قەهار شێخانی
كە تۆ بەیانیان بێرەدا دەڕۆی
من لە دوای تۆ هەمیشە نامۆم
وەكو پەیكەرێ ئەوەستم لێرە
هەتا دێیتەوە هەرچاوەڕێی تۆم
* * *
كاتێ لە دوور ڕا بەدەر دەكەوێ
چەشنی گوڵی سیس دەگەشێمەوە
ئەو نەرمە ( با )یەی لە زوڵفت ئەدا
منیش بەو ( با )یە دەلەرێمەوە
* * *
تاكو دەگەیتە بەردەم ژوورەكەت
دڵ سەرشێتانە جێ پێت هەڵدەگری
هاوارو ناڵە و گریانی منە
ئەو گۆرانیەی كە گوێی لێ دەگری
* * *
ئەو ئاوێنەیەی كە چەندین ساڵە
لە ژوورەكەی تۆیان داناوە
ئەوە پارچەیەك ئاوێنەی دڵمە
گوڵم بە دیاری بۆ تۆم هێناوە
* * *
لەگەڵ شانەیەك ڕۆژێ چەندین جار
بە جوانترین شێوە قژت دادێنێ
خۆ ئەوە هەر (دە) پەنجەی دەستمە
بەڵام خۆی وەكو شانە دەنوێنێ

