حەیات مەجید
بێگومان، کارکردن لە هەر سێکێکدا پێویستی بە ڕەچاوکردنی ئەخلاقی پیشەیی و ئیتیكی هەیە. ئەم ئیتیك و ئەخلاقە بۆ هەموو کارێک شیاو و گرنگە، لە هەر جۆرێک و هەر ئاستێکدا بێت، بە تایبەت کاری میدیایی. لێرەدا دەڵێین کاری میدیایی چونکە لە سەردەمی شاشەدا دەژین، کە زۆر بە ئاسانی هەموو کەس، بە خێرایی و سادەیی، لە ڕێگەی شاشە و بینینەوە -جا تەلەفزیۆن بێت یان کۆمپیوتەر یاخود مۆبایل- هەواڵ و گۆڕانکاری و ڕووداوەکان دەبینن.
لەگەڵ ئەم ئاسانییەی وەرگرتنی هەواڵ و زانیارییەدا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاستی گەیاندنی زانیاری و هەواڵی دروست لە دابەزیندایە، ئەمەش بێمتمانەیی لە نێوان گەیەنەر و بینەردا دروست کردووە بە هۆی هەواڵی فەیک و دوور لە ڕاستی و دوور لە ئیتیكی ڕۆژنامەوانی.
زۆر جار ڕاگەیاندن زۆر بێباک بووە لە پابەندبوونی پیشەیی بە کاری ڕۆژنامەوانی، ئەمەش لە پێناو بەدەستهێنانی زۆرترین فۆڵۆوەرس و بینەر. ترسناکییەکە لێرەدایە کە بارودۆخی خۆیان لەلای کەسی وەرگر و ڕۆڵی خۆشیان دەخەنە ژێر مەترسی و بێمتمانەییەوە.
هەتا زۆر جار قین و تووڕەیی دروست دەکەن لەلای بینەر بەتایبەت لە واڵەکانی سۆشیال میدیا بە هەواڵی نادروست و ڕاپۆرتی دوور لە ئیتیكی ڕۆژنامەوانی. دواجار لە پێناوی زۆرترینەکان، جا لایک بێت یان کۆمێنت. ئەگەر لێکۆڵینەوەی جیددی ڕۆژنامەوانی بکرێت، بێگومان زۆربەی کۆمێنتەکان قینئەستوویین بەرامبەر بە پیشاندانی بێمەبەستی ڕاپۆرت و هەواڵەکان. کە ئەمە بۆ گەیەنەر گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە زۆرترین چالاکیی بەدەست بهێنن. ئەمە لەلایەک.
لەلایەکی ترەوە، هەندێک کەناڵ کە خۆیان بە پڕۆفیشناڵ دەزانن، پەیامنێری بەڕێزیان بێ گوێدانە هەست و سۆزی کەسەکان مایکەکەی قووت دەداتەوە و پرسیاری بێبنەما دەکات. بۆ نموونە: کەسێک ئەندامێکی خێزانەکەی لەدەستداوە، لەناو ئازاردا دەناڵێنێت، ئەمان پرسیاری بێسەرووبەری لێدەکەن، پێی دەڵێن “هەستت چۆنە؟” دەبێت هەستی مرۆڤ چۆن بێت لەم بارودۆخەدا؟ جگە لەمانە، گەورەکردنی کەسانی لابەلا و بە ناوی مۆدێل و بزنسەوە مانەوە، دەیانکەنە بار بەسەر کۆمەڵگاوە.
مەرج نییە ئەوەی مایکێکی گرت بەدەستەوە ڕۆژنامەنووس و پڕۆفیشناڵ بێت، بەڵام مەرجە و گرنگە لە هەر کارێکدا بیت ئیتیك و پێگەی کارەکەت بپارێزیت.

