رۆژنامەی ھەولێر

کابینەی نۆیەم و ژێرخانی ئابووری

شیلان فەرەج
ئەگەر ویژدان بڕیاردەر بێت، ئەوا هەمووان ئەو شایەتییە دەدەن کەوا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، ئەولەویەتی کاری بریتی بووە لە بنیاتنان و بەهێزکردن و پێشخستنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان. ئەویش لە ڕێی گرنگیدان بە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و کەرتی وزە و ئاو و کارەبا و زۆر بوار و کەرتی دیکە. ئەمانەش لە لایەک هەزاران دەرفەتی کار ڕەخسێنراوە و دەڕەخسێنرێت؛ لە لایەکی دیکەش سەرچاوەی داهات و دارایی زیاد دەکات و وڵاتیش لە هەموو بوارەکاندا پێش دەکەوێت و گەشە دەسێنێت.
لە مێژوودا بینیومانە هەموو ئەو وڵاتانەی لە بارودۆخێکی خراپی ئابووری و سیاسی و ژیانەوە گەشەیان کردووە و بە هەنگاوی گەورە بۆ پێشەوە بازیانداوە و بوونەتە وڵاتێکی گەشەسەندوو و پێشکەوتوو لە هەموو بوارەکاندا، سەرەتا لە بنیاتنانی ژێرخانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و ڕێگاوبان و دەرکردنی یاسا و ڕێنمایی باش و گونجاو بۆ کەرتی تایبەت، تا ئەو کەرتە هاوشان بە کەرتی گشتی گەشە بکات و پڕۆژەی جیاجیا بنیات بنێن و هەزاران هەزار دەست و عەقڵ بخەنە سەر کار بۆ پێشخستنی وڵات. لە زۆربەی ئەو وڵاتانەشدا هەمیشە سەرکردایەتییەکی زیرەک و خۆنەویست و بەهێز هەبووە کە سەرکردایەتی ئەو شۆڕشی گەشەسەندن و پێشخستنەی کردووە. هیچ وڵاتێک بەبێ بوونی سەرکردەیەکی زیرەک و بەهێز و خاوەن بەرنامە نەیتوانیوە یەک هەنگاو بۆ پێشەوە بڕوات. هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا سەرکردەیەکی بەهێز و زیرەک و خاوەن پلان و بەرنامەی ستراتیژی وەک مەسرور بارزانی هەیە کە سەرکردایەتی ئەو شۆڕشی پێشکەوتن و گەشەسەندنە دەکات. ئەوەی تا ئێستا کردوویەتی هێشتا سەرەتایە، پڕۆژەی گرنگ و گرنگتر و موعجیزەئاسا لەمەودوا ئەنجام دەدرێت. چوار ساڵ و پێنج ساڵ ماوەیەکی کەمە بۆ بازدانی گەورەی گەشەسەندن، ساڵانی داهاتوو هەمووان دەبینە شایەتی دەیان و سەدان پڕۆژەی ستراتیژی وا کە بە خەیاڵی کەسدا نەهاتبێت. ئایا کەس ڕۆژێک لە ڕۆژان بە خەیاڵیشیدا دەکات کە ڕۆژێک دێت هەرێمی کوردستان کارەباکەی دەبێتە ٢٤ کاتژمێر؟ کەس لەو هەولێرە بە خەیاڵیدا دەهات ڕۆژێک دێت بەیەکجاری کێشەی ئاو لەو شارە گەورە و بێ ئاوەدا بەیەکجاری چارەسەر بکرێت؟ کەس ئەوەی بە خەیاڵدا دەکات کە لە ڕێی پشتێنەی سەوزەوە ملیۆنان درەختی بەردار بە چوار دەوری هەولێردا بڕوێنرێت؟ وەک چۆن ئەمانە هەموو بوونە واقیع، ڕۆژێک دێت کە شەقامی جووتسایدی سلێمانی-هەولێر و پڕۆژەی ئاوی سلێمانی-دووکان و هێڵی شەمەندەفەری کوردستان و دەیان تونێل و بەنداوی بچووک و پۆند و شوێنی گەشتیاری و پڕۆژەی ستراتیژی دیکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە لەسەر دەستی سەرۆکوەزیرانە بەهێزەکەمان.
ئەگەر کوردستانمان خۆش بوێت، ئەگەر خەون بە گەشەسەندن و پێشخستنی کوردستانەوە دەبینین، ئەگەر خەمی ژیان و گوزەرانێکی شایستەمانە بۆ خۆمان و منداڵەکانمان، ئەوە دەبێت بە دڵ و گیان پشتیوانی مەسرور بارزانی و حکومەتەکەی بین. بۆ ئەوەی پشتیوانی مەسرور بارزانیش بین، دەبێت پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بین تا بەو ئامانجانە دەگەین.
پێشکەوتن و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانیی هەرێمی کوردستان بەندە بە سەرکەوتنی پارتی و مەسرور بارزانییەوە.