رۆژنامەی ھەولێر

پێشەنگی پارتی، زادەی كردار و تێڕوانینەكانییەتی

حەمید قەڵادزەیی
ڕۆماننووسی جیهانی پاوڵۆكۆیلۆ، دەربڕینێكی جوانی هەیە، ئەو پێیوایە لە نێوان دەربڕین و كرداردا درزێك هەیە، بۆ ئەوەی ئەوەی دەیڵێین هەر قسەنەبێ و بە كردار بكرێ، پێویستە بتوانین لەو درزە بپەڕینەوە كە كەوتۆتە نێوان قسە و كردارەوە، ئەوەی هێزی پەڕینەوەی نەبێ بەسەر ئەو درزە، ناشێ هێزی ئەوەی هەبێ ئەوەی دەیڵێ بیكاتە كردار
هەمیشە، سرووشتی مرۆڤی خاوەن كردار، باڵانسی متمانەی زۆرە و خاوەنی پێگەیەكی جێگیرە، حیزب و بیرۆی سیاسیش بە هەمان شێوە، خاوەنی كەسایەتی مەعنەوی خۆیەتی و پێویستی بە بوونی پێگەیەكی بەهێزە لە لای تاك بەتاكی كۆمەڵ
پێگە بەبێ قوربانیدان و بوونی گیانی بەخشش و سەر ڕاستی و بەرگەگرتن و ئارامی، بەرجەستە نەبووە و نابێ
نهێنی سەركەوتنە یەك لە دوایەكەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بوونی پێگەیەكی بەهێزە لەلای كوردستانییان، بە هەموو جیاوازییە ئیتنی و ئاینی و زمان و كلتووری جیاوازەكانەوە، مادام پارتی زادەی تەریقەتێكە، بە ژینگەدۆستی و باوەڕی بە پێكەوە ژیان هەیە،
حەتمەن ئارامی و ئاوەدانیشی كردۆتە خەمێكی گەورە و هەموو ئەوانەی بە كردار سەلماندووە، كەواتە لێرەدا ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرە، دەلیلی ئەوەیە، ئەو بیر و دید و تێگەیشنەی پارتی زەروورەتێكی حەتمییە، هۆشیاری تاكی كوردستانی، بە پێچەوانەی ڕابردوو، لە ئاستێكی بەرزدایە، بۆیە ڕابردوو و ئێستا لە لایان پێوەرە بۆ ئایندەیەكی باشتر، مسۆگەركردنی ئەو ئایندەیەش، تەنها بە هێز و عەقڵییەتێك دەكرێ هێزی ئەوەی هەبێ، لەو درزە بپەڕێتەوە، كەوتۆتە نێوان قسەی ڕووت و كردارەوە،
جیهانبینی پارتی، بۆ ئیدارەدان و گەشەسەندن و كرانەوەی زیاتر، بە شێوەیەكە، هەمیشە فەچاوی هاوسەنگی كردووە لە نێوان پێكهاتە و جوگرافیا جیاوازەكان، لەگەڵ بوونی لەمپەرگەلێك لە بەردەمی كاروانی ئاوەدانییەكانیشی، توانیوویەتی بیسەلمێنێ خواستەكانی گەلێك زیاترە، لەوەی پێشكەشی كردووە، لێرەوە پردی متمانەی لەگەڵ هاونیشتمانیان بە تۆكمەیی ماوەتەوە و شانازی هێزی یەكەمی لەلایەن ئەو خەڵكەوە پێ دەدرێ كە دەبینن پارتی هەر قسە ناكات، بەڵكو وێڕای ئەوەی خاوەن كردارە، بیر و خەیاڵیشی هێندە ئاوەدانە، ئەو دیوارە ڕوخاوانەش بە درووستی هەڵدەچنێتەوە كە لە بیر و دەروونی تاكی كوردستانیدا ڕوخێندراون و گیرۆدەی ڕەشبینی بوون.