رۆژنامەی ھەولێر

ســــــەرۆک بـــــارزانی: پێشمەرگە هەمیشە پارێزەری مافی مرۆڤ، ئازادی و دیموکـــــــــــــراسی دەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ڕۆژی ھەینی سەرۆک بارزانی، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بە ئامادەبوونی ئان ھیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری، کەسایەتی، ڕۆشنبیرانی وڵاتەکە، شاندی پارێزگای ھەولێر، پێشمەرگە دێرینەکان، کوردانی دانیشتووی ئەورووپا و فەرەنسا لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن، پەردەی لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادا و شەقامی پێشمەرگەی کردەوە.

ھەر لەو ڕێوڕەسمەدا سەرۆکی شارەوانیی پاریس وتارێکی پێشکەش کرد و ڕۆڵی پێشمەگە و ھەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند، دواتر سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی بۆ پاریس و ناونانی شەقامێک بە ناوی پێشمەرگە دەربڕی. سەرۆک بارزانی دوای وتارەکەی لە پاریس مەدالیای ڕێزلێنانی دایە بریندارێکی شەڕی دژی داعش.
ھەر لە ڕێورەسمەکەدا سەرۆک بارزانی و ئان ھیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس و فلیپ گوژۆن، پێشانگەیەکی وێنەیان بەسەرکردەوە کە بریتی بوو لە نمایشی چەند وێنەیەک کە پانوڕامای مێژووی خەباتی پێشمەرگایەتی بوو لە سەردەمی شۆڕشەوە تاوەکو ئێستا، ھەروەھا ھونەرمەندی کورد شڤان پەروەر چەند گۆرانییەکی پێشکەش کرد و لە کاتی ھەڵدانەوەی پەردە لەسەر تابلۆی ڕێگەی پێشمەرگە، ژمارەیەک لە پێشمەرگە دێرینەکان وێنەی یادگارییان لەگەڵ سەرۆک بارزانی چرکاند.
فەرەنسا لەتەنگانەدا دەستی ھاوکاری بۆ گەلی کورد درێژ کردووە
فەرەنسا ئەو وڵاتەی بە درێژایی مێژوو، بە دۆستی کورد ناسراوە و سەرکردەکانیان بەردەوام سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە و لەتەنگانەدا دەستی ھاوکارییان بۆ گەلی کورد درێژ کردووە، بە تایبەتی لە کۆڕەوە ملیۆنییەکەی کورد لە ١٩٩١ خاتوو دانیێل میتێران، ھاوسەری فرانسوا میتێران سەرۆکی پێشتووتری فەرەنسا سەردانی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستانی کرد و بەچاوی خۆی ئەو نەھامەتییەی بینی کە بەسەر کورددا ھاتبوو.
پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیی بەرزە و بەتایبەتی لەلایەن فەرەنساوە، لە شەڕی دژ بە داعش پێشمەرگە ھاوکێشەکەی گۆڕی، ئەمە بووە ھۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی جیھان پشتیوانی خۆیان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە دەرببڕن، یەکێک لەو وڵاتانەی بەردەوام ھاوکاری پێشمەرگەی کردووە، فەرەنسایە، بەردەوام ھەوڵیداوە پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بە بەھێزی بھێڵنەوە، لەدوای کۆڕەوەکەی ١٩٩١ گەلی فەرەنسا لە ھەموولایەکەوە ھاوکارییەکانی بۆ گەلی کورد دووپاتکردەوە.
سیمبولی قارەمانێتی پێشمەرگە
ڕۆژی ھەینی سەرۆک بارزانی گەیشتە باڵەخانەی شارەوانیی پاریس و لەگەڵ ئان ھیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی شارەکە کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆک بارزانی چەند دیارییەکی کوردستانی پێشکەش بە سەرۆکی شارەوانی پاریس کرد.
سەرۆک بارزانی، کتێبێکی پێشکەشی سەرۆکی شارەوانی پاریس کرد، کتێبەکە باس لە قارەمانێتی پێشمەرگە و سەرکەوتنەکانی دەکات بەرانبەر گرووپی تیرۆریستی داعش. دواتر، سەرۆک بارزانی، تابلۆیەکی پێشمەرگەی پێشکەشی ئان ھیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی شاری پاریس کرد و گوتی: ئەوە تابلۆی پێشمەرگەیە، ئەو پێشمەرگەیەی شەڕی داعشی لەبری ھەموو جیھاندا کرد.
سەرۆکی شارەوانی پاریس، گوتیشی: ئەو دیارییە زۆر بەھادارە لای من، پێویستە لە شوێنێک دابندرێت لە ئۆفیسەکەم، ھەر میوانێکم بێت، پێویستە تابلۆی پێشمەرگە ببینێت، ئێمە قەرزاری پێشمەرگەین، پێشمەرگە لەبری ھەموومان شەڕی دژ بە داعشی کرد.
دواتر سەرۆک بارزانی، ھەنگوینی کوردستانی پێشکەشی سەرۆکی شارەوانی پاریس کرد و ڕاگەیاند، ئەمە باشترین ھەنگوینی کوردستانە، سەرۆکی شارەوانی پاریسیش بە دیارییەکەی سەرۆک بارزانی سەرسام بوو، گوتی: من عاشقی کوردستانم، لەوە دەچێت ئەو ھەنگوینە ھی شاخەکانی ناوچەی بارزان بێت، سەرۆک بارزانیش وەڵامی دایەوە و گوتی: نەخێر، ئەوە ھەنگوینی کوردستانە.
لای خۆیەوە ئان ھیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، ڕاگەیاند زۆر خۆشحاڵم کە توانیم جارێکی دیکە پێشوازی لە سەرۆک بارزانی بکەم، ئەمە بۆ من زۆر تایبەتە، سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ پەیمانگەی کورد لە پاریسدا ھەیە.
سەرۆک بارزانی: پێشمەرگە ھەمیشە پارێزەری مافی مرۆڤ، ئازادی و دیموکراسی دەبێت
لەبارەی لادانی پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە و کردنەوەی شەقامی پێشمەرگە لە پاریس، سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاند، ئەمە کارێکی زۆر گرنگ و مێژووییە، نیشاندەری ئەوەیە کە پەیوەندیی گەلی کوردستان و فەرەنسا مێژووییە و بەردەوامی بەو پەیوەندییانە دەدەین.
سەرۆک بارزانی، ئەوەشی وت: ناونانی شەقامێک لە پاریس بە ناوی پێشمەرگە، بەڵگەیەکی گەورەیە لەسەر گرنگیدانی فەرەنسا بە گەلی کورد، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم بۆ ئەم ڕێوڕەسم و ڕۆژە پیرۆزە.
سەرۆک بارزانی، گوتیشی: خاتوون ئان ھیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس بە دڵ سوپاسی تۆ و ئەنجوومەنی شارەوانیی پاریس و سەرۆکی شارەوانیی ١٥ـی پاریس دەکەم، بۆ ڕێکخستنی ئەم بۆنە گرنگ و مێژووییە، ئەمڕۆ لە مێژووی گەلی کوردستاندا ڕۆژێکی مێژووییە، فەرەنسا بە درێژایی مێژوو، بەردەوام ھەڵوێستی مرۆڤانە و دۆستانەی ھەبووە بەرامبەر گەلی کوردستان، ھەمیشە پشتیوانیی دۆزی گەلی کورد بووە، یەکەم وڵات بووە لە ئەورووپا کە ڕێگەی داوە ئینستیوتی کوردستانی لە پاریس بکرێتەوە، لێرەدا منیش دەنگی خۆم دەخەمە سەر دەنگی تۆ و زۆر سوپاسی کاک کەنداڵ و ئینستیتیوتی کوردی دەکەین، بۆ ئەم خزمەتە مەزنە کە بە خەڵکی کوردستانی کردووە، بۆ نزیکبوونەوە و دۆستایەتی لەنێوان ھەر دوو گەلی کوردستان و پاریس.
لە بارەی پێشمەرگەوە، سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاند، پێشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی ئەنجامداوە، بەڵام ئەم ڕێزگرتنەی کە ئێوە بۆ پێشمەرگەتان کردووە، گوزارشت لە ڕێزگرتن لە خەباتی پێشمەرگە و دۆستایەتی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان دەکات، جەخت لەوە دەکەمەوە کوردستان ھەموو کات شوێنی پێکەوەژیان دەمێنێت، پێشمەرگە ھەمووکات پارێزەری مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسی دەبێت، لە شەڕی داعشدا ١٢ ھەزار پێشمەرگە بوونە قوربانی وەکو شەھید و بریندار، بەڵام سەروەرییەکی گەورەیان بۆخۆیان و گەلەکەیان تۆمار کرد.
سەرۆک بارزانی، جەختی لەوە کردەوە، کوردستان ھەموو کات شوێنی پێکەوەژیان دەبێت، پێشمەرگە ھەموو کات پارێزەری مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسی دەبێت،
لە پاریس شوێنێکی لەو شێوەیە گرنگ بە ناوی پێشمەرگە دەکرێت، باخچەیەک بە ناو پێشمەرگە دەکرێت، ئەوە ڕێزلێنانێکی زۆر گەورەیە، سەرۆک بارزانی سەرنجی خستە سەر پەیوەندی گەلی کوردستان و فەرەنسا و ئاماژەی بەوە کرد، بە دڵنیاییەوە ھەتا کوردێک مابێت ھەمیشە سوپاسگوزاری گەلی فەڕەنسا دەبێت، پەیوەندی نێوان ئەو دوو گەلەش بەھێزتر و بەردەوام دەبێت.
سەرۆک بارزانی باسی لە ھەڵوێستی فەرەنسا کرد بەرامبەر پرسی کورد و گوتی، جێگەی خۆشحاڵییە ھەڵوێستی حکوومەتی فەرەنسا نەگۆڕدراوە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئێمە چەند گۆڕانکاریمان بینی، سەرۆک چوون و سەرۆک ھاتن، بەڵام ھەڵوێستی فەرەنسا نەگۆڕدرا، ھەڵوێستێکی دۆستانەی بەرامبەر گەلی کوردستان ھەیە.
سەرۆک بارزانی، زیاتر گوتی، پێشمەرگە پارێزەری ئازادی و مافی مرۆڤ دەبێت و بەشێکی فەرمییە لە ڕێکخراوی بەرگریی عێراقی و دژی تیرۆریست، بەرگریی لە ھەموو عێراق دەکات، پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەرکی خۆی کە لەبری ھەموو جیھان دژی تیرۆریستان شەڕ دەکات، ئەمە شەرەفێکی مەزنە بۆ پێشمەرگە، لێرەوە سوپاسی ئەو پێشمەرگانە دەکەم و سڵاو بۆ ئەو پێشمەرگانە دەنێرم.
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی باسی لە فرانسوا میتێران، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا کرد و گوتی، فرانسوا میتێران یەکەم سەرۆکی ئەورووپی بوو لە ساڵی ١٩٩٢ پێشوازیی لێ کردم ئەمەش مایەی شانازی و سەربەرزییە بۆ من، ھەروەھا یەکەم خانمی ئەورووپیش کە فرمێسکی بۆ قوربانییانی گەلی کوردستان ڕشت، دانیال میتێران ھاوژینی فرانسوا میتێران بوو، ھەرگیز ئەو ھەڵوێستەیان لەبیر ناکەین.
پاریس و گەلی فەرەنسا لە دڵی گەلی کوردستاندان، بژی پاریس، بژی ھەولێر، بژی دۆستایەتیی گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان، جەخت لەوە دەکەمەوە کە پێشمەرگە پارێزەری ئازادی و مافی مرۆڤ دەبن و پێشمەرگە بەشێکی فەرمییە لە ڕێکخراوی بەرگریی عێراقی و بەرگری لە ھەموو عێراق دەکات دژی تیرۆریستان، جارێکی دیکە زۆر سوپاس بۆ ھەمووان، زۆر ڕۆژێکی مێژووییە، بۆ من ڕۆژێکە کە تاوەکو مابم لەبیرم ناچێتەوە.
پێشمەرگە جەنگی بۆ ئازادی مرۆڤایەتی کرد
فیلیپ گوژۆن، شارەداری پانزدەی پاریس، ڕایگەیاند، ئێمە لێرەین بۆ دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی خۆمان بۆ پێشمەرگە، ئەم کارەی دەیکەین وەفادارییە بۆ خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە، بەم ناولێنانە ڕێز لە قوربانییدانی پێشمەرگە دەگرین، چونکە ئەوان جەنگیان کرد بۆ ئازادی مرۆڤایەتی.
فیلیپ گوژۆن، گوتی: کاتێک ڕژێمی بەعس ویستی کورد لەناو ببات، ھێزەکانی پێشمەرگە بەرگرییەکی بەھێزیان کرد، پێشمەرگە بەرگری لە کلتوور و ناسنامەی خۆی کرد، ئەوان تێکنەشکان، بەڵکو خۆیان دروستکردووە، بوونە سیمبوڵی کوردستان، ھەروەھا لەکاتی شەڕی دژ بە داعش مێژوویان تۆمارکرد و ھەزاران قوربیانییان دا و ئێزدییەکانیان پاراست.
شارەداری پانزدەی پاریس، ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەک ئافرەتی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش بەرگرییان کرد و نابێت لەیادیان بکەین، ھەروەھا سەرۆک بارزانی نوێنەرایەتیی کورد دەکات لە کوردستان، لەناو ئەم پارکە پابەندی خۆمان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە دووپاتدەکەینەوە.
سەرۆکی شارەوانی پاریس: سەرۆک بارزانی لە شەڕی داعش قارەمانانە بەرگریی لە بنەماکانی ئازادی کرد
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس، ئان ھیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانی پاریس، ئاشکرای کرد: بە خۆشحاڵی و شانازییەوە بەخێرھاتنی سەرۆک بارزانی دەکەم بۆ پاریس، ڕێڕەوێک لە زۆنی ١٥ی پاریس بە فەرمی بەناوی پێشمەرگە کردمانەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی برایەتی و دۆستایەتی نێوانمانە لەگەڵ کورد و پێشمەرگە، سڵاوی خۆمان ئاراستەی سەرۆک بارزانی و سەرکردەکانی گەلی کورد دەکەین، ھەروەھا جەختی لەسەر گرنگی گەیاندنی دۆستایەتی و خۆشەویستی گەلی کورد بۆ ناو گەلی فەڕەنسی کردەوە.
سەرۆکی شارەوانی پاریس، ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی کرد و ڕاگەیاند، جەنگی گەلی کورد نیشانەی ھێمای ئازادی و یەکسانییە لە نێوان ئافرەت و پیاواندا، ئێمە ھەمیشە پاڵپشتی دەکەین، چونکە ئەو یەکسانییە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئێمە ھەیە، ئاماژەی بە مێژووی پەیوەندییەکان کرد و گوتی، ماوەی چەندین ساڵە، بە تایبەت ڕۆڵی سەرۆک مەلا مستەفای بارزانی، شارد دێ گۆل، سەرۆک بارزانی، ھەروەھا پەیوەندی لەگەڵ دانیال میتێران، ئەو ھاوڕێیەتی و دۆستایەتییەی دروست کردووە کە ئەمڕۆ لێرە پێکەوە کۆببینەوە.
لەبارەی بڕیاری ناونانی ڕێڕەوەکە، ھیدالگۆ ڕوونیکردەوە، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە زیندوو بمێنێتەوە کە لە شارەوانی پاریس بڕیارمان لەسەری دا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ پێشمەرگەکان، بۆ ئافرەت و پیاوی جەنگاوەری کورد و ئەو دۆستایەتییەی لەگەڵ گەلی کورد ھەیە، ھەروەھا جەختی لەسەر بنەماکانی یەکسانی و مافی مرۆڤ کردەوە، کە پاریس لە پێناویدا دەجەنگێت.
ئان ھیدالگۆ، یادگارییەکانی سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ بیرھێنایەوە، کاتێک پێشمەرگە لە جەنگدا بوو دژ بە داعش، کاتێک من ھاتمە ھەرێمی کوردستان و بە تایبەت ھەولێر، ئێوەی پێشمەرگە لە جەنگدابوون دژ بە داعش، ھاتمە ئەوێ بۆ ئەوەی پێتان بڵێم سوپاس بۆ ئازایەتیتان و ئەو جەنگەی کە ئێوە دەیکەن، چونکە ئێمە لێرە لە پاریس تووشی ھەمان جەنگ بووین کە ئێوە لێرە بۆی جەنگان، ئەو ھاوسۆزی خۆی دەربڕی بۆ ئەو ئازارانەی پاریس بەھۆی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە چەشتوویەتی.
سەرۆکی شارەوانی پاریس سەرسامیی خۆی بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی دەربڕی و گوتی، ئێوە جەنگاوەری قارەمانتان ھەبوو کە پێشمەرگەن، کاتێک من ھاتمە عێراق و چاوم پێتان کەوت، سەرسام بووم، بەوەی ھاتی پێش ئەوەی بچیتە بەرەکانی جەنگ چاوت بە من بکەوێت، سەرسام بووم بەو قارەمانییەتی و ھێزەی کە ئێوە ھەتانبوو، ئێوە جەنگەکەتان بۆ سەرکەوتن برد و کاریگەرییەکی زۆرتان ھەبوو لەسەر جووڵانەوەیەکی نوێی گەلی کورد، ڕاشیگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە، من پێشنیازم کرد کە ھەماھەنگییەکی بەھێز لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر دروست بکەین، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٢٣، بەختم ھەبوو، ھاتمە کوردستان و ئامادەی کردنەوەی مۆزەخانەی بارزانی لە دەڤەری بارزان بووم کاتێکی خۆش و دۆستانە و ھاوڕێیانەمان بەسەر برد، پێشمەرگە و کورد دووانەیەکی لێکدانەبراون و لێک جیانابنەوە، چونکە ئامانجێکیان ھەیە، سەربەخۆیی، ئازادی و مافەکانیان، ئەوە وای کرد، ئێمە لە پاریس خۆشەویستیمان بۆ کورد زۆر بێت، ھەروەھا ئێمە لەبیرمانە ئێوە چۆن داکۆکیتان لە ئازادیی ئێمە کرد، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە فەرەنسا، ١٣ـی ئەیلوول، ساڵڕۆژی ھێرشە تیرۆریستییەکەی پاریسە، ھیوادارین ئێوە بتوانن لەگەڵ فەرەنسییەکان لێرە ئامادە بن، لە ڕێوڕەسمێکدا کە سەرۆک ماکرۆن ئامادەی دەبێت، بەبێ ئێوە ئێمە نەماندەتوانی بگەینە ئەمڕۆ کە لێرەین، لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ئێوە قارەمانییەتیتان لێرە و لەوێ نواند و بەرگریتان لەو پرەنسیپانە کرد کە ھی ئێمەن.
لە کۆتایی وتەکانیدا ئان ھیدالگۆ گوتیشی، ئێمە لە ڕووخانی دیکتاتۆر سەدام حسێن بەشداریمان کردووە، ھەروەھا ئێمە لەگەڵ ئەو نیمچە سەربەخۆییەین کە کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ھەیەتی، ئەو کارەی پێشمەرگە کردی، بووە ھۆی ئەوەی ببێتە ھێزی بەرگریی کوردستان، بەتایبەت ئەو ڕۆڵەی لەناو ھێزەکەدا بە ئافرەتان دراوە، کە خەبات و تێکۆشانیان دژ بە داعش کرد، ئەوەش شێوازێکە بۆ دەربڕینی ھەستمان دەربارەی ئەو ژنانەی شانبەشانی پیاوان جەنگان.
سەرۆک بارزانی دەستپێشخەرییەک بۆ یەکخستنی نێوماڵی کورد ڕادەگەیێنێت
عادل باخەوان، سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست، ڕاگەیاند، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوومەوە و باسی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی کرد، لەوانەش پەیوەندییەکانی نێوان ئەورووپا بە گشتی و فەرەنسا بەتایبەتی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی داینامیکی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ھەیە، چەند پێگەمان لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەھێزتر بێت، دەتوانین ئەوەندە بەھێز بمێنینەوە و پارێزگاری لە خۆمان بکەین.
سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست، ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداش کردووە، خۆتان دەزانن کە پەیوەندییەکان زۆر خراپن، باس لەوە کرا کە چۆن دەستپێشخەری بکرێت بۆ ئەوەی لەم دۆخە داخراوە ڕزگارمان بێت، لە کاتی گەڕانەوەی سەرۆک بارزانی دەستپێشخەرییەک بۆ ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد ڕادەگەیەنێت.
عادل باخەوان، ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ سەرۆک بارزانی پەیوەندییەکانی ئەم دواییانەی ھەرێمی کوردستان و جیھانیان خستووەتە بەر باس، ھەندێک ڕووداوی نەخوازراو لە ھەرێمی کوردستان ڕوویانداوە و ئەم ڕووداوانە وێنەی کوردستانیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بریندار کردووە، باس لەوە کرا ئێمە چی بکەین بۆ ئەوەی برینەکان ساڕێژ بکرێن و ئەوەی کە لە دەستمان چووە وەربگرینەوە.