رۆژنامەی ھەولێر

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە شاندێکی کۆمپانیا هۆڵەندییەکان کرد

ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئەیلولی 2025، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی دیپلۆماسی و بازرگانی وڵاتی هۆڵەندا کرد، کە پێکهاتبوون لە ئادریان ئایلستاین کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە نوێنەری کۆمپانیا هۆڵەندییەکان، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دەرفەتەکانی کاری هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان بوو لە هەرێمی کوردستان.

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئامادەیی تەواوی حکوومەت و وەزارەتی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی هەر دەستپێشخەرییەک لە بواری پیشەسازی و بازرگانی ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەت هەمیشە پشتیوانی وەبەرهێنان و بازرگانی دەرەکی بووە بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموون و سەرمایەی بیانی بۆ پێشخستنی ئاستی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمدا، هەروەها گوتی: “پێشمان باشە پەیوەندییەکانمان زیاتربکەین لەڕووی بازرگانی و کۆمپانیای بیانی بێن کاربکەن لەناوچەکە.”

لە لای خۆیانەوە نوێنەرانی کۆمپانیا هۆڵەندییەکان کە لە بوارە جیاوازەکانی وەک کشتوکاڵ سەلامەتی هاتوچۆ و ڕێگاوبان وەبەرهێنان و بیناسازی کار دەکەن خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە هەلی کارکردن لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها کونسوڵی گشتی هۆڵەندا سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کرد لەگەڵ تیم و کۆمپانیا هۆڵەندییەکان ناوبراو ئاماژەی بە هەوڵەکانیان کرد بۆ کردنەوەی ناوەندێکی بازرگانی هۆڵەندی-کوردستانی کە دەتوانێت ببێتە پردێک بۆ فراوانکردنی زیاتری پەیوەندییە بازرگانییەکان لە نێوان هەردوو لادا.