رۆژنامەی ھەولێر

١٠ هونەرمەند بەیەکەوە کلیپێک بڵاودەکەنەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەند و ئاوازدانەری کورد “هەڵکەوت زاهیر” وەک کانییەک هەمیشە ڕیتم و ئاوازی جوانیی لێدەچۆڕێت و هەمیشە سەرقاڵی دانانی موزیکی نوێیە بۆ هونەرمەندانی کورد بەتایبەت هونەرمەندانی گەنج و عاشق بە هونەری گۆرانیی و موزیکی نوێ، لەمبارەیەوەش ڕایگەیاند: کە نوێترین بەرهەمی بە ناوی “یارەکەم” بڵاو کراوەتەوە.
ئەم بەرهەمە کە ئاوازی خۆیەتی و تێکستەکەی لەلایەن “میڤان ئەمین”ـەوە نووسراوە، بە هاوکاری ١٠ هونەرمەند تۆمار کراوە.
گوتیشی: تایبەتمەندی ئەم بەرهەمە لەوەدایە هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدارییان تێدا کردووە. مەبەستیشی ئەوە بووە، کە ڕیتمی خێرای گۆرانیی سۆرانی بگەیەنێتە ناوچەکانی بادینان و کرمانج، بۆ ئەوەی گوێگرانی ئەو ناوچانەش چێژی لێ ببینن. جێگای سەرنجە کە زۆرینەی بەشداربووان خەڵکی وان، قامیشلۆ و دهۆکن، جگە لە لەمیا جەمال کە هونەرمەندێکی تونسیە.
لە درێژەی قسەکانیدا، هەڵکەوت زاهیر ڕوونیکردەوە: “گۆرانییەکە یەک کۆپلەی بە سۆرانییە و کۆپلەکانی دیکە بە کرمانجین. ئامانجم لێرەدا یەکخستنی هونەرمەندانە لە سەرتاسەری کوردستان و پێشکەشکردنی بەرهەمی جیاواز و نوێیە بە خەڵک.”
ناوبراو کۆکردنەوەی دە هونەرمەندی لە یەک گۆرانیدا بە هەوڵێکزانی بۆ نیشاندانی ستایلی تایبەت و بەرزپێزانیی هونەری کوردی، بەتایبەت بۆ ناوچەکانی بادینان، وان، دیاربەکر و قامیشلۆ.
ئەو هونەرمەندانەی بەشدارییان لەم پرۆژەیەدا کردووە بریتین لە:میرا عەلی، لەمیا جەمال، شیرینە خانی، عەدنان تەیمور، لۆرا محەممەد، لاڤین نوری، ئیلایدە مەتین، دکتۆرە بەڵقیس، هونەر ئەحمەد، و ڕەوا ئەرسەلان.