مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
یەكەم لێدوانی مێسی دوای بردنەوەی تۆپی زێڕین لەلایەن دێمبڵییەوە
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرژەنتینیی یانەی ئینتەر مەیامیی، پەیامێكی تایبەتی بۆ یاریزانی پێشووی یانەی بەرشلۆنە عوسمان دێمبڵی، نارد، دوای ئەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی بۆ ساڵی 20205 بردەوە.
عوسمان دێمبڵی، یاریزانی فەرەنسیی یانەی پاریس سان جێرمان، بەسەر لامین یامالی ئەستێرەی ئیسپانیی یانەی بەرشلۆنەدا سەركەوت و خەڵاتی تۆپی زێڕینی بۆ ساڵی 2025 (باشترین یاریزان) بردەوە، ئەوەش دوای ئەوە دێ، كە لە وەرزی ڕابردوودا، دێمبڵی توانی سێ ناسناو لەگەڵ پاریس سان جێرمان بباتەوە، كە گرنگترینیان ناسناوی چامپیۆنس لیگ بوو.
رۆژی دووشەممە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، خەڵاتی تۆپی زێڕینی باشترین یاریزانی جیهانی وەرگرت. دوای ئەو ئاستە باڵایەی لەگەڵ یانەكەی لە وەرزی ڕابردوو پێشكەشی كرد.
یانەی پاریس سان جێرمان، لە بەرئەنجامی وەرزی ڕابردوودا، ناسناوی خولی فەرەنسا و ناسناوی چامپیۆنس لیگی بۆ یەكەمجار لەمێژووی خۆیدا بردەوە، كە خەونێكی چەند ساڵەی بووە.
دێمبڵی، بە شێوەیەكی گشتی 35 گۆڵی تۆمار كرد و 16 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی دروست كرد.
مێسی، كە بۆ ماوەی چوار ساڵ یاریی لەگەڵ دێمبڵی كرد، لەسەر هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئینستاگرام) لەبارەی بردنەوەی ئەو خەڵاتەوە لەلایەن دێمبڵییەوە ڕایگەیاندووە: چەند گەورەی عوسمان، پیرۆزباییت لێ دەكەین، من زۆر خۆشحاڵم بۆ ئەوەی ئەو ناسناوەت بردووەتەوە، شایانیت.
دێمبڵی بەهۆی ئەو ڕێوڕەسمەوە نەیتوانی بەشداریی یاریی نێوان پاریس سان جێرمان و مارسیلیا بكا، كە یارییەكی دواخراوی خولی فەرەنسی بوو. هەروەها پێكانێكی سادەی هەیە و پێویستی بە چارەسەری زیاترە.
عوسمان دێمبڵی، هیوای وایە كە بۆ یاریی رۆژی شەممەی داهاتووی یانەكەی بەرانبەر ئۆكسێر، كە بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو بەڕێوە بچێ، ئامادە بێ و بەشداری بكات.
تۆرێس لە بردنەوەی باڵۆن دۆر لەلایەن دێمبڵییەوە تووڕەیە
فیران تۆرێس، هێرشبەری یانەی بەرشلۆنە، ناڕەزایی خۆی نەشاردەوە لە بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین لەلایەن عوسمان دێمبڵێ، یاریزانی فەرنسیی یانەی پاریس سان جێرمانەوە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، لە كاتێكدا ئێستە چاودێران و شارەزایانی وەرزش، لەبارەی بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین لەلایەن عوسمان دێمبڵییەوە دەدوێن، لەسەر حسابی لامین یامالی یاریزانی یانەی بەرشلۆنە.
بەڵام یاریزان فیران تۆرێس، یاریزانی یانەی بەرشلۆنە، لەو ریزبەندییە تووڕە و نیگەران و ناڕازییە، كە یاریزانی هاوڕێی پێدری لە كۆتایی خانەی ریزبەندییەكەیە.
پێدری لە خانەی 11ی ڕیزبەندی یاریزانان بۆ بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین هات، ئەوەش لە روانگەی فیران تۆرێسەوە جێی قبووڵ نەبوو.
تۆرێس پۆستێكی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئینستاگرام)، بڵاو كردەوە و ئاماژەی بە ریزبەندییەكەی پێدری دەدات و بە ئاماژەی هیوا و ناتێگەیشتن، چەند وێنەدەربڕینێكی داناوە.

