ماكوان عێزهت – هەولێر
لەرەلەری دەمارەکان، باوترین جۆری شپرزلێدانی دڵە؛ سەدا ١ بۆ ٢ـی خەڵکی تووشی دەبێت. زیاتر لەگەڵ تەمەندا پەیدا دەبێت.
نەخۆشییەکانی دڵ ساڵانە دەبێتە هۆی نزیکەی ١٢٠هەزار کپداگەڕان (جەڵتە)ی مێشک لە سەرانسەری جیهاندا. بە واتایەکی تر، لە هەر ٤ نەخۆشێکی کپداگەڕانی مێشک، یەكێکیان لە ئەنجامی کپداگەڕانی (جەڵتە)ی دڵەوەیە.
ئەگەر کێشەی کردنی چالاکییە ئاساییەکانی ڕۆژانەت هەیە و، بەردەوام هەست بە لاوازی یان ماندوویەتی دەکەیت، لەوانەیە ئەوە نیشانەیەک بێت بۆ ئەوەی دڵت بە باشی کار ناکات. لەرەی دەمارەکان حاڵەتێکە دەبێتە هۆی ترپەدڵی ناڕێک و پێویستی بە هەڵسەنگاندنی ورد هەیە پێش ئەوەی چارەسەری گونجاو دیاری بکرێت.
ئەگەر لێدانی دڵ خێرایە و ناڕێکە یاخود خاوە و ناڕێکە، د. شوان عوسمان ئەمین پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ ئەم حاڵەتەیە ڕوون دەكاتەوە و دەڵێت ئەم حاڵەتەی خێرایی یان ناڕێكییە لە ڕیتمی لێدانی دڵ ئەوا حاڵەتی تایبەتە بەو نەخۆشانەیەی کە تووشی نەخۆشی لەرزینی گوێچکەڵەیی ھاتوون.
ئەو حاڵەتە، نەخۆشییەکی باوە لە سەرانسەری جیهان، بە پێی دوایین ئامارەکان ساڵانە نزیکەی ٢.٧ملیۆن کەس تووشی ئەم حاڵەتە دێن و لە کوردستانی خۆیشمان بە شێوەیەکی بەرچاو ھەیە.
د. شوان عوسمان ڕوونی دەكاتەوە كە: لەرزینی گوێچکەڵەیی نەخۆشینێکە چیتر لێدانی دڵ و تەزووی کارەبای لە شوێنی سەرەکی خۆیان دەرناچن. واتا خانەکانی تایبەت بە ناردنی تەزووی کارەبا وەک سەرچاوەی سەرەکی کار ناکەن و بەشێکی تر لە خانەکان ئەم کارە دەکەن، بەمەش ناڕێکی لە ڕیتمی لێدانی دڵ دروست دەبێت و تەزووی کارەبا لە زۆر لاوە دەنێردرێن و، دڵ وەک پێویست ناتوانێ بە شێوەیەکی ئاسایی کرداری خاوبوونەوە و گرژبوونەوە بکات، ئەمەش وا دەکات نەخۆشەکە تووشی ترپەدڵی شپرز و ناڕێک ببێت و وەک دڵەکوتە ھەستی پێ دەکات.
هەندێ جار تووشبووی نەخۆشییەکە نیشانەکانی وەک تەنگەنەفەسی، سەرەسووڕە یاخود سینگەکوژە (ژانی سینگ) دەبێت. لەم حاڵەتەدا دڵ ڕەنگە بە ڕادەی ٣٠٠ ترپە (لێدان) لە خولەکێک یان زیاتر لێ بدات، بەمەش کرداری سووڕی خوێن وەک پێویست بۆ بەشەکانی لەش نانێردرێت.
دەربارەی ھۆکارەکانی لەرزینی گوێچکەڵەیی د. شوان عوسمان لە چەند خاڵێكدا دەیخاتە ڕوو؛ ئاماژەش بەوە دەكات كە وەک ھەر نەخۆشییەکی تر، بەشێکی زۆر لە ھۆکارەکان هێشتا نەزانراوەتەوە، بەڵام کۆمەڵێ فاکتەر ھەن دەبنە ھۆی تێکچوونی سیستەمی تەزووی کارەبای دڵ و ناڕێکی و نایەکسانی لە ترپە (لێدان)ـی دڵ؛ دیارترینیان:
1. نەخۆشیی خوێنبەرەکانی دڵ و نۆبەی دڵ.
2. نەخۆشیی دەمەوانەکانی دڵ.
3. فشارخوێنی بەرز.
4. نەخۆشییە زگماکییەکان و نەخۆشینی دەمەوانەکانی دڵ.
5. ئارەقخواردنەوەی زۆر و خواردنی دەرمانی وریاکەرەوە.
6. لە کەسانی بەتەمەندا، بەتایبەت دوای تەمەنی ٦٥ ساڵان، بەھۆی لەکارکەوتنی خانەکانی سەرچاوەی ناردنی تەزووی کارەبای دڵ.
د. شوان عوسمان چارەسەری لەرزینی گوێچکەڵەیی دەخاتە ڕوو و، دەڵێت: چارهسهركردنی ئهم نەخۆشییە، ڕێگە دەگرێت له تووشبوون به نۆبەی مێشك و كێشهی خوێنبهرهكان و نەمەیینی خوێن لە بەشەکانی دڵ.
دهبێ هۆكارە سهرهكییەکە چارهسهر بكرێت، لهگهڵ ئهو نیشانانهی كه نهخۆشهكه ههیهتی.
پزیشکی پسپۆر پێویستە دەرمانی ڕێکخەری ڕیتم و زۆری لێدانەکانی دڵ بدات بە نەخۆشەکە بە گوێرە باری تەندروستی و گونجانی، ھەروەھا دەبێ دەرمانی خوێنشلکەرەوە وەربگرن؛ چونکە ئەم ترپەی شپرز (لێدانی ناڕێک) وا دەکات خوێن لە بەشێکی دڵدا بمێنێتەوە و تۆپەڵ بێت، لەم حاڵەتەدا ئەگەری دەرچوونی ئەم تۆپەڵە خوێنە مەییوانە ھەیە بۆ خوێنبەرەکانی لەش بە تایبەت خوێنبەرەکانی مێشک کە ھۆکارن بۆ تووشبوون بە نۆبەی مێشک .
-پهڕاندن له ڕێگای تاڵهوه كهویکردن
یەکێکە لە ڕێگاکانی چارەسەرکردن، دهكرێت له ڕێگای سۆندهیهكی بچووك (تاڵ)ـێكهوه لە ژێر ڕینمایی وێنەی تیشکدا، ئهو شوێنانهی كه تهزووی كارهبای زیاد دهنێرن، بسووتێندرێت و کەوی بکرێت، بۆ ڕێگەگرتن له تێکچوونەوە و شپرزداگەڕانەوەی ترپەی دڵ.

