كارزان گلی – ههولێر
جەهەپە لە ٢٢هەمین كۆنگرەی نائاسایی خۆیدا، ئۆزگوور ئۆزەلی دووبارە وەكوو سەرۆك هەڵبژاردەوە، ئەم كۆنگرەیەش بۆ رێگەگرتن بوو لەوەی ئەگەر كۆنگرەی ئاسایی ٣٨ی جەهەپەش لەلایەن دادگاوە هەڵوەشێتەوە، نەتوانن ئۆزەل لە سەرۆكی پارت دوور بخەنەوە.
لە ٢٠٢٣، ئۆزەل وەكوو سەرۆكی جەهەپە هەڵبژێردرا لە شوێنی كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەڵام ئەوكات چەند ئەندامێكی كۆنگرە و نزیك لە كلیچدارئۆغڵو، داوای یاساییان تۆمار كرد و گوتیان ساختەكاری كراوە و دەبێت كۆنگرە هەڵوەشێتەوە، بۆیە لە ترسی بڕیاری دادگا، جەهەپە چووە ناو كۆنگرەی نائاسایی و ئۆزەلیان كردەوە بە سەرۆك، واتە ئەگەر دادگا بڕیاریش بدات كۆنگرەی ٣٨ هەڵوەشێنێتەوە، نەتوانن ئۆزەل دوور بخەنەوە.
ئەم كۆنگرەیە بەبێ ئەكرەم ئیمائۆغڵو ئەنجامدرا، ئەو سیاسییەی توانی لە دوو هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵدا بەسەر ركابەری ئاكەپە و مەهەپەدا سەركەوێت، بەڵام بەتۆمەتی گەندەڵی خراوەتە زیندانەوە و سزای زیاتر لە سێ ساڵی بەسەر سەپێنراوە.
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٨، بەڵام بەهۆی ئەوەی قەدەغەی سیاسەتی لەسەر جێبەجێ كرا، بۆیە دەبێت جەهەپە كەسێكی تر لە شوێنی بكاتە بەربژێر، بەڵام لە كۆنگرەدا باس لە هیچ كەسێك نەكرا بۆ شوێنگرەوەی ئیمامئۆغڵو. ئەوەی باس دەكرێت و میدیاكانی توركیا قسەی لەسەر دەكەن، مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانی ئەنكەرا و ئۆزەلە، واتە لەو دوو كەسایەتییە یەكێكیان دەبێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.
لە كۆی ١١٢٧ ئەندامی كۆنگرە ٩١٧ كەس دەنگی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكدا، لەو رێژەیە ٨٥٣ دەنگ قبوڵ كرا و ئەوانی پووچەڵكرانەوە و ئۆزەل توانی تەواوی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە بەدەست بهێنێت، واتە ٨٣٥ دەنگی هێنا و بوەوە بە سەرۆكی جەهەپە.
ئۆزەل لە وتارەكەیدا لە كۆنگرە گوتی: ”لەمێژووی پارتدا جگە لە كودەتایەكان، توانیمان رێ لە گەورەترین پەلامار بگرین، ئێمە توانیمان پیلانەكانیان تێكبشكێنین.“
مەبەستی ئۆزەل ئەو فشارە گەورەیەیە كە كراوەتە سەر جەهەپە لەرێگەی دادگاوە، تاوەكوو ئێستا زیاتر لە ١٠ شارەوانی سەر بە جەهەپە قەیوم كراوە و بەشێكی زۆری سەرۆك شارەوانییەكانیشیان خراوەتە زیندانەوە. جیا لەوەش ئاكەپە دەستی بەكڕینی سەرۆك شارەوانییەكانی جەهەپە كردووە و تاوەكوو ئێستا زیاتر لە ٥٠ شارەوانی سەر بە جەهەپە، چوونەتە ناو ئاكەپە و وازیان لە جەهەپە هێناوە، بۆیە ئۆزەل ئەوانی وەكوو خۆفرۆش ناو برد و گوتی، دەنگی جەهەپە لە ئێوە حەرام بێت و ئێوە بەدەنگی جەهەپە بوونە سەرۆك شارەوانی، كەچی دەنگەكانتان دایە پارتێكی تر.
لە كۆنگرەدا پەیامی ئیملمئۆغڵو خوێندرایەوە و لەوێدا هێرشی كردە سەر دەسەڵات و گوتی: ”ئەگەر زاڵم زوڵمی هەبێت، مەزڵوومیش كەسایەتی هەیە، دڵی هەیە و عەقڵ و ئەمێدی هەیە.“ لەناو هۆڵی كۆنگرەدا ئامادەبوان بەدەنگی بەرز دروشمیان دەوتەوە و پشتگیری خۆیان بۆ ئیمامئۆغڵو دەردەبڕی وەكوو سەرۆك ناویان دەهێنا.
لە كۆتاییدا ئۆزەل رووی دەمی لە پارتی دەسەڵات كرد و گوتی: ”تاقیكردنەوەی دیموكراسی لە سەركەوتندا نییە، لە دۆڕاندایە، پارتی دەسەڵات بۆ یەكەمجار بەرامبەرمان دۆڕاندی، بەڵام سەلماندی لە تاقیكردنەوەی دیموكراسی دەرنەچووە.“

