ماكوان عێزەت -هەولێر
خۆراكی پڕ ڕیشاڵ زۆر بەسوودە بۆ هەرسكردن و كاری ریخۆڵەكان، بە شێوەیەكی سەرەكی لە دانەوێڵەی تەواو، سەوزە، میوەكاندا هەیە كە دەتوانرێت بە شێوەیەكی ئاسان لە ڕێی گەدەوە هەرس بكرێت و بمژرێت.
ئەگەر منداڵان ڕیشاڵی پێویست نەخۆن تووشی قەبزی و چەند نەخۆشییەكی تر دەبنەوە. د. بیلال عەبدوڵڵا پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و تازە لەدایكبووان مەترسییەكانی نەخواردنی خۆراكە ڕیشاڵییەكان دەخاتە ڕوو كە ئەگەری هەیە لە ماوەیەکی کەم دوای نانخواردن، منداڵ هەست بە برسیەتی بکاتەوە و، لە کۆنترۆڵکردنی کێشیاندا تووشی کێشە ببن. هەروەها خۆراکێکی کەم ڕیشاڵ دەتوانێت مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ، هەندێک جۆری شێرپەنجە، و نەخۆشینی شەکرە زیاد بکات؛ هەربۆیە ڕیشاڵ گرنگە بۆ هەرسێکی تەندروست، وادەکات هەست بە تێری بکات و ئاستی شەکری خوێن ڕێک دەخات.
د. بیلال عەبدوڵڵا وردەکاریی زیاتر دەخاتە ڕوو:
1. قەبزی: ڕیشاڵ قەبارەی پیسایی زیاد دەکات، ئەمەش وا دەکات کە بە ئاسانی بە سیستەمی هەرسدا تێپەڕ ببێت؛ هەربۆیە کەمیی ڕیشاڵ دەبێتە هۆی ڕەق و وشکداگەڕانی پیسایی و، کەمکردنەوەی جووڵەی ڕیخۆڵە.
2. هەڵکشانی مەترسیی نەخۆشییە درێژخایەنەکان؛ خۆراکی کەم ڕیشاڵ مەترسیی زیاتری شێرپەنجەی ڕیخۆڵەی هەیە، نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەی جۆری دووەهەمیش بەدوودا دێ لە درێژخایەندا.
3. برسێتی و کۆنترۆڵکردنی کێش: ڕیشاڵ ئاستی شەکری خوێن ڕێک دەخات و هەستی تێری زیاد دەکات، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کۆنترۆڵکردنی کێشدا.
4. خۆراکی کەم ڕیشاڵ لەوانەیە ببێتە هۆی هەستی برسێتی و خواردنی زیاد لە پێویست و، کێشەی هەرسکردن؛ بۆ نموونە: قەبزی کێشەیە، هەروەها کێشەکانی تری هەرسکردن.
د. بیلال عەبدوڵڵا گرنگی ڕیشاڵەکان دەخاتە ڕوو كە ڕیشاڵ بەشێکی سەرەکیی خۆراکی تەندروستە بۆ منداڵان و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە هەرسکردن و تەندروستی گشتیدا.
*هەرسکردنی تەندروست و یارمەتیدانی ڕێکخستنی جووڵەی ڕیخۆڵەکان.
*ڕێگە لە قەبزی دەگرێت.
*پشتگیری لە تەندروستیی ڕیخۆڵە دەکات.
*ڕیشاڵ پریبایۆتیکە، واتە بەکتریا سوودبەخشەکانی ناو ڕیخۆڵە خۆراک پێدەدات، کە ئەمەش بۆ تەندروستی گشتی بەسوودە.
*ڕیشاڵ هەستی تێری زیاد دەکات و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کۆنترۆڵکردنی کێشدا لە ڕێگەی کەمکردنەوەی زیادەڕەوی لە خواردن.
ڕێگاكانی زیادکردنی وەرگرتنی ڕیشاڵ:
1. میوە و سەوزەی زیاتر بخۆ: جۆرەها میوە و سەوزە بخەرە ناو سیستمی خۆراکی منداڵەکەتەوە.
2. پاقلەمەنییەکان زیاد بکە: پاقلە، نیسک و تۆڵکە (تۆڵەکە) سەرچاوەی نایابی ڕیشاڵن.
3. شەوچەرە (چەرەزات) و گوڵەبەڕۆژە و جنجە (تۆمە کوولەکە و شت): ئەمانە دەتوانن ڕێگەیەکی تەندروست و گونجاو بن بۆ زیادکردنی وەرگرتنی ڕیشاڵ.

