هاودەنگ فارووق
هەمووان بینەری مەراسیمی كردنەوەی پیادەڕێی پێشمەرگەبووین لە پاریسی ناوەندی ڕووناكبیریی ئەورووپا، ئەمە هەروا ڕووداوێكی ئاسایی نەبوو، چونكە ناونانی هەر جێگەیەك لەشارە گەورەكان، بەتایبەت لەپایتەختەكانی دنیا، جگە لە لێكەوتەی كولتووری، لێكەوتەی سیاسی و دیپلۆماسیشی هەیە.
لەكاتێكدا ناوی سەركردەیەك لە جێگەیەك دەندرێت، ئیدی لێكەوتە سیاسییەكان دەستپێدەكەن.
ئەوانەی پێیان وایە ناونانی جێگەیەك، یان پیادەڕێیەك بەناوی پێشمەرگەوە، كاریگەری نییە، یان بەكۆنەقین بڕیار دەدەن، شارەزاییەكیان لە دیپلۆماسیەت نییە و، لە مانا فەرهەنگییەكانی ئەو كارە پڕ بەهایە تێناگەن، هەروەك لە قورساییە سیاسی و دیپلۆماتی و سیمبولییەكەیشی هەر تێناگەن.
هەڵبەت ناونانەكە، بە مانایە نەك بە قەبارە، فەرەنسا ویستی گەواهی بۆ كورد و پێشمەرگە بدات لە شەڕی دژ بە شارستانییەت، پێشمەرگە جەنگاوەری مرۆڤایەتی بوون و بەرگرییان لە شارستانییەتی مرۆڤ كرد.
ئەم بابەتە، ڕەهەندێكی مێژوویی و کولتووری و شارستانی زۆر گەورەی هەیە، مانای ئەوەیە ڕۆژئاوا و لەسەرویانەوە فەرەنسا ددان بەوەدا دەنێن كورد لە بەرە ڕاستەكەی مێژوودا بووە. ئایا ئەم گەواهیدانە كەمە؟
بابەتێكی دیكەیش سەبارەت بەم پیادەڕێیە، ئەوەیە فەرەنسا دەزانێت ناوی پێشمەرگە حەفیزەی دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان دەجوڵێنێت، بەڵام چۆنە وا لە هەڵوێستی وڵاتانی داگیركەری كوردستان نەترسا و حسابی بۆ كاردانەوەی ئەوان نەكرد و، ناوی پێشمەرگەی لەپایتەختی خۆی بەرز ڕاگرت؟
لێرەوە ئیدی دەتوانین بە شاهێدیی فەرەنسا و ئەورووپا بڵێین: پێشمەرگە ڕەمزی ئازادی و جەنگاوەری شارستانیەتە لەدژی تیرۆر و تاریكی. ناوی پێشمەرگە یەكسانە بە جەنگ لەپێناوی ڕووناكی و لەپێناوی مرۆڤایەتیدا.
سەرۆك بارزانی لە مەراسیمی كردنەوەی پیادەڕێیەكەدا گوتی: پێشمەرگە بەرگری لە ئازادی و دیموكراسی كردووە. پەیوەندیی نێوان كوردستان و فەرەنساش پەیوەندییەكی قووڵ و مێژووییە.
ناوی پێشمەرگە دەبێتە مۆری هەڵكۆڵدراوی سەر تاشەبەردی پەیوەندییەكانی كورد و فەرەنسا، دەبێتە ئەو تاجە زێڕینەی بەدەستی سەرۆك بارزانی خرایە سەر پاریس! ئەمە كەمترین وەفایە بۆ پێشمەرگە و پێویستە لەسەرجەم پایتەختەكانی دنیادا ناوی پێشمەرگە بكرێتە سیمبول.. ئەوجا مرۆڤایەتی بەشێك لە قەرزەكانی پێشمەرگەی داوەتەوە.

