هەولێری پایتەخت لە ماوەیەکی زۆر کەمدا گەشەیەی بەرچاوی کردووە

یەکێک لە پێوەرەکانی ژیانێکی تەندروست بە تایبەتی بۆ شارە گەورەکان بریتییە لە بەرزبوونی رێژەی سەوزایی، لە هەولێری پایتەخت رێژەی ئەو سەوزاییە سەرووی ١٨٪ ە و حکوومەت لە هەوڵدایە لە رێژەی ستانداردی جیهانی نزیکی بکاتەوە.

وەک ئاشکرایە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی زۆر بە خێرایی گەشەی کرد و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە زیادیان کرد. گەڕەکەکان بە خێرایی بەرفراوان بوون و بە دەیان هەزار خانوو و یەکەی نیشتەجێبون و دەیان گەڕەکی نوێ بنیات نران. گەشەی ئاوەدانکردنەوە ئەوەندە خێرا بوو کە حکوومەت دەبوایە زۆر خێراتر لە جاران خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک رێگاوبان و ئاو و کارەبا بگەیەنێت. یەکێک لەو خزمەتگوزارییانە پارک و سەوزایی بوو.
لە نەخشەی ئاوەدانی و ماستەرپلانی هەولێر لە هەموو گەڕەکە نوێیەکان کە دامەزراون رووبەری گونجاوی خاک بۆ سەوزایی هێشتراوەتەوە بەڵام نەتوانراوە لە سەرجەم گەرەکەکان پارک بنیات بنرێت. بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان لە هەوڵدایە رێژەی ئەو سەوزاییە زیاد بکات.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێری سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە چەندین بەش پێكهاتووە، ئەركیان چاودێریكردن و پەرەپێدانی سەوزایییە کە لە پارك، باخچە، دوورگەی ناوەندی و دارستانی گەڕەكەكان، پێکدێت و بەردەوامیش كار بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی دەكات، هاوکات خاوێنكردنەوە و ڕێكخستنی ناوچە سەوزایییەكان لە ئەستۆی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیە.
جەلال ئەحمەد بەرزنجی گوتەبێژ و بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر بۆ هەولێر گوتی هەولێر خاوەنی ٢٢ پارکی گەورەیە کە بەسەر ناوچە جیاوازەکانی شادرا دابەش بووە و گەورەترینیان پارکی شەهید سامی عەبدولرەحمانە کە کەوتووەتە سەنتەری شارەکەوە. جگە لەو ٢٢ پارکە گەورەیە ٣٦٨ پارک و باخچەی بچووک و مامناوەند لە شوێنە گشتی و ناو گەڕەكەكان بنیات نراون.
ئەو دەڵیت “ئێستا رێژەی سەوزایی لە سنووری شارەوانی هەولێر لە سەنتەری شارەوە تاوەكو سنووری شەقامی ١٢٠ مەتری بریتییە لە ١٨.٣٪ کە ١٥.٣٪ی لەلایەن حكوومەتەوە دروست كراوە و چاودێری دەكرێت، ٣٪ یشی لە لایەن هاوڵاتیانەوە روێنراوە.”
حکوومەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی باخچەی گەڕەکەکان و پەرەپێدانی سەوزایی بەردەوام پێویستی بە نەمام هەیە کە پێشتر هاوردە دەکرا یان دەکڕدرا بەڵام ئێستا هەر بەرێوەبەرایەتییەکە خۆی خاوەنی سێ نەمامگەی تایبەتە کە نەمامەکان هەر لەو نەمامگانە دابین دەکات وساڵانە ژمارەیەكی زۆر گوڵ و نەمام و داری جۆراوجۆر بۆ ڕازاندنەوەی شاری هەولێر و پەرەپێدانی سەوزایی بەرهەم دەهێنێت.
ئەو روونی کردەوە بەپێی ستانداردی جیهانیی پێویستە رێژەی سەوزایی لە ٣٥٪ كەمتر نەبێت، هەرچەندە ئەو رێژەیە لە شارێك بۆ شارێكی دیکە و لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر بە پێی كەشوهەوای ناوچەكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
وەک زیاتر خستیەڕوو بەهۆی فراوانبوونی سنووری شاری هەولێر، بەرێوەبەرایەتییەكەیان سنووری كاركردنی فراوانتر بووە. بەشی شێوەكاری یەکێک لەو بەشانەیە كە لەناو پارك و دوورگە ناوەندییەكان ١٦٥ شێوەی جۆراوجۆریان هەیە كە لە دار و نەمام دروست كراونو لە لایەن بەشی شێوەكاری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەكە سەرپەرشتی دەكرێ، هەروەها ٣٢ شێوەی تازەشیان ئامادەیە بۆ دانان.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ئەندازەی پارکەکان، ژمارەیەکی زۆر پارچە زەوی بە ڕەگەز سەوزایی لە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری هەولێر هەن، کە پێویستیان بەوە هەیە بکرێن بە سەوزایی و ژمارەیان نزیکەی هەزار پارچە زەوی دەبێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە بکرێن بە پارکێکی تەواو و هەندێکیان تەنیا کراون بە دارستان.
بەشێک لەو پارچە زەویانەی کە بە ڕەگەز سەوزایین، لە لایەن بەشیک لە هاوڵاتیانەوە کراونەتە شوێنی فڕێدانی پاشماوەی زبڵ و پاسماوەی نۆژەنکردنەوەی خانوو و باڵەخانەکانیان، یان بەشێوەی زێدەڕۆیی باخچەیەک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و سەرپێچی بۆ تەنیا یەک ماڵ بەکار دەهێنرێ. بەگوتەی جەلال ئەحمەد هەرچەندە لێپێچینەوە و بەدواداچوونیش دەکرێ بۆیان بەڵام پێویستە هەموو هاووڵاتیان بە ماڵی خۆیانی بزانن.
ئەو لەبارەی ماستەر پلانی پشتینەی سەوز کە بە چوار دەورەی شاری هەولێرە، ئاماژەی دا هەموو دیزاینەکانی ئامادە کراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە پڕۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێویستە بگوترێ هەر لە شاری هەولێر ٦٤ دوورگەی ناوەندی هەیە، كە ئەو دوورگانە سیمایەكی جوانیان بە شەقام و ناوچە جیاوازەكانی شاری هەولێر داوە و كاریگەری زۆریشیان لەسەر ژینگەی شار هەبووە. هەروەها ٩٩ نافوورە لە شاری هەولێردا هەن كە دەكەونە ناو پارك و دوورگە ناوەندی و سەنتەری شار، بە بەردەوامیش دەشۆردرێن و نۆژەن دەكرێنەوە.

ھەواڵی زیاتر