئەنجام دەدرێت بەڵام بەهۆی زۆری توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان لە زۆربەی باسەکاندا بەبەتەکە لەسەر تەندوتیژی دژی ژنان چڕ دەبێتەوە.

باوترین جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان
١. توندوتیژی جەستەیی، بەھەر جۆرە توندوتیژییەکی فیزیکی بەرامبەر بە ئافره‌تان وەک لێدان، سووتان و کوشتن. لەم جۆرە توندوتیژییەدا شوێنه‌واری توندوتیژی بە تەواوی بە جەستەی کەسی لێدراو دیارە. کە بە پێی نوێترین ئامارەکان ٢٥ % ژنانی کۆی جیھان بەرەو ڕووی ئەم جۆرە توندوتیژییە دەبنەوە و ژنان لە ترس یا لە بەر شەرم و ئابڕووچوون باسی لێوە ناکەن و زیاتر بێدەنگی ھەڵدەبژێرن.
٢. توندوتیژی دەروونی، ئەم جۆرە توندوتیژییە بە رواڵەت ھیچ نیشانەیەکی دەرەکی نییە و ناوەکی و دەروونییە. کە تیایدا ئافرەت رووبه‌رووی سووکایەتی پێکردن، تانە و تەشەر، جنێودان دەبنەوە لە لایەن کەسانی جگە لە بنەماڵە و خێزانی خۆیان، وەک تۆقاندن و بەکارھێنانی زمانی زبر و ھەڕەشە. ئەم جۆرە توندوتیژییە کاریگەری قووڵتر و مەترسیدارتری هه‌یه‌ و کەسێک کە تووشی ئەم جۆرە توندوتیژییە بێت زیاتر گۆشەگیر و بێزار و خەمۆک دەبێت، بە پێی وتەی پزیشکان ئەم جۆرە کەسانە زیاتر بیر لە خۆکوشتن و خۆسووتاندن ده‌کەنەوە.
٣. توندوتیژی سێکسی، ئەم جۆرە توندوتیژییە زیاتر لە لایەن ھاوسەر و و کەسوکاری نزیکی ئافره‌تانه‌وه‌ دەکرێت و ژنان تووشی شۆک و زیان دەکات. دەستدرێژی سێکسی و دووگیانکەوتنی زۆرەملێ و لەباربردن لە خۆ دەگرێت کە ئەم جۆرە لە توندوتیژی ھیچکات لە دڵ و جەستەی ئافره‌تان ساڕێژ نابێت.
٤. توندوتیژی خێزانی، باوترین شێوەی توندوتیژییە بە دژی ئافره‌تان کە تێدا کچان و ژنان بە کۆمەڵێک بیانوو بەرەورووی توندوتیژی دەبنەوە. دڵپیسی یەکێکه‌ لە ھۆکارە سەرەکییەکان و ھەندێجار منداڵنه‌بوون دەتوانێت ھۆکارێک بێت بۆ توندوتیژی دژی ژنان. گیرۆدەبوونی پیاوان بە ماددە سڕکەرەکان و بێکاری پیاوان و توڕەبوون و ناھۆشیاری پیاوانیش خۆی ھۆکارێکە بۆ توندوتیژی.
٥. توندوتیژی کۆمەڵایەتی، زۆرجار بە بیانووی لادان لە نەریتی باو باپیران و لەکەدارکردنی شەرەف و ناموسی خێزان و ھەڵسوکەوتی ناشیاو و ئابڕووبەرانە ژنان لە لایەن باوک و برا و ھاوسەر و کەسوکارەوە تووشی توندوتیژی دەبنەوە. ھەندێجار ژنان بە توندی دەکەونە ژێر چاودێری و ھەموو ئازادی و سەربەستییەکیان لێ زەوت دەکرێت و لەناو کەشوھەوایەکی پۆلیسیدا دەژین. بەزۆر بەشوودان و بەزۆر جلوبەرگی تایبەت لەبەرکردن و بێبەریکردن لە میرات و بێبەشکردن لە خوێندن و کارکردن لە دەرەوەی ماڵەوە دەچێتە ناو چوارچێوەی توندوتیژی کۆمەڵایەتییەوە.
٦. توندوتیژی ئابووری، لەم جۆرە توندوتیژییه‌دا ئەو ژنانەی کە لە دەره‌وه‌ کار دەکەن ھەر چەند شان بە شانی پیاوان کاردەکەن بەڵام هەقدەستەکانیان کەمە و زۆرجار لە لایەن بەڕێوەبەر یان ھاوکاران چ لە لایەنی جەستەیی یان دەروونی توندوتیژییان لێ دەکرێت و دەچەوسێندرێنەوە. یان لە ماڵەوە لە لایەن ھاوسەرەکانیانەوە یان کەسوکاریان بە توندترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ھەندێکاتیش ژنان لە میرات بێبەری دەکرێن و لە مافی سروشتیی خۆیان دوور دەخرێنەوە.
ئاماری توندوتیژی لە هه‌رێمی کوردستان لەو چەند ساڵەدا:
لە ساڵی٢٠١٨ دا لە هەرێمی کوردستان، ١٠ ژن کوژراون و ٢٦ی دیکەش خۆیان کوشتووە؛ سەرجەم ١٣٤ کەیسی کووژران تۆمار کراون. لەو ١٣٤ کەیسە، ٦٩یان لە ٨ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ و ٦٥یان لە ٥ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ دا بوون.
له‌ پاڵ حاڵه‌ته‌كانی كوشتن و خۆكوشتندا، ده‌یان و سه‌دان حاڵه‌تی توندوتیژیی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان له‌ شێوه‌ی ده‌ستدرێژیی سێكسی و سووتان و خۆسووتاندا تۆمار كراون؛ ته‌نانه‌ت تۆماركردنی سكاڵای یاسایی له ‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌و ده‌ستدرێژییانەی كراوه‌ته‌ سه‌ریان، هیچ داكشانێكی به‌خۆوه‌ نه‌دیوه بە بەراورد با ساڵانی پەش خۆی. ‌
لەکاتێکدا بەپێی هەمان ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە لە شەش مانگی دووەمی ساڵی ٢٠١٩دا ٢٢ ژن کوژرابوون، ٣٢ ئافرەت خۆیان کوشتبوو،٥٨ ژن خۆیان سووتاندبوو، ٤٧ ئافرەت دەستدرێژی سێکسیان کرابووە سەر و٤‌هەزار و ٩٧٢ ئافرەتیش سکاڵایان تۆمار کردبوو.

بە پێی ئاماری بەڕیوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە ساڵی ٢٠٢٠دا شەتوسێ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن یاخود ناچارکردن بە خۆکوشتن ١٥٧ حاڵەتی لاقەکردن (دەستدرێژی سێکسی) لە هەرێمی کوردستاندا تۆمار کراوە.

بۆ ساڵی ٢٠٢١یش ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی ئاماژە بەوە دەکەن: لە ساڵی ٢٠٢١دا هەژدە ژن کوژراون، کۆی گشتی خۆ کوشتنیش ٤٩ کەیس بووە، لەگەڵ ئەوەش کۆی گشتی خۆسووتاندن ٦٥ حاڵەت بووە، توندوتیژی سێکسیش ١٢٥حاڵەت بووە. کۆی ئەو سکاڵایانەی کە لەلای ژنانەوە تۆمار کراون ١١‌هەزارو١٦٥ سکاڵا بووە.

بە گشتی ماوەتەوە بڵێین ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان و پیاوان و سکاڵایەکان لە سەرتانسەری جیهاندا رۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادیە و هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو تراژیدیایە.

ھەواڵی زیاتر