رۆژنامەی ھەولێر

جەهەپە بەهۆی فشارەكانی سەری دەچێتە ناو كۆنگرە لە ٢١ـی ئەم مانگە ٣٩هەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

پارتی گەلی كۆماریی (جەهەپە)، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە ٢١ـی ئەم مانگەدا دەچێتە ناو ٣٩هەمین كۆنگرەی خۆی، هۆكاری كۆنگرەش بۆ ئەو فشارە دەگێڕنەوە كە لەرێگەی دادگاوە لەسەریانە.

لەو چەند رۆژەدا، سەرۆكی لقی جەهەپە لە ئیستانبۆڵ بە بڕیاری دادگا لا درا، هۆكارەكەشی ئەوە بوو، لە كۆنگرەی ٢٠٢٣دا، ساختەكاری كراوە و چەند ئەندامێكی نزیك لە كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی جەهەپە، داوای یاسایییان تۆمار كرد و دادگاش لە بەرژەوەندی ئەوان بڕیاری دا.
ئۆزگۆر چەلیك، سەرۆكی لقی جەهەپە لە ئیستانبۆڵ، بە بڕیاری دادگا لە پۆستەكەی لا درا، كە كەسێكی نزیكی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی زیندانیكراوی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ بوو. هەروەها چەندین ئەندامی تری لق لا دران و لە شوێنی ئەوان كەسانێك دانران، كە پێشتر لایەنگری كلیچدارئۆغڵو بوونە و لە كۆنگرەی ٣٨ خۆیان بە مەغدوور و زڵملێكراو دەزانی.
دوای ئەوەی لە ٢٠٢٣، جەهەپە كۆنگرەی گشتی بەست و لەوێدا كلیچدارئۆغڵو لە پۆستی سەرۆكایەتیی لا درا و بە پاڵپشتی ئیمامئۆغڵو، ئۆزگۆر ئۆزەل بووە سەرۆكی جەهەپە، لایەنگرانی كلیچدارئۆغڵو و خودی كلیچدارئۆغڵو، گوتیان ساختەكاری كراوە و پارە و پۆست بەسەر ئەندامانی كۆنگرە دابەش كراوە تا بتوانن سەرۆكی جەهەپە ببەنەوە، بۆیە چەند ئەندامێكی كۆنگرە لە دادگا داوای یاسایییان تۆمار كرد.
بڕیارە دادگای باڵای توركیا، لە ١٥ـی ئەیلوول، بڕیاری كۆتایی دەربارەی كۆنگرەی جەهەپە بدات، ئەگەرەكانیش بۆ ئەوەن، كۆنگرە هەڵوەشێتەوە و كەمال كلیچدارئۆغڵو، ببێتەوە بە سەرۆكی جەهەپە، ئەمەش بنەكی جەماوەری جەهەپەی نیگەران كردووە و، سەركردایەتی جەهەپەش دەڵێن، ئەوەی بەسەر جەهەپە دێت كۆدەتایە لە رێگەی دادگاوە.
جەهەپە بۆ ئەوەی بتوانێت رێگە لەو فشارانەی دادگا بگرێت، بڕیاری داوە لە ٢١ـی ئەم مانگە بچێتە ناو كۆنگرەی ئاسایی ٣٩ و لەوێ سەرۆك و جێگر و ئەندامانی سەركردایەتی هەڵبژێرن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، بە ئەگەرێكی زۆرەوە، ئۆزگۆر ئۆزەل دەبێتەوە بە سەرۆكی جەهەپە، هەروەها ئەكرەم ئیمامئۆغڵوش لە زیندانەوە پەیامی دەبێت و پشتگیری لە ئۆزەل دەكات.

ئەگەر جەهەپە لەم هەنگاوەی سەركەوتوو بێت، بوونەوەی كلیچدارئۆغڵو بە سەرۆكی جەهەپە ماوەیەكی كەم دەخایەنێت، بەڵام كێشە گەورەكە لێرەدایە، ئایا كلیچدارئۆغڵو و ستافەكەی بەشداری كۆنگرە دەكەن یان رەتی دەكەنەوە؟
ئەگەر ئەوان رەتی بكەنەوە لە ڕووی یاساییەوە چی روو دەدات؟ ئایا كۆنگرە بەبێ بڕیاری كلیچدارئۆغڵو دەكرێت، ئەگەر لە دوای ١٥ی ئەیلوول ببێتەوە بە سەرۆك؟ وەڵامی ئەو پرسیارە كۆمیسیۆن و شارەزایانی یاسا دەیدەنەوە.