عومەر چنگیانی
لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، كە دەستەیەكی لە نۆ مامۆستای ئایینی خۆبەخش پێكهاتووین، هەفتانە كارمان ئامادەكردنی گوتاری ڕۆژانی هەینییە و لەسەربنەمای فەرمانی فەڕمی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاردەكەین، زۆر بەهەستیارانە و بەرپرسیارانەی شەرعی و نەتەوەیی ونیشتمانپەروەرییانەی دوور لە كاریگەری هیچ حزب و لایەنێك ئەو نۆ مامۆستایە بە خۆبەخش هەڵدەستین بەو ئەركە پیرۆزە، كە لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا تیشكمان خستە سەر چەند لایەنیك لە ژیانی پڕ لەسەروەری و پیرۆزیی پێغەمبەری خۆشەویستمان – دروود و سەلامی خوای لەسەربیت – و بیرهینانەوەی پەیامەكەی، بۆ هەینی ڕابردوو كە كردیە 13ی رەبیعی یەكەمی 1447 بەرانبەر بە 5ی ئەیلولی 2025 لە زۆربەی دوانگەكانی مزگەوتەكانی كوردستانەوە، بابەتی سەردێڕمان دا بەگوێی نوێژخوێنە ئازیزەكان و، بە ئەركمزانی پووختەی گوتارەكە بكەمە تێشووی گوڵخەرمانی ئیمرۆمان: (بێگومان لەوکاتەی پێغەمبەر ﷺ نێردرا جیهان بەدەست قەیرانە دیارەکانی دین و بەها باڵاکان و ڕەوشتدا دەی ناڵاند؛ بۆیە خودای گەورە وەک ڕەحمەتێک بۆ هەموو جیهان ناردی، و وەك لە سەد و حەوتەمین ئایەتی سورەتی (ئەلئەنبیا)دا ڕووی گوتاری تێدەكات و دەفەرمێت: (بەڕاستی ئێمە تۆمان نەناردووە بۆ ئەوە نەبێت كەببیە میهرەبانی و خۆشەویستی و بەزەیی و ڕەحمەت بۆ هەموو جیهانیان). دەبێ بزانین کە پێغەمبەری ئێمە ﷺ پێغەمبەری بەزەییە: كە خوای گەورە لە ئایەتی سەد و پەنجا و نۆی سورەتی (ئالی عمران)دا، دەفەرمێت: ( بەهۆی ڕەحمەتی خوداوە بۆ تۆ و بۆ هاوەڵانت، خودا منەتی لەسەر کردیت کە لەگەڵیاندا نەرم بوویت، و باڵی بەزەییت بەسەریاندا کێشا، و دڵنەرم بوویت لەگەڵیان، و ڕەوشتت لەگەڵیاندا جوان بوو، بۆیە لە دەورت کۆبوونەوە و خۆشیان ویستیت، و فەرمانی تۆیان جێبەجێ کرد.
و پێغەمبەرمان ﷺ هاوەڵانی فێری بەزەیی کرد تاوەکوو ئەوانیش وەک ئەو بە بەزەیی بوون و خودای گەورە ڕوونی کردۆتەوە کە گوێڕایەڵی پێغەمبەر ﷺ هۆکارێکە بۆ بەدەستهێنانی ڕەحمەتی خودای سبحانه.
دیاردەکانی بەزەیی پێغەمبەر ﷺ بۆ تەواوی جیهانەکان:
١- خودا ناردوویەتی بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی لە تاریکییەکانی شیرک و کوفرەوە بۆ نووری ئیسلام.
٢- خودا ناردوویەتی بۆ ئەوەی بەندەکان لە بەندایەتیکردنی بەندەکان دەربهێنێت بۆ بەندایەتیکردنی خودا: پێغەمبەر ﷺ نامەی بۆ پاشاکانی زەوی دەنارد، و بانگهێشتی دەکردن بۆ ئیسلام.
٣- خودا پێغەمبەرمانی ﷺ بە ئاینێکەوە ناردووە کە بانگمان دەکات بۆ باوەڕهێنان بە هەموو پێغەمبەران، و هەموو کتێبە ئاسمانییەکان.
دیاردەکانی بەزەیی پێغەمبەر ﷺ بۆ باوەڕداران:
١- خودای گەورە بە ئاسانکار و مژدەدەر ناردوویەتی.
٢- خودای گەورە پێغەمبەری ﷺ ناردووە بۆ ڕەتکردنەوەی زیادەڕەوی، و تووندڕەوی و تووندوتیژی: خودای گەورە ئەم ئوممەتەی کردووە بە ئوممەتێکی میانڕەو لەنێوان ئوممەتەکانی تردا لە بیروباوەڕ و پەرستن و ڕەوشت و مامەڵەکانیاندا.
٣- خودای گەورە ناردوویەتی بۆ بانگەوازکردن بۆ یەکڕیزی و خۆشەویستی، و ڕەتکردنەوەی دووبەرەکی و دوژمنایەتی و ڕق و کینە لەنێوان باوەڕداران:.
٤- بەزەیی پێغەمبەرمان ﷺ بە منداڵان و نەوجەوانان. لە دیاردەکانی بەزەیی پێغەمبەر ﷺ ئەوەیە کە بە بەزەیی بووە لەگەڵ منداڵان و نەوجەوانە بچووکەکان، گەمەی لەگەڵ دەکردن و سۆزی بۆیان دەنواند و دڵی خۆش دەکردن.

