رۆژنامەی ھەولێر

دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
من لە ئەدەب چی کراوم
کافکا (١٨٨٣ – ١٩٢٤) ئەدەبێکی سوریالی نەنووسیوە، بەڵکوو بە ڕاستگۆییی هونەرییەوە، گیانی بەبەر جەستەی کرۆکی ڕاستەقینەی ئینساندا کردووە و پێی گوتووین، پێوەندییەکانی نێوان خەڵک، هەر بە ڕووکەش جوانن، چونکە ڕاستییەکەی بێجگە لە فریودانی یەکتری، هیچی دیکە نین. کافکا یەکێکە لەو نووسەرە دەگمەنانەی، کارێکی کردووە، چێژ لە خوێندنەوە وەربگرین، ئەو نەچووە بە شێوازێکی ڕوون بنووسێت، وەک چۆن مەبەستیشی نەبووە، تەمومژاوی بنووسێت، بەڵکوو خۆڕسکانە نووسیویەتی، وەک سروشتی خۆی لێی خواستووە. لایەنێکی هەرە گەشی (بەدگۆڕان)ی کافکا، ئەو کورتەڕۆمانەی دنیای سەرسام کردووە، شێوازە کورتبڕ و سادەکەیەتی، شێوازێک هەر لە ڕستەی یەکەمەوە خوێنەر هەست دەکات، وشەکان، مانا حەرفییەکانی خۆیان نا، مانای دیکەیان هەیە، ئاخر ناچێتە عەقڵەوە، لەناکاو ئینسان لە فۆرمی مێروویەکی زەبەلاحدا خۆی ببینێتەوە.

کافکا دەڵێت: (من لە ئەدەب چێ کراوم، لە شتێکی دیکە، نا.) ئەوە بۆیە تەنیا لەگەڵ ئەدەبەکەی و بۆ ئەدەبەکەی دەژیا. کافکا پێی وابوو، خۆ تەرخانکردنی بۆ ئەدەب، زادەی تێکشکانی بووە لە ژیانیدا، ئەگەرنا لە واقیع هەڵنەدەهات و هانای بۆ خەیاڵ نەدەبرد. وای بۆ دەچوو، بە کەڵکی هەر چییەک بێت، بە کەڵکی ئەوە نایەت، ببێتە مێرد یان باوک.

(کە ڕۆمان دەنووسین، پێویستە لە هەر بەشێکیدا، چیرۆکێک هەبێت. پێویستە ڕۆمان بە پشتبەستن بە کەمترین کارەکتەر بنووسین.) بابرۆ لیندگرێن ددان بەوەدا دەنێت کە بە کۆمەکی ئەو دوو مۆچیارییە گرنگە و تێبینییەکانی دیکەی ئەسترید لیندگرێن، فێری نووسینی ڕۆمان بووە. جێی داخە هێشتا ڕۆماننووسی کورد، فێر نەبووە، ئەو دوو تێبینییە ڕەچاو بکات، ئاخر ڕێک دەکەوێت بەشێک لە ڕۆمانێکی کوردی، هەر لە شیعرێک دەچێت بە پەخشان نووسرابێت و زۆر جاریش ڕۆمانی کوردی کارەکتەری وەهای تێدایە، نەبوونی بە قازانجی کارەکە دەشکایەوە. ڕۆمانی کوردی هەیە، هەر بۆ ئەوەی ئەستوور بنوێنێت، مێژووی تیپەکانی فوتبۆڵی ئینگلستان و ناواخنی فیلمەکانی هۆڵیوودی تێدا بەسەر دەکرێتەوە!

وەک چۆن دەشێت شیعر لە کۆمەڵێک کۆپلە پێک بێت، هەروایش دەشێت ڕۆمان لە کۆمەڵێک ڕووداو یان چیرۆک پێک بێت، گرنگ ئەوەیە، لایەنێکی هاوبەش ئەو چیرۆکانە کۆ بکاتەوە، وەک چۆن داوێک کۆمەڵێک مووروو کۆ دەکاتەوە و ملوانکەیان لێ پێک دەهێنێت. بۆ نموونە هەر کەس لە ڕوانگەی خۆیەوە، بۆ هەمان ڕووداو دەڕوانێت، دەشێت سەرنجدانی ئەو ڕووداوە لە کۆمەڵێک گۆشەنیگاوە، ڕۆمانێکی لێ بەرهەم بێت، وەک چۆن هۆنراوەیەک بە پێکەوە گونجاندنی کۆمەڵێک بڕگە لە دایک دەبێت.

ڕێلکە گوتەنی، (شیعر مەنووسە، ئیللا ئەو کاتانە نەبێت کە وا هەست دەکەیت، ئەگەر نەینووسیت، دەمریت.) دەشێت جوانترین شیعرمان لە تافی لاویدا بنووسین و دواتر توانای نووسینی شیعری جوانمان نەبێت، وەک هەردی، بەڵام کاتێک دەتوانین ڕۆمانی جوان بنووسین کە تەمەنمان بڕێک هەڵکشابێت و ئەزموونێکمان پەیدا کردبێت. ئەم ڕێسایە، لە هەڵاوێردن بەدەر نییە و بەهرەمەندی گەورە، دەتوانێت لە سەروەختی گەنجیشدا ڕۆمانی نەمر بنووسێت.

یاخی مەبە، ئەگەر خاوەنی مەسەلەیەک نیت. شیعر مەنووسە، ئەگەر زمانت هەم چڕ و هەم ڕوونیش نییە، ئاخر شاعیر، زمان بەرینتر و باڵاتر و دەوڵەمەندتر دەکات، لێ ناگەڕێت وشە لە ڕستەدا قەتیس بێت و شاباڵی خەیاڵی پێ دەبەخشیت. کە هیچ شک نابەیت بیگێڕیتەوە، کە زمانێکی باڵا و سەرسووڕهێن نازانیت، ڕۆمان مەنووسە، ئاخر هێرتا میللەر بۆیە نۆبڵی وەرگرت، چونکە هەم خاوەنی زمانێکی جوان بوو، هەم گەلێک چیرۆکیشی شک دەبرد، بیانگێرێتەوە. لە پێناوی نووسیندا و بۆ خوێنەر بنووسە، نەک بۆ خەڵات یان ڕەخنەگر. خەڵات ئامانج نییە، یەکەم خەڵاتی نۆبڵ بە تۆلستۆی (١٨٢٨ – ١٩١٠) درا، ڕەتی کردەوە و گوتی: ئەوە پەردەپۆش ناکەم کە مرۆڤایەتی بە هۆی داهێنانەکەی نۆبڵەوە قەلاچۆ دەکرێت. بنووسە، ئەگەرنا، تا ماویت لە یادگەی خۆتدا زیندانی دەبیت، بنووسە بۆ ئەوەی ڕابردوو جێ بهێڵیت.