كارزان گلی – ههولێر
عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، رەخنەی لە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە گرتووە، دەربارەی ئەو وتارەی لە ٢٠١٥ لە پەرلەمانی توركیا دای و گوتبووی ”ئەردۆغان! تا هەناسەی هەدەپە بمێنێت لەم وڵاتە، ناتكەین بە سەرۆك، ناتكەین بە سەرۆك، ناتكەین بە سەرۆك.“
بە گوێرەی زانیارییەكانی ئایتونج ئێركین، رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركیا، ئۆجەلان كاتێك چاوی بە شاندی ئیمرالی كەوتووە، لەبارەی دەمیرتاشەوە قسەی كردووە و گوتویەتی، هەڵەی كردووە دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان وەستاوەتەوە و نەدەبوایە لە ٢٠١٥ بەو شێوەیە رووبەڕووی بوەستێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئێركین، ئۆجەلان لە ٦ی تەمووز، كاتێك چاوی بە شاندی ئیمرالی كەوتووە، لەبارەی دەستگیركردنی دەمیرتاشەوە گوتوویەتی: ”بابەتێكی تر بۆ بەڕێز ئەردۆغان شی بكەنەوە و پێی بگەیەنن، باس لەو قۆناغە مێژووییەی بۆ بكەن، من لە قوتابخانەكانی دەوڵەت خوێندوومە و تا ئێرەم هێناوە، دەزانم دەوڵەت چۆن كورد دەناسێت و لەوە گەیشتووم، دەتوانین خەبات دژی كەمالیستەكان بكەین، بەڵام شێوازی سەركردایەتیی من جیاوازە. دەمیرتاش كاتێك بە ئەردۆغانی گوت، ناتكەین بە سەرۆك، هەڵە بوو، من وەكوو ئۆجەلان ئەو كێشەیەم نییە دەبێت بە سەرۆك یان نا، من لەگەڵ ئەردۆغاندا باس لە بنەمای كێشەكان دەكەم و لەوباریەوە لەگەڵی دادەنیشم و ئێستاش ئێوە بە وەكالەتی من لەگەڵی دادەنیشن. چاوپێكەوتنی من لەگەڵ ئەردۆغان بۆ ئەوە نییە، كە شكست بە پارتێكی تر بهێنن و پارتێكی تر سەركەوتوو بێت، ئەگەر ئەمە ببێت دەبێت لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەكی دیموكراتی بێت. كاتێك بە ئەردۆغان دەڵێن ناتكەین بە سەرۆك، ئەمە هەڵەی دەمیرتاش و سری سورەیا ئۆندەر بوو، پێویستی نەدەكرد، رووبەڕووی ئەردۆغان بوەستنەوە، وا بزانم دەمیرتاش لە هەڵەكەی خۆی تێگەیشتووە.“
ئۆجەلان، بە شاندی ئیمرالی گوتووە، چاوتان بە ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپەش بكەوێت و سڵاوی منی پێ بگەیەنن و پێی بڵێن پیلانێكی ترسناك هەیە، بۆیە دەبێت هاوپەیمانییەكی دیموكراتی پێك بهێنرێت و لەو پیلانە پارێزراو بین.

