عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
فێرگەی موزیسیانی ناسراو مامۆستا نامدار قەرەداغی، نوێترین كۆنسێرتی خۆیان لە شاری سلێمانی ساز کرد و گوێگرەکانیان بە چەندین گۆرانی دڵخۆش كرد.
لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، فێرگەی مامۆستا نامدار قەرەداغی كۆنسێرتێكی تایبەتیان پێشكەشی دانیشتوانی شاری سلێمانی كرد و چەندین گۆرانی فۆلكلۆریان پێشكەش كرد.
فێرگەی مامۆستا نامدار چەندین ساڵە لە شاری سلێمانی كراوەتەوە و ساڵانە چەندین منداڵ و گەنجی تەمەنە جیاوازەكان فێری موزیك دەكات، هاوكات چەند هونەرمەندێكی بەئەزموونیش لە فێرگەكەدان كە بوونەتە پاڵپشت بۆ فێرخوازە گەنجەكان.
هونەرمەند مامۆستا نامدار قەرەداغی بە (هەولێر)ی راگەیاند، كۆنسێرتی ئەمساڵیان زۆر جیاواز بوو لەبەرئەوەی شەش منداڵیان بە دانانی ئاواز و دابەشكردنی موزیك و رابەرایەتی كۆنسێرتەكە، بەشدارییان كردبوو، ئەم شەش منداڵە، هەیانە ساڵێكە لێرەن، هەشیانە چەند ساڵێكە لێرەن.
نامدار قەرەداغی ئاماژەی بەوە كرد، كە ئەوان هەوڵیان داوە فێرگەكە بكەنە ناوەندێكی هونەری و پەروەردەیی و خێزانی، چونكە هەموویان پێكەوە كار دەكەن تا بتوانن هەر لە منداڵییەوە ئەو منداڵانە لەسەر دابەشكردن و ئاواز رابهێنن.
ئامادەبووانی كۆنسێرتەكە كە بەشێكیان كەسوكاری منداڵەكان بوون دڵخۆشبوون بە بینینی منداڵەكانیان كە لەو ئاستەدان، لانە محەمەد، دایكی یەكێك لە منداڵەكان بوو كە چەند ساڵێكە كچەكەی لەو فێرگەیەیە و روونی كردەوە، كچەكەی لە تەمەنێكی زووەوە حەزی بە ئامێری موزیكی گیتار بووە، بۆیە چەند ساڵێكە لەو فێرگەیە سەرقاڵی فێربوونی ئامێری گیتارە و ئێستا بەشێوەیەكی زۆر باش شارەزایی تێدا پەیدا كردووە.
لانە وتی “ئەم فێرگەیە یەكێكە لە باشترین ناوەندە هونەرییەكان كە زۆر بە باشی منداڵەكانمان لەسەر فێركردنی ئامێرەكانی موزیك رادەهێنێت بەتایبەتیش مامۆستا نامدار، جگە لەوەش هەموومان وەك خێزانێك لەم ناوەندە مامەڵە دەكەین”.

