سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی 28ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پیرۆزبایی لە سەلاحەدین بەهائەدین دەکات.
رۆژی 06-02-2022، 28ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکگرتووی ئیسلامییە بەو بۆنەوە بارەگای بارزانی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک بارزانیی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، “بەبۆنەی بیست و هەشتەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز و سەركردایەتی و سەرجەم كادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.”
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا سەرۆک بارزانی رایگەیاند، “بە پێزانینەوە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە درێژایی تەمەنی سیاسیی خۆی خاوەنی هەڵوێستی میانڕەو و بەرپرسانە بووە و لە زۆر وێستگەدا یارمەتیدەری تەبایی سیاسیی بووە. هیوادارم لە سایەی فرەیی و پڕۆسەی دیموكراسیی كوردستاندا برایەتی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان قووڵتر ببێت و هەموو لایەك لە خزمەت بەرژەوەندیی باڵاكانی گەلەكەماندا بین”.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی 1994 دامەزراوە و ئەمیندارەکەی سەلاحەدین محەممەد بەهائەدینە، کە لە ساڵی 1950 لە هەڵەبجە لەدایکبووە و لە ساڵی 1994 بە یەکەم سکرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردراوە.