ئاری ئاغۆک
گەلێ خەونی سەوزم هەبوو
لەماڵی ئۆخەی بۆم نەهاتەدی!
بەر لەوشکبوون و وەرین
دەمەوێ تۆ بیانهێنیە دی
هەرچی وشە و فەرهەنگی زاکیرەم هەیە
پێشکەش بە گوڵدانی مەعریفەت دەکەم
ئەو ڕەنگە هاڕمۆنیانەی ئەودیو،
کە خۆم نەمدیتن،
حەزم لێیە تۆ بە هەزار ڕەنگەوە بیانبینی،
ئەو دەستانەی نەمتوانی بەگەرمی بیانگرم
دەمەوێ دەستەکانی تۆ،
ببێتە فریادڕەسی هەژاران
دواجار ئەو تەلارە ئینساندۆستیەی
من و دایکت بنیادماننا
تکایە…. تکایە،
تۆ تەواو و ڕەنگڕێژی پڕ لە ئیمانی بکە.

