زاگرۆس ئەحمەد کەمال
دکتۆر سالار ئازید ناوێکی دیارە لە ئاسمانی پڕ ئەستێرەی موزیک و ئاوازی کوردیدا؛ ئەو سەرەتا لە تیپی مۆسیقای چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر و بەپشتیوانی خوالێخۆشبوو دکتۆر جەلیل ئازیدی برای بەشداری خولی مۆسیقای مناڵانی چالاکی قوتابخانەکانی کرد.
خوالێخۆشبوو دکتۆر جەلیل ئازید یەکێک بوو لە ژەنیارەکانی سەردەمی زێڕینی تیپی هونەری هەولێر و تا کۆچی دوایی بەردەوام بوو لە خزمەتی هونەری کوردیدا؛ بەهەمان شێوە سالار ئازیدیش هەنگاوەکانی برا گەورەی گرتە بەر و دوای ئەوەی مامۆستا وریا ئەحمەد کە سەرپەرشتیاری تیپەکە بوو بە مایسترۆی تیپەکە هەڵیبژارد ئیدی رەوڕەوەی کاروانی موزیکی سالار ئازیدیش دەستی پێ کرد و بەردەوام بوو ئێستا وەک تاکە موزیسیۆنی کورد لە نێو تیپی کازم ساهیر و تیپەکانی کەنداو و ژەنیارانی موزیکی فیلمەکانی هۆلیۆد خۆی دەبینێتەوە و بەردەوامە لە خزمەتکردن؛ هەلمان بە دەرفەت زانی و بەرلەوەی بۆ بەشداری کۆنسێرتێک روو لە مەسقەت بکات بە پێویستمان زانی بەچەند پرسیارێک بەسەری کەینەوە.
پ/ ئێوە دوا چالاکیتان لەشاری جەدەی ووڵاتی سعودیە لە کۆنسێرتی خاتوو ئەحلام بوو دەکرێ لەو بارەوە بۆمان بدوێن؟
وەک دەزانن ئێستا لەئۆرکێسترای موزیکی وڵاتانی کەنداو کار دەکەم کە نزیکەی حەفتا میوزیسیۆنن و لە باشترین ژەنیارەکانی ئەو ناوچەیەن؛ بەندەش وەک تاکە کورد بەشدارم لەو تیپە و بۆ گۆرانیبێژەکانی وەک ئەسما منەوەر و عیباد جەهەر و ئەحلام و عەبدولمەجید عەبدوڵا و هی تریش کارەکان دەکەین و بەردەوامین لەگەڵیاندا؛ لە دوا کۆنسێرتیشدا کە بۆ خاتوو ئەحلام بوو لە شاری جەددە ژمارەیەک گۆرانی پێشکەش کران کە هەزاران کەس لە بینەرانی ئەو وڵاتانەی لێ بوو.
پ/ ئەی کارەکانتان لەگەڵ تیپی کازم ساهیر؟
وەک دەزانن لە ساڵی ٢٠١٢وە تا ئێستا لەگەڵ تیپی ئۆرکێسترای کازم ساهیر بەشداریمان لە هەموو ئاهەنگەکان لە سەرتاسەری دنیا هەبووە و بڕیارە رێکەوتی ٣ـی ئۆکتۆبەر کۆنسێرتی داهاتوومان لە مەسقەتی پایتەختی عوماندا بێ.
پ/ ئێوە سەرەتا لەگەڵ تیپی مناڵانی هەولێر دەستتان پێ کرد تا گەیشتنە ئەم قۆناغە؛ ئەم قۆناغەی کارکردنتان چۆن دەبینن؟
سالار: بێگومان هەر قۆناغە و کاریگەریی خۆی لەسەر ژیانی هونەریم هەبووە و مێژووێک بووە بۆمن کە مایەی شانازیە بەڵام ئێستا کارەکان لەتەک ژمارەیەک پسپۆری دیاریی مۆسیقای جیهانی عەرەبی دەتوانم بڵێم پرۆفیشناڵترە چونکە شێوازی کارکردن لەگەڵیان وردترەو لەئاستێکی بەرزدایەو هەر کۆنسێرتێک ساز دەکرێ هەزاران کەس ئامادەی دەبێ و دەبێ کارێکی تەواو پرۆفیشناڵ و لە ئاستێکی بەرزی میوزیک و داهێنان پێشکەش بکرێ.
پ/ بەم دواییانە چەند هەوڵێکت لە بەشداربوون بۆ فیلمی هۆڵیوود هەبوو؛ ئەمەیان چۆن بوو؟
سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ بوو لەگەڵ هونەرمەندی هۆڵەندی میشێل بەنەبیلا کاری تەلەفزیۆنیمان کرد؛ پاشان چوومە بەریتانیا لەگەڵ گروپێکی نۆ کەسی لە گروپی ئۆکسفۆرد مەقام کارمان دەکرد کەسانی بەریتانی و ئیرلەندی و یۆنانی و میسریش لە گروپەکەدا بوون؛ من تاکە کورد بووم و لەوێ موزیکی کۆنی گەلان بە موزیکی کوردیشەوە دەژەنران؛ ئەوەبوو ئەو گروپە بانگهێشت کرا لە فلیمی عەلادین بە چەند پارچە موزیکێک بەشداری ئەو فیلمە بکەین؛ هەروەها وەک ئەکتەریش رۆڵمان بینی کە پاڵەوانی فیلمەکە ئەکتەری بەناوبانگ وێڵد سمیس بوو. دوایی لە فیلمی ئەتێرناڵس لە پاڵەوانێتی ئەنجلینا جۆلی بەشداریمان هەبوو؛ هەوڵم دا چەند پارچە موزیکی کوردی لەو فیلمە بژەنم.
پ/ کاردانەوەی خەڵکی کاتێ موزیکی کوردی بە سۆلۆ پێشکەش دەکەی وەک ئەوەی لەگەڵ کازم ساهیر روویدا؟
لەو ئاهەنگانە هەر میوزیک ژەنێک سۆلۆی دەبێ بۆیە کاتێ داوام لێ کرا سۆلۆیەک لەسەر شانۆ بژەنم بیرم لەوە کردەوە پارچە مۆسیقای کاڤۆکێی نەمر حەسەن جزیری بژەنم، کە ریتم و مەقامەکەی لەو گۆرانیەی کازم ساهیر زۆر نزیک بوو؛ لە کوردستانی گەورەش زۆر بەناوبانگە بۆیە دوای ژەنینی کە پێویستیم بە ئامادەکردنێکی واش نەبوو کازم و هەموو ئامادەبووانیش زۆر لایان پەسەند بوو، دەنگی دایەوە.
پ/ ئەو بڕوانامانە چین تا ئێستا بەدەستت هێناون و شایانی باسن؟
وێڕای تەواوکردنی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا لە کۆتایی هەشتاکان هەروەها لە زانکۆی فۆنتیاس کۆنسێرڤاتواری تیل بۆرخ لە هۆڵەندا بەکالۆریۆسم تەواو کرد و دوو ساڵیش رابەری ئۆرکێسترام خوێند دواتر لە زانکۆی سەلاحەدین ماستەر و لە زانکۆی عەرەبی ئەمەریکی لە کەنەدا دکتۆرام وەدەست هێنا؛ دە ساڵ لە پەیمانگەی موزیکی هۆڵەندا مامۆستا بووم و لە چەندین ئۆرکیسترای جیهانی بەشدار بووم لە بەشی مۆسیقای کۆلیژی هونەرە جوانەکانیش مامۆستا بووم و لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندە بەناوبانگەکانی کورد پتر لە ٦٦ ئەلبومی سی دی گۆرانیبێژان وەک ژەنیارێک کارم کردووە و خاوەنی سێ دانە سی دی سۆلۆ و پازدە ڤیدیۆکلیپی دیارم لەم بوارە کە هەموویان بڵاو کراونەتەوە.
پ/ خوالێخۆشبوو دکتۆر جەلیل ئازیدی براتان چ رۆڵێکی لە پێگەیاندنی ئێوە هەبوو؟
لە ماڵی خۆمان تەنها ئەو موزیکژەن بوو بۆیە کاریگەری زۆری لەسەرم هەبوو بۆ یەکەمین جار منی بەرەو چالاکیی قوتابخانەکان برد و لەوێ لەگەل مامۆستایان وریا ئەحمەد و رەنجبەر خۆشناو دکتۆر جەلیل و کامران تەها و جەودەت شاکر و مامۆستایانی تر دەستمان پێکرد؛ هەروەها دکتۆر جەلیل ئامۆژگاریی زۆر دەکردم بەتایبەت لە ئامادەکردنی ماستەر و دکتۆرا لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی تر رۆڵی دیاری لە پێگەیاندنی هونەریمدا هەبوو، لەبیر ناکرێ.
پ/ ئەو هەوڵانە جۆن دەبینی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی موزیکی کوردی دەدرێ پێتان وایەکاڵای پڕ بەباڵا بن؟
دەبێ دامەزراوی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی موزیک و نۆتەکردن و ئەرشیفکردنی بکرێ تیپی ئۆرکێسترای تایبەتی لە بەردەستدا بێ؛ لەم بارەوە پشتیوانی لە حکومەتەوە گرنگە تاوەکو پردێک بێ لەنێوان کوردستان و جیهان و، بەشدارییەکی کارایان هەبێ.
پ/ پێتان وایە ئەو هونەرمەندە عەرەبانەی گۆرانیی کوردی دەڵێنەوە، چ سوودێک بە موزیکی کوردی دەگەیێنن؟
ئەوە تەنها بۆ زیادکردنی جەماوەری خۆیانە و پێم وا نیە بۆ هونەری کوردی هیچ قازانجێکی هەبێ؛ باشترە سەندیکای هونەرمەندان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی موزیک و ئابووریی هونەرمەندان کار و پرۆژەی باش بکەن.
پ/ ژەنین لە کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟
ئاستی ژەنین بەرەو دابەزین دەڕوا، لەبەر ئەوەی کۆلیژی هونەرە جوانەکان پتر بایەخ بە لایەنی تیۆری دەدات؛ دەبێ کۆنسێرڤاتوار لە کوردستان بکرێتەوە و گرنگی بە ژەنینی موزیک لە رووی تەکنیکەوە بدرێ و ئاستی ژەنین بەرز بکرێتەوە؛ بەداخەوە نەکراوە و هیوادارم لایەنە پەیوەندارەکان بیر لەو پرۆژەیە بکەنەوە و قوتابخانەی ژەنینی موزیک لە قۆناغی مناڵیەوە هەبێ مامۆستا و راهێنەری باشمان هەیە و دەکرێ لە دەرەوەش مامۆستای ئەو بوارە بانگ بکرێ.
پ/ پرۆژەیەکی هونەریتان لەبەردەست بوو چی لێ هات؟
پرۆژەیەکم لەبەردەستە بۆ موزیک بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی لای خۆم مایەوە؛ کەینێ ئامادەیی هەبوو دەکرێ بەباشترین شێوە جێبەجێ بکرێ.

