د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند؛ لێکگەیشتنی باش هەیە لە گفتوگۆکانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتن نزیکە لە بارەی داهاتە نانەوتییەکانەوە.
دوێنێ، لە پەراوێزی کۆڕبەندی وزە لە بەغدا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق وتی؛ گفتوگۆی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕال، دەربارەی داهاتی نانەوتی زۆر چووەتە پێشەوە، دەشڵێت: پێم وایە لەم ڕۆژانە دەگەینە لێکگەیشتن، چونکە کێشە لە نێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکوومەتی هەرێم نەبووە، یان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکوومەتی فیدڕال، بۆیە لەم ڕۆژانە کۆمپانیا نەوتییەکان و حکوومەتەکانی هەرێم و فیدڕال پێکەوە دەگەنە ئەنجامێک.
دەشڵێت؛ هیوادارین لیژنەکان تاوەکوو ڕۆژی دووشەممە، کارەکانیان تەواو بکەن، بۆ ئەوەی ڕاپۆرتەکان ڕۆژی سێشەممە، ڕادەستی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت و بە ئەرێنی بڕیاری لەسەر بدرێت، دەشڵێت: لەبارەی داهاتی نانەوتی گەیشتوونەتە لێکگەیشتن، چونکە بۆ ئەو بابەتە چوونەتەوە سەر یاساکان. هەرلایەک لەڕوانگەی خۆیەوە خوێندنەوە بۆ یاساکان دەکات.

