بێستون ساڵەیی
جیهان لە سەردەمی گۆڕانکارییە خێراکان و پێشکەوتنە یەک لەدوای یەکەکاندایە. هەر کات زانست و تەکنەلۆجیای نوێ بکەوێتە نێو کۆمەڵگەوە، ئابووری و کەلتور پەرە دەستێن و مرۆڤایەتیش بە شێوەیەکی تر دەبینرێت. ئەو کات، وزە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان کە لە شێوەی ڕێکخراوەکان دەردەکەون ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکییان دەبێت لە هاوبەشیکردن و هۆشیارکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و گوزەران.
ڕێکخراوەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبەسترێنەوە بە ژیانی هاووڵاتیانەوە. بۆ نموونە، بەرنامەی یارمەتیدانی خێزانە هەژارەکان، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی و هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان و پاراستنی مافی کەمئەندامان و کەمپینە ژینگەییەکان، ئەم چالاکییانە رووکەشی نیین بەڵکو دۆخی ڕاستەقینەی ژیان لە کۆمەڵگەدا دەگۆڕن، واتە پەیامێکی ئاشکرا دەگەیەنن کە ڕێکخراوەکان دەبن بە دەنگی خەڵک و هێزێک دەبن بۆ دروستکردنی ژیانێکی باشتر.
بێ زانست و بێ فێرکاری، هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت ببێت بە هاوتەریبی پێشکەوتنە خێراکان کە لە جیهانی ئەمڕۆدا ڕوو دەدەن. لە کوردستان، ڕێکخراوەکان دەتوانن بەرنامەی نوێکاریی لە جۆری چالاکییەکانیان بخەنەڕوو و دەرفەت بۆ فێرکردنی پەروەردەی دیجیتاڵی و هونەریی دابین بکەن، هاوکار بن لە دروستکردنی کەلتوری خوێندن و خوێندنەوە و ڕەخساندنی فێرکاری پیشەیی کە ئەمە بە تایبەتی بۆ لاوان گرنگە، چونکە دەتوانن لە بازاڕی کار و دنیای دیجیتاڵ بە شێوەیەکی بەردەوام پەرە بە توانا کانیان بدەن.
لە هەر کۆمەڵگەیەک بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکارییەکان ئافرەتان و لاوان بە هێزێکی سەرەکی و کاریگەر دادەنرێن. خۆشبەختانە ئەمڕۆ ڕێکخراوەکان کار دەکەن بۆ ئەوەی ئافرەتان و پیاوان شان بەشانی یەکتر بتوانن لە گۆڕانکاریەکان و بەدیهێنانەکان چ لە بواری سیاسی یاخود بازاڕی کاردا بەشداری و هاوبەشییان هەبێت. ئەم گۆڕانکارییە، نە تەنها هاوبەشیەکی دادپەروەرانەیە، بەڵکو کۆمەڵگا بەرەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنە خێراکان دەبات و لە چەقبەستوویی دابونەریتە کۆنەکان بەرەو یەکترقبەڵکردن و هاوبەشی کردن ڕێچکە دەگرێت.
لە سەردەمی نوێی کاری ڕێکخراوەییدا چالاکی و پرۆژەکان تەنها لە ناوچە خۆماڵیەکاندا قەتیس نابن بەڵکو هەندێ جار سنووری جوگرافیە لۆکاڵییەکان دەرباز دەکەن و هاوبەشی لەگەڵ وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکەن. سیاسەتە گشتییەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان وا دەکەن بە ئاسانی کاری هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام بدرێت و بەرنامەی هاوبەشی جیهانی جێبەجێ بکەن هەروەها دەنگ و ڕەنگێکی جوانی کوردستان بە دەرەوە بگەیەنن، ئەمەش بۆ کوردستان دەبێتە دەرفەتێکی زۆر گرنگ کە خۆی لە قافڵەی پێشکەوتنی جیهان بدات.
لێرەدا پەنجە دەخەمە سەر گرفتێک ئەویش دەرچوونی هەندێک لە ڕێکخراوەکانە لە ئامانجە سەرەکییەکانی کاری ڕێکخراوەیی و مەدەنییەکانی خۆیان بۆ نمونە هەندێک لە ڕێکخراوەکان دەیانەوێ وەکو پارتێکی سیاسی دەربکەون و گوتار و هەڵسوکەوتەکانیان دەخەنە چوارچێوە ململانێ سیاسییەکان، هاوکات دوور دەکەونەوە لە ئامانج و داخوازییەکانی چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵگەکەیان. ئەمەش نەپێکانی ئامانج و تێنەگەیشتن لە کاری مەدەنییانە دروست دەکات و هەر ئەوەشە زۆرجار ڕێکخراوەکان دەکەونە بەر ڕەخنە و لەدەستدانی متمانە.
ئەگەر سەرنجێک بدەین لە کاری هاوبەشیی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان داتاکان دەریدەخەن، لە کۆی سەرجەمی ڕێکخراوە تۆمارکراوەکانی کوردستان کە خۆی لە سەرووی پێنج هەزار ڕێکخراو دەدات لەناویاندا بە گشتی ٢٠٠ بۆ ٥٠٠ ڕێکخراوی مەدەنی دەتوانین بڵێین چالاکن و کارەکانیان دەبینرێن، لەو ژمارەیەشدا تەنها رێژەیەکی کەم لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان پەیوەندی بەردەوامیان هەیە لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانییەکان. مانای ئەوەیە دەرفەتەکان بۆ وەرگرتنی ئەزموون و پشتیوانی نێودەوڵەتی زۆر کەم بەکارهاتووە کە دەکرێ بە پلان و پرۆگرامی باشتری رێکخراوەکان خۆیان بگەیەننە ئەو ڕەوتە پێشکەوتنەی کاری ڕێکخراوەیی لە جیهان.

