ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە زانكۆی سۆران، خولێكی دەربارەی ئاراستەكردنی تواناكان بەرەو بازاڕی كار بۆ قوتابیانی زانكۆ كردەوە. خولەكە ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام بوو؛ لە یەكەم ڕۆژی خولەكەدا وتاری بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەلایەن بەڕێز كارزان نووری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانیەوە خوێندرایەوە. كە تێیدا جەخت لەوە كرایەوە، هەماهەنگیی زیاتری نێوان ڕێكخراوە مرۆییەکان و ناوەندە ئەكادیمییەكان بۆ كاری پێكەوەیی و ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش، لە دەستەبەركردنی داهاتوویەكی گەشتر بۆ قوتابیان ڕۆڵێكی ئەرێنی و زۆر كاریگەری دەبێت، بە تایبەتی لە بواری ئاراستەكردنی تواناكانی قوتابیانی زانكۆ بەرەو بازاڕی كار، بۆ ئەوەی ببنە خاوەن كار و بتوانن هەم خزمەتی خۆیان و هەم خزمەتی كۆمەڵگە و نیشتمانی خۆیان بكەن.
هەروەها بەڕێز د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران، لە وتارەكەیدا تیشكی خستەسەر گرنگیی ئاراستەكردنی تواناكانی قوتابیان بەرەو بازاڕی كار و سوپاس پێزانینی خۆیشی لە هەمبەر بەڕێوەبەرانی ئەو چالاكییە دەربڕی.
بەڕێزان سەرۆ قادر سەرۆكی ئینستیتیۆتی توێژینەوە و گەشەپێدانی كوردستان و ستاڤ ئاسۆ بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پانێڵێكدا رێكارەكانی ئاراستەكردنی تواناكانی قوتابیانی زانكۆیان بەرەو بازاڕی كاریان تاوتوێ کرد بۆ ئامادەبووان.

