کەمتر لە دوو مانگی ماوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەنگاوەکانی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکە چڕ کردووەتەوە و دوێنێ کۆمسیۆنەکە لیستی ناوی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدانی ئاشکرا کرد و بڕیارە زیاتر لە هەشتسەد و بیست و سێ هەزار کارمەند بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی یازدەی تشرینی دووەم بەڕێوە ببەن.
سلێمان تاشان – ههولێر
بەپێی لیستەکە هەشتسەد و بیست و سێ هەزار و سەد و هەشتا و حەوت کەس وەک کارمەندی سەر سندووقەکان وەرگیراون، کە زیاتر لە سەد و حەفتا و حەوت هەزاریان لە هەرێمی کوردستانن. بەگشتی پێنجسەد و پەنجا و یەک هەزاریان لە ڕەگەزی نێر و دووسەد و حەفتا و دوو هەزاریان لە ڕەگەزی مێن.
لەو سەد و حەفتا و حەوت هەزار و پێنجسەد و پەنجا و پێنج کەسەی لە هەرێمی کوردستان وەک کارمەندی کۆمسیۆنەکە وەرگیراون سەرووی چل و دوو هەزاریان لە هەولێر چل و سێ هەزاریان لە سلێمانی و هەڵەبجە و نزیکەی سی و دوو هەزاریان لە دهۆکن. لە کەرکووک چل و شەش هەزار و لە نەینەوا حەفتا و نۆ هەزار کەس وەرگیراون کە ناوەکانیان بڵاو کراونەتەوە.
زیاتر لە نیوەی لیستی کارمەندانی کۆمسیۆنی ئەم خولەی هەڵبژاردن لە فەرمانبەرانی حکوومی و ئەوانی تر دەرچووانی زانکۆ و خوێنکار و قوتابین.
هەر بەپێی ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەم خولەدا بیست و یەک ملیۆن و چوارسەد و چوار هەزار و دووسەد و نەوەد و یەک کەس لە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان مافی ئەوەیان هەیە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن. لەو ژمارەیە سەرووی یەک ملیۆن و سێسەد و سێزدە هەزار کەس دەنگدەری تایبەتن، ژمارەی دەنگدەری ئاوارە بیست و شەش هەزار و پێنجسەد و سی و هەشت کەسن.
ئامادەکاری بۆ دانانی بنکە و وێستگەکانی دەنگدانیش کراوە و لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق هەشت هەزار و حەوتسەد و سێ بنکەی دەنگدانی گشتی و هەشتسەد و نۆ بنکەی دەنگدانی تایبەتی دەستنیشان کراون، هاوکات ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی سی و نۆ هەزار و دووسەد و هەشتا و پێنج دانە و ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت چوار هەزار و پێنجسەد و یەک دانەن. ئاوارەکانیش لە نەوەد و حەوت بنکە و سێسەد و بیست و یەک وێستگە دەنگەکانی خۆیان دەخەنە سندووقی دەنگدانەوە.
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی عێراق پێشبڕکێ بۆ دەستنیشانکردنی سێسەد و بیست و نۆ نوێنەر دەکرێت کە لەو ژمارەیە نۆ نوێنەریان لە کۆتاکانن. سەرووی هەشت هەزار کەس لە لیست و حزب و قەوارە جیاوازەکانی عێراق خۆیان پاڵاوتووە.
عێراق لە کاتێکدا هەڵبژاردن بەرێوە دەبات کە دۆخێکی نوێی ناوچەیی و جیهانی هاتووەتە کایەوە و خەڵکی عێراق دەخوازن حکوومەت و پەرلەمانێکیان هەبێت بەرگری لە مافەکانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بە سەرجەم پێکهاتەکانی بکات.
هەڵبژاردنی ڕابردووی عێراق هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو بەڵام هەرگیز ویست و داخوازیی خۆپێشاندەرانی تشرین بەدی نەهات کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ساڵی ٢٠١٩ شەقامەکانی عێراقیان کۆنترۆڵ کردبوو، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سەرهەڵدانی دۆخێکی نوێی سیاسی و تەناهی، هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە ١١ی تشرینی دووەم، بە هەڵبژاردنێکی گرنگ دادەنرێت.
لە هەڵبژاردنی ڕابردوو بۆ یەکەم جار لە مێژووی فیدراڵی ئەو لایەنانە دۆڕان کە چوار خولی لەدوای یەک بوو دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو، دوای هەڵبژاردنی ٢٠٢١ دۆخی سیاسیی عێراق بەشێوەیەک ئاڵۆز بوو کە دواجار هەر ئەو لایەنانەی دۆڕابوون حکوومەتیان پێکهێنا بەڵام دیار نییە ئەم خولەی هەڵبژاردن ئەم لایەنانە لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە یان بە کەسانی تری دەسپێرن.

