سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە پشتیوانی بەردەوامیی حکوومەت بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە دەکاتەوە و دەڵێت “داهاتووی وڵات لە دەستی ئەمیندایە.”
ئەمڕۆ چوارشەممە، 08ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا قوتابخانەیەکی لە شاری هەولێر کردەوە. ئەم قوتابخانەیە یەکێک بوو لە 29 باڵەخانەی نوێی پەروەردەیی حکوومی کە لە 4 باخچەی منداڵان و 45 قوتابخانە پێکهاتبوون.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی لە قوتابییان و مامۆستایان کرد و سوپاسی مامۆستایانی کرد بۆ ماندووبوون و پشوودرێژییان لە پێگەیاندنی نەوەی نوێ. ئاماژەی بەوەش دا، دروستکردنی قوتابخانە لەسەر ئاستێکی بەرزی بیناسازی و پەروەردەیی جێگەی دڵخۆشییە و کاریگەری ئەرێنی لەسەر داهاتووی وڵات دەبێت.
سەرۆکی حکوومەت داوای لە سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان کرد هاوشێوەی ئەم پرۆژەیە، یارمەتی وەزارەتی پەروەردە بدەن بۆ دروستکردنەوە و نوێکردنەوەی قوتابخانەکانی تر لە کوردستان. سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی جەختی لەسەر پشتیوانی بەردەوامیی حکوومەتی کردەوە بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە، نەک تەنها لەڕووی بیناوە، بەڵکو لەڕووی بەدیجیتاڵکردن و پێشخستنی سیستمی خوێندنیشەوە.
سەرۆک وەزیران گەشبینی خۆی نیشاندا کە بەهۆی ئەم هەنگاوانەوە، ئاستی خوێندن و پەروەردە بەرزتر دەبێتەوە و داهاتووی وڵات لە دەستی ئەمیندایە.
دەقی گوتارەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:
بە ناوى خودای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان من زۆر خۆشحالم كە ئەمڕۆ ئامادەم لێرە بۆ كردنەوەى ئەم قوتابخانەیە، لەگەڵ چەندین قوتابخانەى تر كە كۆیان دەبێتە 29 باخچەى ساوایان و قوتابخانە لە سەرتاسەرى كوردستان؛ بەڵام ئەمڕۆ وەكو نموونە ئێرەیان هەڵبژاردووە كە بێین سەردانتان بكەین.
پێشەكى پیرۆزبایى لە قوتابییە خۆشەویستەكان و لەگەڵ مامۆستایانى ئازیز دەكەم، پیرۆزباییان لێ دەكەم، دەستخۆشیان لێ دەكەم بۆ ماندووبوونیان، بۆ پشوودرێژییان و بۆ ئەو خزمەتەى كە دەیكەن بۆ نەوەى داهاتووى گەلەكەمان. بەڕاستى ئەوەى ئەمڕۆ بینیم جێى دڵخۆشییەكى یەكجار گەورە بوو كە قوتابخانەیەك بەم ئاستە جوان و بەرزە دروست كراوە.
جێى خۆیەتى من سوپاسى كاك شوان بكەم كە ئەركى كێشا لە دروستكردنى ئەم قوتابخانەیە. هیوادارم نموونەى زۆر بێت و هەڤاڵانى تریش، برادەرانى تر، سەرمایەدارانى تر، ئەوانیش بتوانن هاوشێوەى ئەم قوتابخانەیە یارمەتى وەزارەتى پەروەردە بدەن بۆ ئەوەى قوتابخانەى هاوشێوە لە سەرتاسەرى كوردستان دروست بكرێت.
جێى دڵخۆشى بوو كە بینیم هەم قوتابییەكان زۆر زۆر دڵخۆشن، هەم مامۆستایان دڵخۆشن و ئاستیان زۆر بەرزە و بەو ڕەوشتە بەرزە، من ئێستا زۆر زۆر دڵنیام كە داهاتووى وڵاتەكەمان لە دەستێكى ئەمین دایە. ئەو قوتابییە چاوگەشانە، ئومێدى زۆرم پێیانە كە دەتوانن دەستكەوتى زۆر گەورەتر هەم بۆ خۆیان، هەم بۆ وڵاتەكەیان بەدەست بهێنن.
من جارێكى تر سوپاسى وەزارەتى پەروەردە دەكەم بۆ ئەو ئەرك و ماندووبوونەى كە كێشاویانە لە بەرزكردنەوەى ئاستى خوێندن و پەروەردە لە سەرتاسەرى كوردستان. پرسیارمان دەكرد كە ئایا چەند قوتابخانە لە هەرێمى كوردستان لەم ئاستەدایە؟ دیارە ژمارەیەک قوتابخانەى ئێمە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە و دروستكردنى قوتابخانەى نوێ هەیە؛ بەڵام لەو ماوە کورتەدا توانیومانە كە ئاستى قوتابخانەكان بە جۆرێكى زۆر زۆر باش بەرز بكەینەوە. نەک تەنیا وەکو بینایە و قوتابخانە، بەڵکو سیستمى پەروەردە و فێركردنیش و خوێندن بە جۆرى دیجیتاڵكردن و ئی – پەروەردە، ئەمە كاریگەرییەكى زۆرى كردووە و بەردەوامیش دەبین لە پشتیوانى كردنى وەزارەت بۆ پێشخستنى كەرتى خوێندن و پەروەردە.
جارێكى تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم، پیرۆزباییتان لێ دەكەم، هەر سەركەوتوو بن و زۆر زۆر سوپاس. جارێكى تر بۆ مامۆستایانى بەڕێز و خۆشەویست.

