ڕائیب جادر – هەولێر
د. ئەشواق جاف، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھاووڵاتییان دەبینن کە کێ خزمەتی ئەوان دەکات و پارێزەری قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستانە. دەشڵێ: پارتی حزبی ناوچەیەک نییە، بەڵکو حزبی ھەموو کورد و کوردستانیانە، پێگەی خۆی وەکو ھێزی یەکەمی کوردستان دەپارێزێت و ئامانجیان بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە لەڕێگەی شەڕێکی یاساییەوە لە بەغدا.
د. ئەشواق جاف، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی، ڕاگەیاند، وەک بەربژێرانی پارتی بەوپەڕی متمانەوە دەچینە ناو خەڵک، چونکە پارتی نوێنەرایەتی ھەموو خەڵکی کوردستانی کردووە بەبێ جیاوازی، لە ھەمان کاتدا تاوەکو ئێستا پابەندی تەواوی یاسا و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنین لە کاتی بانگەشەدا و بانگەشەیەکی ھێمنانە لە سنووری سلێمانی، ھەڵەبجە و ڕاپەڕین بەڕێوە دەبەین.
سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی، دەشڵێ: بەغدا سادەترین مافی دەستووریی خەڵکی کوردستانی پێشێل کردووە کە بڕینی مووچەیە، ئەوەی ئێستا لە بەغدا بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دەکرێت پرۆسەی ئەنفالە بە جۆرێکی دیکە و ھەوڵێکە بۆ لەناوبردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، ئامانجەکانمان تەنیا لە ڕێگەی نوێنەرانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەدەست دێن، چونکە پارتی ھەرگیز حزبی شارێک یان پارچەیەک نەبووە.
د. ئەشواق جاف، دووپاتی کردەوە، خەڵکی کوردستان زۆر ھۆشیارە و دەزانێ کێ خزمەتی کردووە، بۆیە چاوەڕێین دەنگدەران متمانە بە لیستی ٢٧٥ی پارتی ببەخشن، چونکە پارتی ھیوای خەڵکە و بە پشتیوانیی ئەوان، ھەر بە ھێزی یەکەم دەمێنێتەوە و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان تەنیا لە ڕێی نوێنەرانی پارتی بەدەست دێن.
سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی، باس لە بەرنامەی کاری پارتی دەکات بۆ داھاتووی عێراق و ئاماژە بەوە دەکات، پارتی دەیەوێت لەڕێگەی شەڕی دەستوورەوە مافەکانی خەڵکی کوردستان وەربگرێتەوە، ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان سێ بنەما و ڕێبازی سەرەکیی بوون کە لە پڕۆسەیەکی سیاسیدا دروست بوون و وەک ستراتیژییەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ بەدەستھێنانی مافی خەڵکی کوردستان داندران، بەڵام بەداخەوە دوای ئەوەی ھێزەکانی عەرەبی سوننە و شیعە، ھێز و دەسەڵاتیان گرتە دەست و خۆیان بەھێز کرد، کار بەم دروشمانە ناکەن، ئێستا ھێزی زۆرینە کار دەکات، بۆیە ھێزی زۆرینەیان بەکاردەھێنن، ئەمە وا دەکات ھاوبەشیی یاسایی بخاتە ژێر فشاری ھێزێک کە لەگەڵ دەستوور و ڕێککەوتن یەک ناگرێتەوە.

