كارزان گلی – ههولێر
ئیسرائیل، بە فڕۆكەی جەنگییەوە باڵەخانەیەكی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر كردە ئامانج، كە چەند سەركردەیەكی حەماسی لێ بووە، ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل، ئەو پرسیارەی لای لێكۆڵەران ورووژاندووە، ئایا دوای بۆردومانی قەتەر، ئاشتی و ئاگربەستێكی هەمیشەیی بۆ غەززە بووە بە مەحاڵ و شەڕی گەورە هەڵدەگیرسێت؟
بنیامین ناتانیاهو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، لەبارەی هێرشەكەیان بۆ سەر دۆحە ئاماژەی دا، ئەم هێرشەیان وەكوو تۆڵەكردنەوەیەك بووە لە حەماس، كە چەند رۆژێك لەمەوبەر، لە قودس شەش هاووڵاتی ئیسرائیلیان كوشتووە، هەروەها تۆڵەیەكیشە بۆ پەلاماری ٧ی ١٠ی ٢٠٢٣. بەڵام شارەزایان سیاسەت پێیان وایە، ئەم هێرشەی ئیسرائیل ئاماژەیەكی وردە و رەنگە لە كۆنترۆڵ دەرچووبێت و ئەنجامێكی زۆر فراوان و خراپی دەبێت.
هۆگ لۆڤات، شارەزای سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی بیبیسی توركی، دەڵێت ئەو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە، كودەتایەك بوو بەسەر ئەو هەوڵەی ئەمریكا داویەتی بۆ ئاشتەوایی لە غەززە.
قەتەر و میسر و ئەمریكا، لە هەوڵی جیدیدان تا بتوانن هەموو ئەو بارمتانەی ئیسرائیل كە لای حەماسە ئازاد بكەن و ئاگربەستێكی هەمیشەییش بۆ غەززە بهێننە بوون، بەڵام پەلامارەی ئیسرائیل، هەموو هەوڵەكانی پووچەڵ كردەوە.
لۆڤات دەڵێت: ”تۆ بێیت ئەو كەسانە بكوژیت كە لایەنی دانوستانن و بۆ بابەتی ئاشتی هاتوونەتە قەتەر، ئەمە نیشانەیەكی زۆر خراپە و باش نایبینم. ئەگەر بە شێوەیەكی زۆر ئاسان باسی بكەم، ئیسرائیل هەموو ئەو هەوڵانەی ئەمریكای بۆ ئاشتی لە غەززە، دا بە ئاودا و لەناوی برد.“
پێشتریش ئیسرائیل كاری لەو شێوەیەی كردووە، بۆ نموونە كوشتنی ئیسماعیل هەنیە لە ئێران، لەو كاتەدا بووە، كە دانووستاندن و هەوڵی ئاشتی لە نێوانیاندا هەبوو، بۆیە لۆڤات پێی وایە، ئیسرائیل بەو هەنگاوانە دەیەوێت پێمان بڵێت گرنگی بە دانوستان و ئاشتی نادات و شەڕی دەوێت.
پێشتریش ئیسرائیل چەند سەركردەیەكی حەماسی لە لوبنان و سووریا كردووەتە ئامانج، بەڵام شارەزایانی بواری سیاسی پێیانوایە، ئەمەی ئەمجارە لە دۆحە جیاوازە و كاریگەرییەكەی زۆر لە غەززە درێژتر دەبێتەوە.
لۆڤات زیاتر دەڵێت: ”ئەمەی ئیسرائیل كردی بەدڵنیاییەوە یەكەم جار نەبووە كە وڵاتێكی عەرەبی بپێكێت، بەڵام یەكەم جارە وڵاتێك بپێكێت كە دۆست و هاوپەیمانی ئەمریكایە. قەتەر، ئێران و لوبنان نییە، لە قەتەردا گەورترین بنكەی سەربازی ئەمریكای لێیە، هەروەها قەتەر ئەو شوێنەیە كە رۆژئاواییەكان زۆرترین وەبەرهێنانی تێدا دەكەن.“
وتەبێژی كۆشكە سپی دەڵێت، ئیسرائیل بۆ بۆردومانی قەتەر، ئەمریكای ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام دیار نییە، ئاگاداركردنەوەكە دوای هێرشەكە بووە، یان لە بەرای هێرشەکە؛ جارێ روون نەبووەتەوە.
دكتۆر سەنەم ڤاكیل، شارەزای سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێی وایە ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە، زیانی بە ئاسایشی قەتەر گەیاندووە، هەروەها وڵاتانی كەنداویش نیگەرانن، چونكە ئەوانیش هاوپەیمانی ئەمریكان.
دەیشسڵێت: ”ئەمریكا لە ئەگەری لێدان لە حەماس و هەروەها پاڵپشتیكردنی لێدان لە حەماس، پێی وایە لەرێگەی قەتەرەوە زیاتر كاریگەریی دەبێت، بۆیە قەتەر پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئەمریكا تێك نادات، بەڵام بەدڵنیاییەوە زۆر نیگەرانە و ئەو نیگەرانییەشی جیدییە، چونكە ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانی دەبەستن، نابێت بەهیچ شێوەیەك رێگە بدەن وڵاتێكی تر پەلاماری بدات.“
لەبارەی وڵاتانی كەنداو، ئەو شارەزایە ئاماژە دەدات، ئەگەر ئەمریكا پاڵپشتی لە وڵاتێك بكات بۆ لێدان لە قەتەر كە هاوپەیمانیەتی، ئیدی وڵاتانی كەنداو بڕوایان بە ئەمریكا نەمێنێت.
لۆڤات پێی وایە، وڵاتانی عەرەبی دەگەنە ئەو بڕوایەی، ئیسرائیل تەنیا ئەو وڵاتە نییە، زۆر پەلاماردەرە، لە هەمان كاتدا بە شێوەیەك جموجۆڵ دەكات، ئاسایشی ناوچەكە تێك بدات، ئەمریكا و ئەورووپاش تەنیا سەیری دەكەن و شتێك ناكەن بۆ رێگری كردن لێی، ئەمەش وا دەكات وڵاتانی عەرەبی بیر لە چارەنووسی خۆیان و ئاسایشیان بكەنەوە.

