رۆژنامەی ھەولێر

کارکردنی ئافرەت.. بنەمای بوژاندنەوەی کەسایەتی و گەشەپێدانی کۆمەڵگە

نیاز زەینەڵ عەلی
ئافرەت کار دەکات بۆ بوژاندنەوەی کەسایەتی خۆی و دروستکردنی جیهانێکی دادپەروەرتر. هەروەها، وەک کۆمەڵگایەکی زۆرینە ئیسلام، بە هیچ جۆرێک ئیسلام کارکردنی ئافرەت قەدەغە ناکات، بەڵکوو شارستانییەت و پەرەسەندوویی مرۆڤایەتی لەسەر شانی ئافرەت و پیاو بنیادنراوە. لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ، جێپەنجەی ئافرەتان لە هەموو بوارەکاندا دیارە. ئەگەرچی ناوەکانیان لە لاپەڕەکانی مێژوودا کەم بینراون، زۆرجار ئیشوکارەکانیان دراوەتە پاڵ پیاوان یان بەهۆی ڕووداوی کلتووری، لەبیرچوون. هەروەها هەندێک پیشە و بواری ئافرەتان بە ناوی پیاوانەوە نیشان دراوە. بەڵام بە هاتنی باوەڕی نوێ، لە زانست و ئەدەب و فیقهـ و شەریعەت و سوارچاکیدا ئافرەت ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە. هەندێکیان بە شێوەیەک بوون کتێبێک دەبێت بۆ باسکردنیان. لە هەمان کاتدا، لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵ و کارە جیهانییانەی کە کردوویانن، پێکهاتەی ژیانی خێزانییان و بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵ و بەڕێوەبردنی ماڵیان تەرک نەکردووە. ڕەنگە هەر پیاو و ژنێک لە دەرەوە هەر پیشەیەک فێر ببن و ئەنجام بدەن، بەڵام لە کاروباری ماڵ و خێزان و هەڵگرتنی هەست و پەروەردەکردنی منداڵ، لە ئاستێکی زۆر، هیچ پیاوێک ناتوانێت بە جێگای ئافرەت بگات. لەبەر ئەمە، سەرکەوتنی ئافرەت لە بەخێوکردن و بەڕێوەبردنی خێزان و پێداویستییە خێزانییەکان، زۆرجار گرنگترە لە بەڕێوەبردنی هەر دەزگا و کۆمپانیایەکی گەورە؛ بەڵکوو بۆ ئەوەی لە هەردوو بوارەوە ژیانی کەسی و ژیانی گشتی سەرکەوتوو بێت، پێویستی بە زانیاری و ڕۆشنبیرییەکی تەواو هەیە. بەمەش دەتوانێت کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و گرنگ بخاتە سەر باوەڕ، دڵنیایی و هەوڵی ئەندامانی خێزان. ئەگەر ئافرەت لە پێکهێنانی خێزان و پەروەردەکردنی منداڵەکاندا شکست بخوات، هیچ پۆست و پاڵپشتییەکی نیشتمانیدا لە کۆمپانیا و دەزگا و تا هەر پانتایەکی تر ناتوانێت ئاشتی و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵایەتی دابین بکات کە ڕەگەزێکی چالاک و ڕۆشنبیر و دلێر دەبێتە بنەماکەی. بۆیە جیهان و کۆمەڵگا و بازاڕ و دەسەڵات و خانەوادە پێویستی زۆریان بە ئافرەت هەیە و ئەو پێویستیمان بە ئافرەت، پێویستی بە هاوسەنگی و ژینگەی دادپەروەری و سەرکەوتنی هاوبەشی مرۆڤایەتییە.