ئارام كۆشكی – سلێمانی
نزیکەی 15 ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار ماریۆ بارگاس یۆسام لەڕێی چاوپێکەوتنە گرنگەکەی جومانە حەدادەوە ناسی. ئەوکاتەی “جەبار سابیر” کردی بە کوردی و هەر ئەوکاتیش بەرلەوەی خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت پێشبینی ئەوەی کردبوو، کە ئەو خەڵاتە وەردەگرێت و ئەوە بوو دوای دوو مانگ لەو پێشبینییە یۆسا بووە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ. ئەوەی وای لەو هاوڕێ وەرگێڕە کرد پێشبینییەکی لەو شێوەیە بکات وردبینی و مەعریفە و ئەو شارەزایی و لێزانییەی ئەم نووسەرە بوو سەبارەت بە ئەدەبیات و ئەو قسەکردنە گرنگ و کاریگەرەی لەسەر نووسەران و شاکارنووسانی جیهانی بوو، چونکە نووسینی مەزن بەرهەمی خوێندنەوەی شاکاری مەزنە، هیچ نووسەرێک نییە بەبێ خوێندنەوەی شاکاری مەزن بتوانێت دەقی مەزن و داهێنەرانە بنووسێت. یۆسای شاکارنووس خوێنەری دەقە مەزنەکان بوو و هەر ئەوەش وایکرد ساڵی 2010 خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت.
یەکەم ڕۆمانی ئەم نووسەرە، کە خوێندمەوە “ئاهەنگی تەگەکە” بوو، ڕۆمانێک سەبارەت بە دیکتاتۆرییەت و دەرخستنی سیماکان و چۆنێتی کارکردنی دیکتاتۆریەت. لەوێدا یۆسا نایەوێت دژ بە دیکتاتۆریەت بنووسێت، بەڵکو دەیەوێت دیکتاتۆرییەت پیشان بدات و هەر ئەمەشە ئەرکی نووسەرە مەزنەکان، کە لایەنگریی ناکەن، بەڵکو )دۆخەکان/ ڕووداوەکان( پیشان دەدەن. خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات، کە بەرزترین و کاریگەرترین خەڵاتی ئەدەبی جیهانییە لە خۆوە نادرێتە نووسەرێک (ئەگەرچی چەند ساڵێکە ڕای جیاواز لەسەری هەیە)، بەڵکو پشت بە کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی تایبەت بە بەرهەمەکان دەبەستێت و بەشی هەرە زۆری ئەو نووسەرانەی وەریانگرتووە داهێنەرەکانن، ئەوانەن کە ڕێگەی جیاواز و ئەدەبیاتی جیاوازیان پێشکەشی تەواوی مرۆڤایەتی کردووە. خاڵێکیان دۆزیوەتەوە، کە بەر لەوان پەی پێ نەبراوە، ڕەنگە هەندێکجار ئەو خاڵە بۆ بەشێکی زۆری خوێنەران گرنگ نەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە خاڵێکی جیاواز و پەیپێنەبراوە و لەنێو چوارچێوەی جیهانی ئەدەبیاتدا گرنگی خۆی هەیە.
یۆسا لە ساڵی 1990دا خۆی بۆ سەرۆکایەتی وڵاتەکەی، کۆماری “پیرۆ” پاڵاوت، بەڵام لە هەڵبژاردندا سەرنەکەوت و تووشی شکستێکی سەخت بوو، کە ئیتر بۆ هەمیشەیی ماڵئاوایی لە سیاسەت کرد. کاتێک سەبارەت بەو ئەزموونە پرسیاری لێ دەکەن دەڵێت “ئەزموونێکی ترسناک بوو. بەتایبەت کە بارودۆخی ناوخۆی وڵاتەکەم زۆر دژوار بوو، توندڕەوی و تیرۆریزم و شتێکی نزیک لە جەنگی ناوخۆ، بەڵام سیاسەت ئەزموونێکی ناپابەندە و لەگەڵ ئەدەبیات زۆر دژە. بەتایبەت لەگەڵ زمانێک کە سیاسەتمەداران بەکاری دەبەن لەگەڵ زمانی نووسەران زۆر جیاوازە.”
بەدەر لە کاری سیاسی یۆسا ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی کاری سینەمایی بووە و لەوەشدا یەکێکە لە سەرنەکەوتووترین دەرهێنەرەکان و خۆی حەز ناکات باسی ئەو ئەزموونە سینەماییانەی بکات، بەڵام یۆسا لە دونیای نووسین و ئەدەبیاتدا هەم ڕۆمانووسێکی سەرکەوتوو بوو و هەم نووسەرێکی داهێنەر بووە. چ ئەو ڕۆمانانەی کە نووسیویەتی، کە شاکاری گرنگی چەشنی “شەڕی ئاخر زەمان” و “ئاهەنگی تەگەکە” و “ماڵی سەوز”ی تێدایە، کە بەشێک لە نووسەران و ڕەخنەگران ڕۆمانی “شەڕی ئاخر زەمان” بە “شەڕ و ئاشتی” ئەمریکای لاتینی ناو دەبەن. (شەڕ و ئاشتی؛ شاکارێکی ئەدەبی ڕووسییە و لە نووسینی تۆڵسۆییە.)
هاوکات لە بواری نووسینی وتاری ئەدەبیشدا خاوەنی دەیان وتاری گرنگە سەبارەت بە ئەدەبیات، کە جێگە بایەخی خوێنەرانن. لەو وتارە ئەدەبیانەیدا، کە بەشێکیان کراون بە کتێب سێ لەو کتێبانە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون، کە ئەوانیش ئەوانەن: “12 نامە بۆ ڕۆماننووسێکی لاو، واقیعیەتی نووسەر، ئەدەبیات بۆ؟”ن، ئەم سێ کتێبە دەوڵەمەندی دونیا و ڕوانینەکانی ئەم ڕۆماننووس پیشان دەدات.
ئەم نووسەرە خاوەنی بۆچوونگەلێکی گرنگە سەبارەت بە ڕۆمان و ئەدەبیات بە گشتی و ئەو سەبارەت بە ڕۆمان دەڵێت “ڕۆمان ڕوویەکی جیاواز و تایبەت بە ژیان دەبەخشێت. ڕۆمان یان گوزارشتێکە لە ژیان کە دەستمان نەکەوتووە و ئارەزووی دەکەین، یان گوزارشتە لە گۆشەیەکی بێ بەها و موسیبەتبارتری ئەزموونی مرۆیی. ڕۆمان لەگەڵ ئەوەی سەرنج دەداتە حەقیقەت، حەقیقەتیش ناڵێ، بەڵکو هەرێمی خەیاڵ و وەهم و درۆیە.”
ئەم نووسەرە بۆچوونی سەبارەت بەشیعر زۆر ئەرێنیانەیە و دەڵێت “شیعر ویژدانی جیهانە. تەنیا لەڕێگەی درک و ناوەرۆکەوە دەتوانین بگەینە شیعر، نەک لە ڕێگەی عەقڵەوە.”
ماریۆ بارگاس لۆسا لە ٢٨ی ئازاری ١٩٣٦ لە شاری ئارێکویپا لە وڵاتی پیرۆ لەدایک بووە. تاکە منداڵی دایک و باوکی بوو، دوای پێنج مانگ لە هاوسەرگیریان جیابوونەوە. ١٠ ساڵی یەکەمی ژیانی لە بۆلیڤیا لەگەڵ دایکیدا بەسەر بردووە. دوای ئەوەی باپیرەی لە وڵاتی پیرۆ پۆستێکی گرنگی حکومی بەدەستهێنا، لە ساڵی ١٩٤٦ لەگەڵ دایکیدا گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی، تەمەنی منداڵی سەخت بوو. لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا باوکی ناردی بۆ ئامادەیی نیشتمانی، کە کاریگەرییەکی قووڵ و درێژخایەنی لەسەر دانا و بیرۆکەی یەکەم ڕۆمانی پێبەخشی. ئیدی لەوێوە بووە خاوەنی چەندین ڕۆمان کە خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا “شەڕی ئاخر زەمان” بە گرنگترین کاری خۆی دەزانێت. ئەم ڕۆمانە ساڵی ڕابردوو لەلایەن مامۆستا حەمەکەریم عارفەوە کراوە بە کوردی و ئێستا لەبەردەستی خوێنەراندایە.
یۆسا بۆ خوێنەرانی کورد ئاشنایە، چونکە جگە لە “شەری ئاخر زەمان” چوار لە رۆمانەکانی تری کراون بە کوردی و چوار لە کتێبی وتار و چاوپێکەوتنەکانی بە کوردی لە بەردەستی خوێنەراندایە.

