ماكوان عيززهت – هەولێر
هەوکردنی سیپەلاک نەخۆشییەکی زۆر باوە لە سەرانسەری جیهاندا. هەوکردنی سیپەلاک چۆناوچۆن کار دەکاتە سەر جەستە؟ پرسیارێکە و زۆرجار دەکرێت. وەک دەبینین پەیوەستە بە چەندین هۆکارەوە، چ تاکەکەسەکە و چ وردەزیندەوەران کە هۆکاری تووشبوونەکەن.
هەوکردنی سیپەلاک، بە هۆی بەکتریا و، ڤایرۆسەوەیە؛ دەبێتە هۆی ئاوسانی شانەکانی سیپەلاک (هەوکردن) و دەتوانێت ببێتە هۆی شلە یان چڵک لە سیپەلاکدا.
هەوکردنی سیپەلاک دەتوانێت کار بکاتە سەر یەکێک یان هەردوو سیپەلاکی کەسەکە.
د. بێستوون شێخانی، پزیشکی نەخۆشخانەی بەحرکە بۆ نەخۆشیەکانی هەناو ڕوونی دەكاتەوە كە هەوكردنی سیپەلاک بە هۆی کەڕوو یان بەکتریا و ڤایرۆسەوە پەیدا دەبێت؛ نەخۆشیەکی گوازروەیە لە کەسێک بۆ کەسێکی تر، ئەگەر تووشبوونەکە بە هۆی ڤایرۆس و بەکتریاوە بێت.
د. بێستوون شێخانی نیشانەکانی هەوكردنی سییەكان دەخاتە ڕوو، كە بریتین لە:
١. کۆخە و بەڵغەم؛
٢. لەرزو تا؛ ئارەقەکردن؛
٣. هەناسەتەنگی؛
٤. ئازاری سنگ لە کاتی هەناسەهەڵکێشان یا کۆخەدا؛
٥. شەکەتی؛
٦. سەرئێشە، هێڵنجدان و ڕشانەوە.
مەترسییەکانی ئەم نەخۆشینە لەسەر كام توێژ زیاترە؟
1. منداڵی ساوا تا تەمەنی 2 ساڵان؛
2. بەساڵاچووی سەرووی تەمەنی 65 ساڵان؛
3. ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە؛
4. تووشبووی نەخۆشیەکانی دڵ و شەکرە و ڕەبۆ؛
5. جگەرەکێش.
دەربارەی چارەسەرییەكانیش، د. بێستوون شێخانی ئەم ئامۆژگاریانە دەخاتە ڕوو:
• بۆ چارەسەر، تکایە بەبێ ڕاوێژکردن بە پزیشکی پسپۆڕ دەرمان بەکار مەهێنن؛ چونکە لە هەندێ حاڵەتی تونددا نەخۆشەکە پێویستی بە خەواندنە لە نەخۆشخانەدا و، چارەسەر بە ئۆکسجین.
• جۆری چارەسەری ئەو نەخۆشینە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارانەی سیپەلاکی تووش کردووە و، ماوەی 1 تا 3 هەفتەی پێویستە.

