محمد لادێ – ههولێر
شوێنەوارناسان ئاسەرواری شارێکی دێرینیان لە شاری دهۆک دۆزییەوە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە پێنجهەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و شوێنەوارەکەش دوای کەمکردنی ئاستی ئاوی بەنداوی مووسڵ دەرکەوتووە.
بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی مووسڵ، لە سنووری ناحیەی خانکێ سەر بە پارێزگای دهۆک شوێنەواری شارێکی دێرین دۆزرایەوە کە بەپێی مەزەندەی پسپۆڕانی بواری شوێنەوار مێژووەکەی بۆ نزیکەی پێنجهەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دۆزینەوەی ئەو شارە مێژووییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بەڵام دوای دابەزینی ئاستی ئاوی مووسڵ چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەست بە هەڵکۆڵین کراوە و ئەوەی کە دەرکەوتووە شوێنەواری گۆڕستانێکە چەند گۆڕێکی تێدایە کە ژمارەیان چل گۆڕ بووە و دواتر دەگوازرێنەوە مۆزەخانەی تایبەت.
ڕاگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەو شوێنەی بەنداوی مووسڵی لێ دروست کراوە کە لە ساڵی ١٩٨٦ بە ئاو داپۆشرا، بەڵام ئەمساڵ دوای کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی ئاستی ئاوی بەنداوەکە، ئەو شوێنەوارە دەرکەوتووە.
بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک دەڵێت گۆڕستانەکە
هی سەردەمی هلسنتی (٣٠٠ پ.ز)ە و ئێستاکەش دەستکراوە بە کنەوپشکنینی شوێنەوارەکە ناوچەکەش بە گردی تەحسین لەگ لەگ ناسراوە، سەر بە شارەدێی خانکێیە لە شارۆچکەی سێمێل، لە نزیک گوندی خانکی کۆن.
ئاماژە بەوەش دەدەن، کنەوپشکنین بەردەوامە، پارچەکان دەبرێنە مۆزەخانە نیشتمانییەکەی دهۆک بەمەبەستی چاککردنەوە و توێژینەوە.

