رۆژنامەی ھەولێر

كۆبوونەوەی ئەردۆغان و ترەمپ كاردانەوەی گەورەی بەدوادا هات

كارزان گلی – هه‌ولێر

كۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەییب ئەردۆغان، دەنگدانەوەی زۆری لە توركیا و جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت لە توركیا رەخنەیەكی زۆری لێگیرا. كۆبونەوەكە گرنگییەكی زۆری بۆ هەردوو وڵات هەبوو، بەڵام ئەوەندەی بازرگانی بوو سیاسی نەبوو.

ترەمپ، لەبارەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئاماژەی دا، چوار ساڵ منیان دوور خستەوە، تلەوماوەیەی كە دوورخرابوومەوە، ئێمە لەگەڵ ئەردۆغاندا هەر هاوڕێ بووین و پەیوەندیماتن باش بووە.
زیاتر گوتی: ”كاتێك نەكرامەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، ساختەكاری لە هەڵبژاردندا كرابوو، ئەردۆغان لە هەموو كەس زیاتر دەزانێت هەڵبژاردنی ساختەكاری چۆنە.“
ئەم گوتەیەی ترەمپ دەنگدانەوەی گەورەی لە توركیا بەدوای خۆیدا هێنا، ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەڵێن، ترەمپ بە ئەردۆغانی گوتووە، تۆ لە هەڵبژاردندا باش ساختەكاری دەكەیت، بۆیە لێی تێدەگەیت، هەروەها باس لەوەش دەكەن، ترەمپ ویستویەتی لەبەردەم هەموو دونیا بە ئەردۆغان بڵێت سەرۆكێكی بە ساختەكاری هاتوویتەتە سەر كورسی.
ئەحمەد نەسین، كوڕی عەزیز نەسین نووسەری گەورەی توركیا، دەڵێت ئەو گوتەیەی ترەمپ دەیسەلمێنێت كە كۆبوونەوەی نێوانیان زیاتر بۆ سووكایەتیكردن بووە بە توركیا، هەربۆیە بە ئەردۆغان دەڵێت لە ساختەكاری باش دەزانیت.
بەڵام میدیاكانی سەر بە ئاكەپە، بەشێوەیەكی تر باسی كۆبوونەوەكە دەكەن و پێیانوایە باشترین كۆبوونەوە بووە لە مێژووی توركیا و ئەمریكا، چو
ونكە چەندین دەستكەوتی هەبووە، وەكوو رێككەوتنی وزە و كڕینی فڕۆكەی جەنگی F35.
لە كاتی كۆبوونەوەی ترەمپ و ئەردۆغاندا، ترەمپ كورسی بۆ ئەردۆغان دانا تا لەسەری دابنیشێت، ئەمەش نیشانەی گرنگیدانییەتی بە ئەردۆغان، بۆیە میدیاكانی سەر بە ئاكەپە ئەو وێنەیەیان بڵاوكردووەتەوە، لەگەڵ وێنەیەكی بولەنت ئەجەویت، كە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا چووەتە ئەمریكا و لەگەڵ بیل كلینتۆن سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا كۆبووەتەوە و لەوێدا كلینتۆن وەكوو سووكایەتی بە ئەجەویت، لەسەر روخی قەنەفەی كۆشكی سپی دانیشتووە و ئەجەویتیش بە پێوەیە و نووسیویانە جیاوازی ئەردۆغان و سەرۆكەكانی تر ئەمەیە.
رۆژئاوای كوردستان لە رۆژەڤدا نەبووە
ئەگەرچی چاوەكان لەسەر ئەوەبوون، هەردوو سەرۆك باس لە رۆژئاوای كوردستان بكەن، بەڵام باسیان نەكرد، تەنیا ترەمپ وەكوو ئاماژەیەك بۆ سەركەوتنی ئەردۆغان گوتی: ”ئەو توانی لە سووریا سەركەوتوو بێت و سەركەوتنی سووریا ئەردۆغان كردی“، بەڵام مەبەستی تەنیا ئەو خاكە بووە كە لەدەستی بەشار ئەسەد بووە، چوونكە رۆژئاوای كوردستان بەهیچ شێوەیەك نەكەوتە ژێر دەستی سوپاكەی ئەحمەد شەرع بەهاوكاری توركیا.
تۆم باراك، نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا، باسی لەوە كرد قۆناغی ئەوە دەستیپێكردووە كە هەسەدە بچێتە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا، بەڵام نازانرێت تێكەڵكردنەكە چۆنە و باراكیش باسی نەكرد؟ چوونكە هەسەدە دەڵێن، ئێمە دەچینە سەر وەزارەتی بەرگری، بەو مەرجەی خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن و ئەو سوپایە هەر بمێنێت و بەهیچ شێوەیەك فەرمان لە شەرع وەرنەگرن.
لە بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بۆ ٢٠٢٦، بودجەیەكی گەورە بۆ هەسەدە دانراوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە ئەمریكا نیازی نییە دەستبەرداری هەسەدە بێت و ئەو سوپایە بخاتە سەر وەزارەتی بەرگری بەو شێوەیەی توركیا دەیەوێت، بۆیە وەكوو ئەوەی شڕۆڤەكاران باسی دەكەن، تاكە رێگە ئەوەیە بە ئاشتی و دانووستاندن بگەنە رێككەوتن.