رۆژنامەی ھەولێر

بەربژێربوونەوەی ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم دێتەوە بەرباس

كارزان گلی – هه‌ولێر

بەربژێربوونەوەی رەجەب تەییب ئەردۆغان، بۆ جاری سێیەم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا هاتووەتەوە بەرباس و قسەی جیدی لەسەر دەكرێت. ئاكەپە لەرێگەی كەسایەتییە یاساییەكانی خۆیان، ئامادەكاری دەكەن تا بتوانن دەرچەیەكی یاسایی بدۆزنەوە بۆ بەربژێربوونەوەی ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٨دا.

بەگوێرەی دەستووری توركیا، هەر كەسێك بۆی هەیە دووجار سەركۆماری توركیا بێت، ئەردۆغان بۆ دوو خولە لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا سەركۆماری توركیایە، بەمەش بۆی نییە بۆ خولی داهاتووی سەرۆكایەتی خۆی بەربژێر بكاتەوە، بەڵام ئاكەپە كۆڵ نادات و دەیەوێت دەرچەیەكی یاسایی بۆ بدۆزێتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی توركیا لە سەرچاوەكانی ئاكەپە دەستیان كەوتووە، ئاكەپە بیر لە یەك رێگە دەكاتەوە بۆ ئەوەی ئەردۆغان ببێتەوە بەبەربژێر، ئەویش هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی توركیایە.
بەگوێرەی دەستووری توركیا بێت، هەموو كەسێك بۆی هەیە دوو خول سەركۆمار بێت و بۆ جاری سێیەم ئەو شانسەی نییە خۆی بەربژێر بكاتەوە، بەڵام ئەگەر بێت و لە خولی دووەمدا سەرۆك بەر لەوادەی هاتنی هەڵبژاردنی ئاسایی، پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، ئەوكات خولی دووەمی بۆ هەژمار ناكرێت و دەتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێر، ئاكەپە و مەهەپە، دەیانەوێت لەو رێگەیەوە بتوانن ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم بكەنەوە بەبەربژێر.
بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، لە كۆی ٦٠٠ كورسی پێویست دەكات ئاكەپە و مەهەپە ٣٦٠ دەنگ بەدەست بهێنن، بەڵام دەنگی هەردوو پارت ٣٢٤ كورسییە و ئەگەر كورسییەكانی پارتی یەرلەنوێ رەفاح و ئاییندە و دەواشی بخەیتە سەر، دەگاتە ٣٤٠ كورسی، بۆیە دەنگی پێویستیان نابێت بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان.
شارەزایانی بواری سیاسی لە توركیا پێیانوایە، تاكە رێگە بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی توركیا، لە دەرگادانی دەم پارتییە، كە خاوەنی ٥٦ كورسی پەرلەمانە، واتە تەنیا دەم پارتی فریای ئەردۆغان دەكەوێت تا بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێر.
چەند سەرچاوەیەكی ناو دەم پارتی ئاشكرایان كردووە، دەم پارتی لەم قۆناغەدا بەهیچ شێوەیەك نایەوێت باس لە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بكرێت لە بەرژەوەندی ئەردۆغان.
پێشتر چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسی رایانگەیاندبوو، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، بەڕوونی بە دەم پارتی گوتووە، پێویستە لەسێبارە بەربژێربوونەوەی ئەردۆغان رۆڵی باشتان هەبێت و دەنگی بۆ بدەن.
هەر چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە، ئۆجەلان بە شاندی دەم پارتی گوتووە، هەركێ دەبێتە سەركۆماری توركیا كێشە نییە، دەبێت كورد باس لە پرسە گەنگەكان بكات نەك كێ دەبێتە سەرۆكی توركیا.
هەروەها ئۆجەلان گوتویەتی: ”سەلاحەدین دەمیرتاش، زۆر هەڵەی كرد كاتێك لەناو پەرلەمانی توركیا رەخنەی لە ئەردۆغان گرت و گوتی ناتكەین بە سەرۆك، چونكە سیاسەت لەسەر كەسایەتی ناكرێت، دەبێت بەدوای ستراتیژدا بكەوێت.“
بەگوێرەی ئەم گوتانەی ئۆجەلان بێت، فشار دەكاتە سەر دەم پارتی تا لەناو پەرلەمانی توركیا دەنگ بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بدەن، دەوڵەت باخچەلیش بۆ ئەم فشارە رۆڵی هەیە و پەیامی بۆ ئۆجەلان دەبێت، بەڵام میدیاكان باسی ناكەن.
توركیا لە ٢٠٢٨ دەچێتە ناو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی، ئۆپۆزسیۆنی توركیا ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی لەكارلادراوی شارەوانی ئیستانبۆڵی بەربژێر كردووە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی، بەڵام بەهۆی ئەوەی دادگا بڕوانامەی ئیمامئۆغڵوی هەڵوەشاندەوە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت لە بەربژێری دوور بخرێتەوە.