رۆژنامەی ھەولێر

لە یادی یۆبیلی زیوینیدا، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی ڕێزی لە ٢٥ نووسەر و شاعیر و وەرگێڕی کوردستان گرت

ئەمرۆ، لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و نووسەران و کەسایەتیی و ڕۆژنامەنووس و بەرپرسانی حزبی و حکوومی، لە ڕێوڕەسمێکدا و لە یادی یۆبیلی زیوینیدا دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی ڕێزی لە (٢٥) نووسەر و شاعیر و وەرگێڕی کوردستان گرت.

ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد) دەستی پێ کرد و پاشان گوتاری بەخێرهاتن لەلایەن کاروان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی خوێندرایەوە.
لە گوتەیەکدا، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک لەبارەی یادەکە گوتی: دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ٢٥ ساڵ لەمەوبەر ئەوکاتە کۆمەڵێک خەڵکی ڕووناکبیر، بیریان لە دامەزراندنی ئەم دەزگایە کردەوە و جەنابی سەرۆک بارزانی هەر زوو ڕەزامەندی نیشاندا و ئامۆژگاری کردین کە ئەم دەزگایە خەریکی کورد و کوردستان و کلتوور و کتێب بێ، بۆیە گەر سەیری هەموو بەرهەمەکانی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی بکەین، ئەبینین بێ جیاوازی هەمووانی لە خۆ کۆکردۆتەوە و کوردستانی پێ گرنگترین و کوردی پێ باڵاترینە.
هەروەها گوتی: ئەم دیدگا ڕۆشنەی سەرۆک بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆکردنەوەی جیاوازییەکان لە بواری کلتووردا، پێمان دەڵێ کە ئێمە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی ڕاست و دروستین و ئێستاش بە هەمان میتۆد و تێگەیشتن، پێویستمان بەم بیرکردنەوەیە هەیە بۆ ئەوەی بەشێک لە ئاریشە و گرفتەکان چارەسەر بکەین.
دواتر، دۆکیۆمێنتارییەک بە نێونیشانی (بیاڤێک بۆ قەڵەم و ژیان) کە خستنەڕووی مێژووی دامەزراندنی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی و وێستگەکانی کارکردنی دەزگاکەی لەخۆگرتبوو، پێشکەشی ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.
بڕگەی گرنگیی نێو ڕێوڕەسمەکە، ڕێزلێنان بوو لە (٢٥) نووسەر و وەرگێڕ و شاعیری کوردستان، کە ساڵانێکی درێژخایەنە لە بواری نووسیندا ناوی درەوشاوەن و بە پێنووسەکانیان، خزمەتی بەرچاویان بە بواری ڕۆشنبیریی کردووە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، دوو پانێڵ پێشکەشکران، پانێڵی یەکەم، د.شەهێن عەبدوڵڵا عەبدولکەریم بەڕێوەی برد، لەلایەن پ.د.ئیبراهیم حەمەڕەش و پ.د قەیس کاکل، پێکەوە باسیان لە کاریگەرییەکانی زیرەکیی دەستکرد لەسەر زمان کرد و چەندین دیدگا و سەرنجی زانستیان لەمبارەیەوە خستەڕوو.
پانێڵی دووەم، ناونیشانەکەی ڕۆڵی فەرهەنگ لە دەوڵەمەندکردنی زمان بوو، ئەم پانێڵە لەلایەن شەرمین وەلی بەڕێوەبردرا، تیاییدا ئاسۆ کەریم و د.هەرێم عوسمان، بە وردی تیشکیان خستە سەر گرنگییەکانی فەرهەنگ و کاریگەرییەکانی لە سەر زمان.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، سوپاسنامە بەخشرایە ستافی دێرینی نووسەرانی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی و هەروەها میوانانی هەردوو پانێڵ و بەڕێوەبەری پانێڵەکان.
لە کۆتاییدا، بە دەنگی هونەرمەندی ناودار و دەنگخۆش دانا عەبدولجەبار، گەشتێک بە نێو گۆرانی ڕەسەنی کوردیدا کرا.