رۆژنامەی ھەولێر

ڤاتیكانی دووەم لە توركیا دەكرێتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

لە كۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەییب ئەردۆغاندا لە كۆشكی سپی، باس لە قوتابخانەی هەیبێ لیادەی روحانی كرا لە ئیستانبۆڵ، ترەمپ ئامادەیی نیشاندا بۆ هەموو هاوكارییەك بۆ كردنەوەی ئەو قوتابخانەیە ئایینییە.

ئەردۆغان لە كۆبوونەوەكەدا بە ئەرێنی باسی لەو قوتابخانەیە كرد و بەڵێنیدا هەموو كارێك دەكات تا ئەو قوتابخانەیە بكرێتەوە و پاڵپشتی تەواوی دەكات.
قوتابخانەی هەیبێلیادەی روحانی، كە قوتابخانەیەكە كەسایەتی سەر بە ئایینی مەسیحی دروست دەكات و پاشان بڕوانامە وەردەگرن و دەبن بە قەشە، نیو سەدەیە ئەو قوتابخانەیە لە یەكێك لە دوورگەكانی ئیستانبۆڵ داخراوە و ئامادەكاری دەكرێت بۆ كردنەوەی.
قوتابخانەی هەیبێلیادەی روحانی چییە؟
ئاژانسی (BBC) توركی لێكۆڵینەوەیەكی وردی لەسەر ئەو قوتابخانەیە كردووە، دەڵێت پیاوی ئایینی مەسیحی دروست دەكات و لە ١٨٤٤ەوە سەر بە پاتریاركی رومەكان بووە. لە سەردەمی عوسمانییەكان و كۆماری توركیادا گرنگی بەو قوتابخانەیە دراوە و پێداویستییەكانیان بۆ دابین كردووە.
لە سەروبەندی رێككەوتنی لۆزاندا، هەیبێلیادەی روحانی یەكێك بووە لەو مادانەی قسەی زۆری لەسەر كراوە لە لایەن توركیا و ئەو وڵاتانەی لە لۆزاندا رۆڵیان هەبووە، واتە لە لۆزاندا جێگیر كراوە دەبێت ئەو قوتابخانەیە گرنگی پێ بدرێت و دانەخرێت، بەڵام لە ١٩٧١ بەهۆی ریفۆرمی پەروەردەیی لە توركیا ئەو قوتابخانەیە داخراوە.
ئەم قوتابخانەیە بەردەوام بابەتی نێوان توركیا و یەكێتی ئەورووپا بووە، تەنانەت لە ١٩٩٠، یەكێك بووە لەو پرسانەی وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا كردبویانە مەرج بۆ توركیا كە ئەو قوتابخانەیە بكاتەوە ئەوكات گفتوگۆ لەبارەی ئەندامبوونی توركیا لەو یەكێتییەدا دەكەن.
ئەم قوتابخانەیە بەر فەرمانی سوڵتان عەبدوڵمەجید كراوەتەوە، بۆیە لاكی ڤینگاس، كەسایەتی ئایینی ئاماژە دەدات، هەموو كات بیریان دەچێت ئەمە قوتابخانە بووە، هەموو كات وەكوو كەرەستەیەكی سیاسی بەكاریان هێناوە.
لە ٢٠٢٤ كردنەوەی ئەو قوتابخانەیە لە توركیا هاتە بەرباس، رەجەب تەییب ئەردۆغان، لێدوانی بۆ میدیاكانی یۆناندا و گوتی بۆ بۆ كردنەوەی ئەو قوتابخانەیە كاری باش كراوە. هەروەها لە ٢٨ی ٥ی ٢٠٢٤، یوسف تەكین، وەزیری پەروەردەی توركیا سەردانی ئەو قوتابخانەیەی كرد و ئامادەیی نیشاندا بۆ كردنەوەی ئەو قوتابخانەیە.
لە ئەیلوولی ٢٠٢٤، پاتریارك بارتۆلۆمیۆ، پیاوی روحانی مەسیحییەكان لە توركیا گوتی: ”ئیدی ئێمە دڵنیاین قوتابخانەكەمان سەرلەنوێ دەكرێتەوە و خوێندنی تێدا دەبێت.“
پاتریارك لە لە ٢٦ی ١٢ی ٢٠٢٤ لە پێشتەپە سەردانی ئەردۆغانی كرد و باسیان لەو قوتابخانەیە كرد و پاشان سوپاسی ئەردۆغانی كرد بۆ كردنەوەی هەیبێلیادەی روحانی و هەروەها كارەكانی خێرا كردووە بۆ كردنەوەی ئەو قوتابخانەیە.
رەخنە لە كردنەوەی ئەو قوتابخانەیە دەگیرێت
كردنەوەی قوتابخانەی هەیبێلیادەی روحانی، بووەتە بابەتێكی گەرمی پارتە سیاسییەكانی توركیا، بەشێك لە سیاسییەكان رەخنە دەگرن و دەڵێن نابێت بكرێتەوە. بەشێكیان دەڵێن فشاری ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپایە و توركیایان ناچار بەكردنەوەی كردووە.
ئومید ئۆزاغ، سەرۆكی پارتی زەفەر لە توركیا، لە مانگی هەشتی ٢٠٢٤ رەخنەی لە كردنەوەی ئەو قوتابخانەیە گرت و گوتی ”ئەگەر ئەردۆغان هەنگاوی لەو شێوەیە بهاوێت، لە ناوەڕاستی ئیستانبۆڵ ڤاتیكانی دووەم دروست دەكات.“
محەممەد مەتینەر، پەرلەمانتاری پێشووی ئاكەپە، بەهەمان شێوە دژی كردنەوەی ئەو قوتابخانەیەیە و پێیوایە لە لۆزاندا ئاماژەی پێكراوە، دەبێت یۆنان رێز لە مافی موسڵمانە توركەكان بگرێت و نەیكردووە، بۆیە كردنەوەی هەیبێلیادەی روحانی بە باش نازانم و هەڵەیە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ماوەی ساڵێك دەبێت كاری نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكە دەستپێكردووە و لە ٢٠٢٦ ئامادە دەبێت بۆ كردنەوەی، بەڵام كاری یاسایی و چۆنییەتی كردنەوەی و بەستنەوەی بە وەزارەتی پەروەردە كاتی پێویستە.