رۆژنامەی ھەولێر

بارزانیی نەمر: “کاری سیاسی سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر لە خزمەت و بەرژەوەندیی جەماوەر نەبێت”

وەرگێران و ئامادەکردنی: شێرکۆ حەبیب

لە بارەگای فەرماندەییەکەی لە (ناوپردان، ناوبەردان)، ناو بە کوردی بە واتای “نێوان” دێت، پردان بە واتای دوو پردە دێت، ناو پردانیش بە واتای نێوان ئەو دوو پرد دێت، کۆپتەرەکە منی تێدابوو لە ناوەڕاستی کێلگەیەکی بچووکدا لە نێو چیاکانی گەڵاڵە نیشتەوە کە لە فڕۆکەخانە دەچێت منی دابەزاند، دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی 11ی ئادار لەلایەن کوردەکانەوە دروستکراوە.

لە لایەن محمد عەزیزەوە پێشوازیم لێکرا کە بەرپرسی بەڕێوەبردنی نووسینگەی ئەنجوومەی جێبەجێکردنی بارەگای بارزانییە، لەگەڵی بە ئۆتۆمۆبێلێکی جۆری جێبی بچووک و چەکدار دوای پێنچ خولەک گەیشتینە بارەگای سەرکردایەتی.
بارەگای سەرکردایەتی بریتیە لە خانوویەکی بچووکی یەک نهۆم لە چوار ژوور پێکهاتووە، ژووری یەکەم و سەرەکی کە گفتوگۆکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مەلا مستەفا بارزانی و نێوان حزبی بەعسی عێراقی بەسەرۆکایەتی سەددام حسێن جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی عێراقی، لەو ژوورە کە گرنگترین گفتوگۆکان دوا ساتەکانی ماوەی سێ مانگ لێ ئەنجامدرا کە ڕێککەوتنەکەی ١١ ئاداری لێ واژوو کرا، ژوورەکە ڕووبەرەکەی بچووکە ٢،٥مەتر بە ٢،٥مەتر، دیوارەکانیشی بە کاغەزی نایلۆن داپۆشراوە، چەند کورسییەکی دار و دوو مێزی بچووک، هەروەک خانوویەکی لادێی، وەک ماڵی گەورەی پاسەوانەکان یا عومدە (مختار) لە لادێکانی میسر، لە دەوری بارەگا نزیکەی ٢٠ ماڵی دیکە بەدی دەکەیت، بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کورستان.
دوای گەشتێکی بەپەلە بەناو بارەگای بارزانیدا، چوومە دەرەوە بۆ ئەوەی سەیری ئەو دیمەنە دڵ رفێن و ناوازەیەی دەوروبەری بارەگاکە بکەم، ئەو سولاوکانەی کە لە نێوان ئەو شاخانەدا دەڕژێن کە لوتکەکانیان بە بەفر و لێوارەکانیان بە سەوزایی داپۆشراوە.
پێشمەرگە لە ناکاو لە هەموو شوێنەکان پەیدا بوون، هەروەک بڵێی شاخەکان قەڵیشانەوە و هاتنە دەرەوە، لە چوار دەورەمان ڕاوەستان بە جلوبەرگی پانتۆڵێکی تەقلیدی درێژ و پان و کراسێکی بێجی عەمامەیەکی گەورە بە سەر سەریان پێچراوەتەوە و چەکی جۆراوجۆر لە کەمەر و سەرووی پشتیانەوە، لەسەر پشتیان، تۆپێکی خێرا تەقەکردن و لە دەوری کەمەریان، پشتێنێکی پڕ لە فیشەک و تەقەمەنی و دەمانچە و چەقۆ و جۆرەکانی تری چەکی بچووک و چەکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.
دوای چارەکە کاتژمێرێک کاک حبیب عزیز کە سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ( دەبێ مەبەستی خوالێیخۆشبێت حەبیب محەمەد کەریم بێت – وەرگێر)، لەگەڵ موحسن دزەیی کە وەزیری کاروباری باکوور بوو لە ماوەی نێوان ١٧-٣٠/تەمووز ساڵی ١٩٥٨ تەنیا بۆ ماوەی ١٣ رۆژ دوای دەستی لە کار کێشایەوە بەهۆی تێکچوونی هەڵوێست لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتی ئەوکاتی عێراق.
دوا بەداوی ئەوان دکتۆر مەحمود عوسمان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و پزیشکی تایبەتی سەرکردە مەلا مستەفا و لەکەسە نزیکەکان، سەرۆکی شاندی دانوستاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو ئامادە بوو، کە دواتر سەردانی بەغدای کردەوە لە دوای واژوو کردنی ڕێککەوتنامەی ١١ی ئادار، بۆ رێککەوتن لەسەر شیوازی جێبەجێکردنی.
سەرجەم ئەندامانی مەکتەب سیاسی پارتی و ئەندامانی مەکتەب تەنفیزی بارەگای بارزانی ئامادە بوون، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کەوا گەیشتنی بارزانی نزیکە، هەموومان لە چاوەڕوانی دابووین دوای کاتژمیرێک پێشمەرگەیەکی پاسەوان هات چرپەیەکی بەگوێ کاکە حەبیب دا، دواتر سکرتێری پارتی گوتی بارزانی لە رێگایە بۆ لامان.

گەیشتنی بارزانی

دوای دوو کاتژمێر ماشێنەکەی بارزانی گەیشت، لاندرۆڤەرێکی قەبارە گەورە، سەرکردە بارزانی دابەزی و وەک کەسێکی جدی و خاوەن ئیرادە و دەموچاوێکی پڕ و کەسێکی بەخۆوە بۆ ئێمە دەرکەوت. پۆشاکی پێشمەرگەی پۆشیوە بەڵام بە گۆڕانگاریەکی کەم لە ڕەنگ و جۆری جەمانەکەی و شەڕواڵەکەی، خەنجەرێکی گەورە لە ناو قەدی، لە ماشێنەکە دابەزی و ئیدریسی کوڕی (٢٦ ساڵ) لە دوای بوو.
مەلا مستەفا بارزانی بەگەرمی سڵاوی لە هەمووان کرد و بە ڕووخۆشی پێشوازی لە ئێمە کرد، وەڵامی پیرۆزبایی ئێمەی دایەوە بەبۆنەی بڕیاری ئاشتی لە عێراق.

بۆچی ئەو جەنجاڵییە؟

لە ناو بارەگای فەرماندەیی بەرەو ژووری واژۆکردنی دانوستانەکان ڕۆیشت و ئێمە لە دەوری دانیشتین. سەرەتا دەرفەتی ئەوەی پێ نەداین پرسیاری لێ بکەین، بەڵام بە زیرەکی سەرسوڕهێنەر و خێرایی و دەنگێکی کەمێک بەرز دەستپێشخەری کرد، گوتی ئەو دەنگە دەنگ و قەڵەبالغییە چییە؟ بارزانی درێژەی بە وتەکانی دا و گوتی “من سیاسەتمەدار نیم، ئاشتی لە پێناو بەرژەوەندی میللەت بریاری لێدرا و من بەشێکم لەم میللەتە پێویستە پیرۆزبایی لە میللەتی عێراق بکەن بۆ بەکۆتا هێنانی فتنە و چەسپاندنی ئاشتی، چونکە ئاشتی بەخششێکی خودایە، ئێمە خوازیاری خۆشین بۆ هەموو لایەک” وتەکانی بە ئایەتێکی قورئان کۆتایی پێ هێنا (منا خلقناکم و فیها نعیدکم ومنها نخرجکم تارە اخری).

زیرەکییەکی کەم وێنە

دواتر پرسیارەکان لە هەموو لایەک ئاراستەی کران، لە وەڵامەکانی ئەو سەرکردە کوردە دەرکەوت کە زیرەکێکی کەم وێنەیە، هەروەها دەرکەوت سیاسەتمەدارێکی پلە یەک و دانوستانکاری لێهاتووە و لە هیچ وەڵامێک و پەیوەندییەکدا گیرۆدە نابێت، بەڵکو بەرامبەرەکەی دەخاتە حاڵەتی سەرسوورمان.ئەمەش چەندین بەڵگە.
پرسیار: ئایا لە کۆنگرەی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئایندە گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنی ئاشتی لە عێراق دەکەن؟
بارزانی: ڕێککەوتنەکە ئەنجوومەنی جێبەجێ کار ، مەکتەبی سیاسی ڕەزامەند بوون لەسەری، هەڵبەتە گۆنگرە ڕەزامەند دەبێت، چونکە ئەو ڕێککەتنامەیە لە بەرژەوەندی سەرجەم میللەتی عێراقە بە عەرەب و کوردەوە.
پرسیار:ئایا جێگری کوردی سەرۆک کۆماری عێراقتان دیاری کردووە؟
بارزانی: مەعلوم نییە، و زۆر پێکەنی.
پرسیار: ڕات چییە لەسەر یەکگرتنی عەرەب؟
بارزانی: ئێمە بەشێکین لە عێراق بە عەرەب و کوردەوە، ئەگەر سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی بڕیاری یەکگرتیان دا ئێمە لەگەڵیانین، (انما المومنون اخوە).
پرسیار: ئایا سەردانی بەغدا دەکەن (بارزانی لەساڵی ١٩٦١ لەگەڵ کوردەکان لە چیاکان دەژیەت، و رەتی کردەوە بچێتە بەغدا؟
بارزانی: مەعلوم نییە.
پرسیار: ئایا سەردانی وڵاتانی عەرەبی دەکەی بەبۆنەی ڕێککەوتنی ئاشتی؟
بارزانی: مەعلوم نییە، و سەردانیم بۆ وڵاتانی عەرەبی ئەوە پابەند نییە و ئەرکی من نییە چونکە ئەمە کاری سەرەکی سەرۆکەکانە.
پرسیار: ناخۆشترین هەڵوێست چی بوو ڕووبەڕووت بۆتەوە لە میانەی ژیانی خەبات و تێکۆشانت؟
بارزانی: هەموو شەڕانگێزییەک وەک شەرمەزاری دەمێنێتەوە، بەڵام خێر و ئاشتی بۆ هەموومانە.

سەرکردایەتی ڕەها

بارزانی لە کاتێکدا وەک سیاسەتمەدارێکی لێهاتووی دانوستاندن و مانۆڕ دەردەکەوێ، وەڵامەکانی سیفەتێکی دیکە پشتڕاست دەکەنەوە، ئەویش سەرکردایەتی ڕەها و ئازایەتی و پتەویی و کەسایەتی لە سەرکردایەتیکردنی کورد و هێزی پێشمەرگەدا.
پرسیار: هەڵوێستت چییە لەسەر ئەو گروپە کوردانەی کە چەکیان لە دژی بزووتنەوەی کورد هەڵگرت؟
دەنگی بەرزدەکاتەوە، و بەشێوەیەکی توند دەڵێ “بڕیاری لێ خۆش بوونمان بۆ دەرکردن چونکە فریو دراون”
لە درێژەی وتەکانی گوتی” کاری سیاسی هەردەم سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر لە خزمەت و بەرژەوەندی جەماوەر نەبێت، و من ئامادەم بۆ خزمەتی بۆ بەرژەوەندی گشتی بەگوێرەی توانام، و هەر لە هەر شوێنێک کارم پێ ڕاسپێرن ئامادەم بۆ بەرژەوەندی میللەتەکەم، من بەندەی خودام هەر ئەو گەورە و دابینکەری ئێمەیە”
بەڵام چۆن بارزانی توانی کەوا پارێزگاری لە سی ساڵەی سەرکردایەتی کورد بکات، ئەوە بە بۆ چوونی من دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی(هەندێک لەو هۆکارانە):
– ئازایەتی بارزانی سەرچاوەی سەرکردایەتیە، ئەو لە دیدی دواکەوتوانی ئەفسانەیە، و هێزێکی نەدۆڕاوە. لەهەر کوردێک دەپرسی باسی ئازایەتی و قارەمانیەتی بارزانی دەکات، باسی ساڵی بەشدارکردنی لە کۆماری مهاباد، هەروەها ڕێپیوانەکەی بۆ یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ ٥٠٠ لە هەڤاڵەکانی.
شارەزایی بارزانی بەناوچە کوردییەکانی عێراق، ئێران، و تورکیا، و شارەزای بست بست لە خاکی ئەو ناوچانە هۆکاری ئەوە بوون هێزێکی پێشمەرگەی ٢١ هەزار کەسی لە کەسانی جەنگاوەری ئازا دابمەزرێنێ، هەروەها سادەیی بارزانی و دووری لە ژیانی کۆشک و ئیسرافی سەڕەرای دەسەڵاتی رەهای، و پۆشینی هەمان پۆشاکی پێشمەرگە و بەسەرکردنەوەیان ئەمەش وایکردوە سەرکرادیەتی کردنەکەی کەم وێنە بێت.

تایبەت بە ڕۆژنامەی هەولێر