كارزان گلی – ههولێر
ماوەیەكە میدیاكانی توركیا باس لەوە دەكەن، چارەنووسی ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی (جەهەپە) وەكوو سەلاحەدین دەمیرتاش دەبێت، چونكە ئەو تۆمەتەی دەمیرتاشی پێ خراوەتە زیندان، هەوڵ هەیە بە هەمان تۆمەت ئۆزەل بخرێتە زیندانەوە.
١٩ـی ئاداری ئەمساڵ، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ بە تۆمەتی گەندەڵی خرایە زیندان و تاوەكوو ئێستاش هەر لە زیندان ماوەتەوە، ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەی (فاینەنشیال تایمز)دا کرد و، دەربارەی دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو گوتی: ”ئێمە لە توركیا ژیان دەهێنینە باری ئاسایی خۆی، ئێمە لەگەڵ ئاشتیداین، بەڵام دەتوانین خەڵك بهێننە سەر شەقام و ئەو خەڵكەش بەهیچ شێوەیەك گوێ بە دەسەڵات و بڕیارەكانی نەدەن.“
ئەم گوتەیەی ئۆزەل، بەوە لێك دەدرێتەوە كە خەڵك هان بدات بۆ توندوتیژی و تێكدانی ئاسایشی توركیا، بۆیە ئەگەر هەیە لەسەر ئەو گوتانە پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت و بخرێتە زیندانەوە.
مەبەست چییە لەوەی دەڵێن، چارەنووسی ئۆزەل وەكوو چارەنووسی دەمیرتاش دەبێت؟ ٢٠١٥ دەمیرتاش لە وتارێكدا داوای لە خەڵكی ئامەد كرد، بڕژێنە سەر شەقام و دژی دەسەڵات بوەستنەوە، چونكە رێگە نادەن گەنجانی كورد بچنە كۆبانێ و هاوكاری یەپەگە بكەن، ئەوكات تاقمە تیرۆریستییەکەی داعش نیوەی كۆبانێی داگیر كردبوو و شەڕێكی سەختی لێ هەبوو.
خەڵكی ئامەد بە گوێی دەمیرتاشیان كرد و رژانە سەر شەقام و گرژی لەنێوان پۆلیس و خەڵك هەڵگیرسا، ٢ پۆلیس و ٥٠ هاووڵاتی لەو خۆپیشاندانەدا كوژران.
دوای ئەو رووداوە، داواكاری گشتی داوای لەسەر دەمیرتاش بەرز كردەوە و گوتیان ویستوویەتی ئاسایشی توركیا تێك بدات و رق و كینەی لە نێوان خەڵك و دەوڵەتدا دروست كردووە، بۆیە خرایە زیندان و تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە هەر لە زێندان ماوەتەوە.
ئۆزەلیش لە دیمانەكەیدا بۆ رۆژنامەی ناوبراو، هەمان داوا دەكات كە دەمیرتاش كردوویەتی، بۆیە ئاژانسی دوێچەولەی توركی دەڵێت ئەگەر هەیە، پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت و پاشان بەهەمان ئەو تۆمەتەی دەمیرتاشی پێ زیندانی كراوە، ئەویش زیندانی بكرێت.
میدیاكانی نزیك لە ئاكەپە وەكوو رۆژنامەی (توركیا، تەقویم)، دەڵێن چارەنووسی ئۆزەل وەكوو دەمیرتاش وایە، بەڵام ئۆزەل لەسەر ئەو گوتانەی گوتوونی و ئەو هەرایەی لەسەری دروست بووە قسەی بۆ میدیاكان كرد و گوتی: ”كەسم داوەت نەكردووە تا بڕژێنە سەر شەقام، ئەگەر داوایەكی وا بكەم لە ئەردۆغان ناپرسم.“
ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە، لەناو پەرلەمانی توركیا ٢٩ دۆسیە لەسەر ئۆزگوور ئۆزەل هەیە و داوا كراوە پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت و بدرێتە دادگا، بەڵام ئاكەپە و مەهەپە هیچ یەكێك لەو دۆسیەیەیان نەجولاندووە، بەڵام وەكوو ئەوەی میدیاكانی نزیك لە ئاكەپە باسی دەكەن، رەنگە لەناو پەرلەمانی توركیا پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت، چونكە دەنگی ئاكەپە و مەهەپە دەگاتە ٥٠+١ و بەمەش دەتوانن پارێزبەندی لەسەر هەڵبگرن و دادگایی بكەن.

