ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لە نێو میدیایەكانی نێوخۆ و عەرەبی عێراقی لە 24 كاتژمێری رابردوو دوورخرانەوەی ستافی راهێنەرانی دهۆك و سكاڵایەكەی خیسۆس كاساس بووە بابەتی گەرمی میدیایەكان.
سلێمان رەمەزان گەڕایەوە راهێنەرایەتی دهۆك
دهۆک بەفەرمی بڕیاری دوورخستنەوەی سێرجیۆ فاریاس راهێنەری بەڕازیلی یانەکەی راگەیاند و سلێمان رەمەزان شوێنی دەگرێتەوە.
یانەی دهۆک بەفەرمی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی سێرجیۆ فاریاس راهێنەری بەڕازیلی بە رەزامەندیی هەردوولا راگەیاندووە و ئاشکرایکردووە، سلێمان رەمەزان شوێنی ئەو راهێنەرە بەڕازیلییە دەگرێتەوە، کە فاریاس تەنیا لە دوو یاری راهێنەرایەتی دهۆکی کرد و لە هەردوو یارییەکە بەرامبەر گەرمە و شوڕتە دۆڕا و لە هەردوو یارییەکە دهۆک نەیتوانی هیچ گۆڵێک تۆمار بکات.
سلێمان رەمەزان لە یاریی داهاتووی بەرامبەر کەرخ رۆژی شەممە یەکەم یاریی وەکو راهێنەری دهۆک دەکات، کە وەرزی رابردووش سلێمان رەمەزان لە کۆتایی وەرز ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی گرتە ئەستۆ و جامی عێراقی بۆ دهۆکییەکان بەدەستهێنا.
كاساس سكاڵایەكەی لە عێراق بردەوە
کاساس دوو ملیۆن دۆلاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بردەوە و دەبێت عێراق قەرەبووی ئەو راهێنەرە ئیسپانییە بکاتەوە.
سەرچاوەیەک لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، خیسوس کاساس راهێنەری ئیسپانی لە دادگای کاس سکاڵایەکەی لەسەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بردووەتەوە و دەبێت دوو ملیۆن دۆلار بەو راهێنەرە ئیسپانییە بدەین.
راهێنەرە 51 ساڵانەکە کە ئێستا راهێنەرایەتی هیچ یانە و هەڵبژاردەیەک ناکات، لە ساڵانی 2022 تاوەکو 2025 راهێنەرایەتی شێرەکانی رافیدەینی دەکرد و لە 33 یاری 20 بردنەوە و 4 یەکسانبوون و 9 دۆڕانی بەدەستهێنا، کۆتایی مانگی مارس دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر ئوردن لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی کاساسی دا و راهێنەرەکە بڕیاریدا بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانی پەنا بۆ دادگای کاس ببات.

