ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لیستی یاریزانەكانی بۆ پاڵاوتنەكانی مۆندیال راگەیاندرا و شەش یاریزانی كورد بانگهێشتكراون لە نێویاندا بۆ دووەمجار لەسەریەك بانگهێشتی شێركۆ كەریم و ئاكام هاشمی كردووەتەوە.
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، لیستێكی 28 یاریزانی بۆ دوو یاریی داهاتووی عێراق بەرامبەر ئیندۆنیسیا و سعوودیە بڵاو كردەوە، دوای دابڕانێكی زۆر زیدان ئیقبال، ناوەراستكاری یانەی هێرنڤینی هۆڵەندی بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كراوەتەوە.
لەنێو لیستەكەدا بانگهێشتی شەش یاریزانی كورد كراوە كە پێكهاتوون لە میرخاس دۆسكی، شێركۆ كەریم، ئاكام هاشم، یوسف ئەمین، ماركۆ فەرەج و ئوسامە رەشید.
جگە لەم شەش یاریزانە كوردە، بانگهێشتی رێبین سوولاقا و ئەیمار شێر كراوە كە لە نەتەوەی ئاشوورین و لە دایكبوونی عەنكاوەی شاری هەولێرن.
دوای راگەیاندنی لیستەكە، میدیایەكانی عەرەبی عێراقی زۆرترین رەخنەیان لەو لیستە گرت و زیاتر ڕووی رەخنەكانیان لە مستەفا سەعدوون و بەشار رەسەن بوو، میدیایەكانی عێراقی پێیانوابوو ئەم دوو یاریزانە شایستەی هەڵبژاردەی عێراق نین و دەكرا لە شوێنی بەشار رەسەن بانگهێشتی مستەفا قابیلی هێرشبەری لاوی یانەی هەولێر كرابا.
هەڵبژاردەی عێراق لە دوایین قۆناغی پاڵاوتنەكانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال لە رۆژی 11ـی ئەم مانگە لەسەر خاكی سعوودیە رووبەڕووی ئیندۆنیسیا دەبێتەوە، دوای 3 رۆژ بەسەر ئەم یارییە بە دیاریكراوی لە 14ـی ئەم مانگە بەرامبەر سعوودیە یاریی دەكات.

