مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
ئەراوخۆ چارەنووسی خۆی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە یەكلا كردەوە
ڕۆناڵد ئەراوخۆ، یاریزانی ئۆروگوایی یانەی بەرشلۆنە، داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە یەكلا كردەوە، بەوەی ساڵانێكی زۆر لە یانەكە دەمێنێتەوە و مەرجسزای بۆندەكەشی كە 65 ملیۆن یۆرۆیە، پاشگوێ دەخات.
ئەو بەرگریكارە ئۆروگواییە 26 ساڵانە، وای دەبینێ كە بەرشلۆنە شوێنێكی باش و نموونەیی و گونجاوە بۆ ئەو، بۆ ئەوەی كاروانی وەرزشییەكەی و یاریكردنی، هەر لەوێ كۆتایی پێ بێنێ، دوای ئەوەی هەلی خۆگونجان و ئاستهەڵكشانی لەو یانەیە پێ درا.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە ئەراوخۆ، بە وردی ئەو بژاردانەی هەڵسەنگاندووە كە وەكوو ئۆفەر بۆی چوون لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ڕابردوو، بەڵام لە كۆتاییدا پێی باش بوو لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە گرێبەستەكەی تا ساڵی 2031 نوێ بكاتەوە.
سەرەڕای ئەوەی لە هاوینی ڕابردوودا لە ڕێگەی شكاندنی مەرجسزاكەیەوە ئەگەری رۆیشتنی هەبوو، بەڵام ئەو یاریزانە بیری لەوە نەكردەوە، دووپاتی كردەوە كە متمانە و بڕوای بەو متمانەپێدانەی یانەكەی هەیە كە لە نێو پڕۆژە و پلانی یانەكە بێ بە سەرۆكایەتیی هانز فلیكی راهێنەری یانەكە.
بەرشلۆنە چاوەڕوانی هیچ شتێكی چاوەڕێنەكراو لە ماوەی گواستنەوەی داهاتووی زستانە لەبارەی ئەو یاریزانەوە ناكا، بەڵكوو ئەراوخۆ نیاز و نیەتی بە ڕوونی ڕاگەیاندووە كە تا كۆتایی ماوەی گرێبەستەكەی لە یانەكە دەمێنێتەوە.
هەروەها یاریزانەكە، خواست و ئارەزووی خۆی بۆ مانەوەی لە یانەی بەرشلۆنە تا كاتی وازهێنان نەشاردووەتەوە، پێداگرە لەوەی لەگەڵ شارەكە هەستی تێكەڵ بووە و زۆر وابەستەی هاندەرانیشە، هەروەها بە شان و باڵی یانەكە و راهێنەریدا هەڵگوت، لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی فلیك، یانەكە زۆر بە باشی خۆی بۆ یارییەكان و ڕكەبەرییەكان ئامادە دەكات.
ئەراوخۆ پێشتر بۆ ماوەیەكی زۆر تووشی پێكان بوو، بەڵام ئەم وەرزە لە سەرەتاوە پابەندبوون و جۆشوخرۆشیی خۆی بۆ یانەكە دەربڕیوە.
لەگەڵ مانەوەی لە یانەی بەرشلۆنە، ئەو بەرگریكارە ئۆروگواییە، چاوی لەسەر ئەوەیە لەگەڵ یانەكەی، ببێتە پاڵەوانی ناسناوی جامی چامپیۆنس لیگ (جامە دووگوێیەكە) و دەیەوێ هەرچۆنێك بێ و بە هەر نرخێك بێ، رۆژێك لە رۆژان، ئەو ناسناوە بباتەوە و لەگەڵ كاپتنی یانەكە مارك ئەندریە تیر شتیگن، پێكەوە بەرزی بكەنەوە.
یانەی بەرشلۆنە و یاریزانانی، لەم ساڵانەی دواییدا، یادەوەریی تاڵیان لەسەر چامپیۆنس لیگ و دوورخرانەوەیان هەیە، لە سەروویانەوە وەرزی ڕابردوو لە نیوەی كۆتاییدا بەرانبەر ئینتەر میلان دوور خرانەوە.
ئەراوخۆ دووپاتی كردووەتەوە، كە تەما و هیواكانی تەنیا لە سنووری بردنەوەی پاڵەوانیەتییەكاندا كۆتاییان نایە، بەڵكوو دەیەوێ جێپەنجەی خۆی لە مێژووی بەرشلۆنەدا دابنێ، بە هەمان شێوە و ڕێگەی كارلێس پویۆلی ئەستێرە و ئەفسانەی یانەكە، كە لە سەروەختی ریكارد، گواردیۆلا و تیتۆ فیلانۆڤادا، ڕۆڵی گەورەی لە یانەكە گێڕا.
هەروەها خۆی بە ڕۆڵەی یانەكە دانا، سەرەڕای ئەوەی سەرەتای لە خولی وڵاتەكەی خۆی بوو، پێی وایە پێشكەوتنی ڕاستەقینەی ئەو لە بەرشلۆنە ئەتلەتیك بووە لەژێر سەرپەرشتیی راهێنەر گارسیا بیمێنتا، پێش ئەوەی خۆی لە تیپی یەكەمی یانەكە بسەلمێنێ.
هاری كین، ئەگەری گەڕانەوەی بۆ پرێمەر لیگ یەكلا كردەوە
هاری كین، یاریزانی ئینگلیزیی یانەی بایرن میونشن، لەبارەی داهاتووی خۆی لە ئەڵمانیا و دەستكەوتەكانی دوای گەیشتن بە 100 گۆڵ بە درێسی باڤاری، پەیڤی. دوای ئەوەی یانەكەی 4-0 گۆڵ لە یانەی ڤێردەر برێمەنی بردەوە و خۆیشی دوو گۆڵی كرد، هاری كین لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی بۆ پرێمەر لیگ، ڕایگەیاند: نا، لەم كاتەدا نا، من لێرە زۆر ئاسوودە و دڵخۆشم، دوو ساڵیش لە گرێبەستەكەم ماوە، لێرە چێژ دەبینم، گەڕانەوەم بۆ ئینگلتەرا لە بیركردنەوەمدا نییە، هیوام وایە لە بەدەستێنانی سەركەوتن، بەردەوام بین.
لەبارەی ئەگەری ئەوەی بایرن بۆ ئەو چەند گونجاوە بۆ بردنەوەی ناسناوەكان، ڕایگەیاند: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، ئێرە شوێنێكی نموونەییە بۆ ئەوە.
لەبارەی گەیشتن بە 100 گۆڵ لەگەڵ یانە ئەڵمانییەكە، ڕایگەیاند: ئەمە كارێكی شێتانەیە بۆ من، شكۆیەكی گەورەشە، كە لەگەڵ یانەیەكی گەورەی وەكوو میونشن دەگەم بەو ژمارە زۆرە گۆڵە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەوڵ و كۆششی یاریزانانی هاوڕێم و دەستەی هونەرییە، كە بەردەوام پاڵپشتمن. ناوازەیە بەم خێراییە بگەمە ئەم ژمارەیە، هیوام وایە 100 گۆڵی دیكەش تۆمار بكەم.
لەبارەی درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی، ڕایگەیاند: ئەمە دەكرێ دواتر گفتوگۆی لەسەر بكرێ، دوو ساڵ لە گرێبەستەكەم ماوە و پێویست بە نیگەرانی ناكا، پێم وایە ئەوان بە من دڵخۆش بن و منیش بەوان دڵخۆش بم.

