رۆژنامەی ھەولێر

مەڕاسیمی ساڵیادی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی كورد، ئاشووری، عەرەب بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی بلند ئیسماعیل، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی 10ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، حەكیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران، كەریم كاوە كەریم بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران، بەرپرسانی حكومی و ئەمنی و حزبی و كەسوكاری شەهیدان و ژمارەیەك لە شایەتحاڵانی ڕووداوەكە، مەڕاسیمی چل و پێنجەمین ساڵیادی شەهیدبوونی، شەهید دكتۆر عبدالرحمن زراری، شەهید دكتۆر كاكە ڕەش ئەحمەد حوسێن، شەهید ئازاد سلێمان قادر زراری شەهید فەرەیدوون وەردە زریا، شەهید غەفار جەمال محمدئەمین و شەهید جەبار فنجان ئەبوهاشم لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران کە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری رۆشنبیریی دیانا رێكخرابوو، بەڕێوەچوو.

سەرەتایی رێوڕەسمەكە بە خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێ کرد، دواتر لە لایەن سیهاد قادر، بەرپرسی سەنتەری رۆشنبیریی دیانا، وتاری بەخێرهاتن خوێندرایەوە. هەروەها لەلایەن كچی شەهید دكتۆر عبدالرحمن زراری پەیامی خانەوادەی شەهیدان پێشكەش بە ئامادەبووانی مەڕاسیمەكە كرا.
لە بەشێكی دیكەی مەڕاسیمەكەدا لەلایەن بڵند اسماعیل بەرپرسی لقی 10 وتارێک پێشکەش کرا و حەكیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران، وتاری ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران، خوێندرایەوە، دواتر لە وتارێكدا، كەریم كاوە كەریم، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران، لە ساڵیادی شەهیدبوونی شەهید دكتۆر عبدالرحمن زراری و هەڤاڵانی، پەیامی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ ئامادەبووانی مەڕاسیمەكە خستەڕوو.
لە بەشێكی دیكەی مەڕاسیمەكەدا، بە شێوازی ڤیدیۆگرافیك كۆمەڵێك زانیاری دەربارەی شەهیدان دكتۆر عبدالرحمن زراری و هەڤاڵانی بۆ ئامادەبووانی مەڕاسیمەكە پێشكەش كرا و دواتر لە پانێلێكدا، لەلایەن كۆمەلێك لە شایەتحاڵەكانی رووداوەكە سەربوردە و رۆژی شەهیدبوونی شەهیدان شەهید دكتۆر عبدالرحمن زراری و هەڤاڵانی گێردرایەوە.
هەروەها قەڵغانی رێزلێنان بەخشرایە كەسوكاری شەهیدان و كتێبی شەهید دكتۆر عبدالرحمن زراری، بەركولێك لە ژیان و خەباتی پێشمەرگایەتی، كە لەلایەن ( سەفەر یوسف ژاژوكی ) نووسراوە، بڵاوكرایەوە.
لە كۆتایی مەڕاسیمەكەدا، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران، و خانەوادەی شەهیدان، و مامۆستا ئیڤان سەرۆکی سەنتەری رۆشنبیری و ژمارەیەك نەمام كە لەلایەن دامەزراوەی ئەدیان ئامادەكرابوون، لەسەر گۆرستانی گەورەی دیانا چێندران.
ساڵیادی شەهیدبوونی شەهید دكتۆر عبدالرحمن زراری و هەڤاڵە ئاشووری و عەرەب و كوردەكانی، تەنها یادكردنەوەی شەهیدبوونیان نەبوو، بەڵكو دووبارە نیشاندانەوەی ئەو راستییە بوو كە گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیەكانی، كە یەك ئامانج و خال هاوبەشی باڵا كۆیان دەكاتەوە، كە ئەویش بریتیە لە خزمەتكردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان، شەهید بوونی ئەم پۆلە قارەمانە پێناسەی ئەو قوربانیدانە بێ جیاوازییەن لە نێوان پێكهاتە ئاینی و نەتەوەیەكان كە لە پێناو دۆزی رەوای گەلی كوردستان گیانی بەرزە فڕیان بەخشی بە خاكی پیرۆزی كوردستان. هەمدیسان ئەم یادەوەرییە دەرخەری ئەو راستیەن كە كوردستان هەمیشە لانكەی پێكەوەژیانی تەواوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوە جیاوازەكانە هەر بۆیەش، سەرجەم پێكهاتە ئاینی و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان بە یەك دەست و بە یەك رەنگ ئامادەبوون لە پێناو خزمەتكردنی كوردستان گیانی خۆیان ببەخشن.