رۆژنامەی ھەولێر

پارەی ئەو کارمەندانە لە ١٥٠ هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو ٤٠٠ هەزار دینار

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشک بۆ کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان دەکات، پارەی ئەو کارمەندانە لە ١٥٠ ھەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو ٤٠٠ ھەزار دینار.

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەک شەممە لە نووسینگەی نیشتمانیی کۆمیسیۆن لە شاری بەغدا تیروپشک بۆ کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان دەکرێت، کە زیاتر لە ٩٠٠ ھەزار کەس داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی وەک کارمەندی دەنگدان وەربگیرێن لەو ژمارەیە ٢٥٠ ھەزاریان وەردەگیرێن.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وردەکاریی پارەی کارمەندانی دەنگدانی دیاریکردووە کە لە ١٥٠ ھەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو ٤٠٠ ھەزار دینار، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ئەگەر ئەو کارمەندەی دەنگدان وەردەگیرێ فەرمانبەری حکوومەت بێت و ھاوئاھەنگیکاری ناوەندی دەنگدان بێت، ٣٠٠ ھەزار دینار وەردەگرێ، ئەگەر بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان بێت ٢٠٠ ھەزار دیناری پێدەدرێ و ئەگەر فەرمانبەری ناوەند یان وێستگەی دەنگدانیش بێت ١٥٠ ھەزار دینار وەردەگرێت.
ئەگەر کارمەندی دەنگدان قوتابی یان دەرچووی زانکۆ بێ و کاری ھاوئاھەنگیکاری ناوەندی دەنگدان بێ، ٤٠٠ ھەزار دینار وەردەگرێ، ئەگەر بەڕێوەبەری ناوەند بێ ٣٠٠ ھەزار و ئەگەر کارمەندی ناوەند یان وێستگەی دەنگدان بێ ٢٥٠ ھەزار دینار وەردەگرێت، بەگوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆن، کارمەندی دەنگدان تەنیا پاداشتی دارایی بۆ یەکێک لەو دوو ڕۆژەی ھەڵبژاردن وەردەگرێ، بەڵام ئەگەر پێویست بوو کارمەندێک لە ھەردوو ڕۆژی ھەڵبژاردن کاربکات، ١٠٠ ھەزار دیناری دیکەی دەدرێتێ.
ئەو کارمەندانەش کە وەک یەدەگ وەردەگیرێن و ڕێژەکەیان ٥%ی تێکڕای ئەو کارمەندانەیە لە تیروپشکەکەدا وەردەگیرێن، ئەگەر فەرمانبەری حکوومەت بن ٥٠ ھەزار دینار و ئەگەر قوتابی یان دەرچووی زانکۆ بن ١٠٠ ھەزار دینار وەردەگرن.
بەگوتەی بەرپرسانی کۆمیسیۆن، زیاتر لە ٢١ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەس لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ناویان تۆمارکراوە و مافی دەنگدانیان ھەیە.
بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١١-١١-٢٠٢٥ بکرێت، پەرلەمانی عێراق لە ٣٢٩ کورسی پێکدێت کە ٣٢٠ـیان گشتین و ٩ کورسیشیان کۆتان.