رۆژنامەی ھەولێر

ڕێكخراوی هاریكاری شەنگەهای، حوكمڕانی جیهان دادەڕێژێتەوە؟

مەشخەڵ كەوڵۆسی
ڕۆژانی 31ی 9 و 1/10 كۆنگرەی لوتكەی ڕیكخراوی شەنگەهای لە شاری تیانجینی چین گرێدرا. ئەو كۆنگرەیە هەر وا ڕووداوێكی ئاسایی نیە، بەڵكو لەڕووی قەبارە و ماناوە، نەخشەی جیهان دەگۆڕێت و، ڕووداوێكی زۆر گرنگی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە.
بەر لەوەی شۆڕ ببمەوە بەناو ماناكانی ئەو كۆنگرەیەدا، چەند زانیارییەكی كورت سەبارەت بە قەبارەی ئەم كۆنگرەیە دەگوازمەوە:
بێگومان هەمووان دەزانین ڕێكخراوی هاریكاری شەنگەهای لەساڵی 2001 دامەزراوە، سەرەتا لەچوار ئەندامی دامەزرێنەر پێكدەهات، بەڵام لە ئێستادا ئەندامەكانی بۆچەند لیڤڵێك دابەش دەبن بەم چەشنە:
یەكەم: ئەندامی تەواو ئەم وڵاتانە دەگرێتەوە هیندستان، كۆماری میللی چین، ئێران، كازاخستان، كەرگیزستان، ڕووسیا، تاجیكستان، پاكستان، ئۆزبەكستان. دواتریش بیلاڕووسیا وەك ئەندامی تەواو لە ڕێكخراوەكە وەرگیرا.
دووەم: ئەندامانی چاودێر، ئەم وڵاتانە دەگرێتەوە ئەفغانستان و مەنگۆلیا.
سێیەم: وڵاتانی ڕاوێژكار ئەم وڵاتانە دەگرێتەوە ئازەربایجان، ئەرمینیا، بەحرەین، كوەیت، میسر، كەمبۆدیا، قەتەر، ماڵدیف، میانمار، نیپاڵ، ئیمارات، سعودیە، توركیا، سریلانكا.
بۆیە دوای بینینی ئەم قەبارە و ڕووبەرە زەبەلاحە، دەتوانین بە داتا بڵێین: نیوەی دانیشتوانی سەرزەوی لەم كۆنگرەیەدا بەشدارن، ڕووبەری وڵاتانی ئەندام و بەشدار پێكەوە، سێ یەكی هەموو ڕووبەری وشكایی سەرزەوییە.
بەڵام هەڵەیەكی كوشندە دەكەین ئەگەر پێمان وابێت، تەنها لەبەر ئەو قەبارە و ڕووبەرە گەورەیە، كۆنگرەی لوتكەی تیانجین گرنگە، نەخێر، لەپاڵ ئەو دوو هۆكارەدا، هۆكاری گرنگتر هەیە، ئەویش ئەوەیە:
هۆكاری هەرە سەرەكی كەوادەكات ئەم كۆنگرەیە بایەخێكی نائاسایی هەبێت، ئەوەیە كە ئێستا مرۆڤایەتی لەچاوەڕوانی “جاڕنامەی تیانجین” دایە، واتە دوای ئەو كۆنگرەیە، دەوڵەتانی بەشدار بەسەركردایەتی كۆماری میللی چین، جاڕنامەیەك ڕادەگەیەنن كە چاوەڕوان دەكرێت، چەند تەوەرێكی گرنگ لەخۆ بگرێت، بەم چەشنە:
یەكەم: بەهێزكردنی هاوكاری ئابووری لەنێو وڵاتانی ئەندام. ئەمەش بەواتای دروستكردنی جەمسەرێكی ئابووری و بارزگانی نوێ لە جیهاندا.
دووەم: پەرەپێدانی ژێرخانی سنوربڕ لەنێوان وڵاتانی ئەندام، ئەمەش هەمان ناوەڕۆكی پرۆژەی پشتێنە و ڕێگایە بە دەربڕینێكی دیپۆماتی گشتگیرتر.
سێیەم: ئاسایشی ئەلیكترۆنی و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دیجیتاڵییەكان.
چوارەم: پاڵپشتیكردنی هەماهەنگی و پێكەوە كاركردن لەكەرتەكانی گواستنەوە و وزەدا.
ئەمەش بەمانای واقیعی سەرجەم ئەو كێشە چارەنووسسازانە دەگرێتەوە كە جیهانی ئەمڕۆ پیایاندا تێدەپەڕێت. ئاستەنگەكانی بەردەم پەرەپێدانی بەردەوام و ، هێڵەكانی گواستنەوەی بەرهەم، یەكێك لەو ئاستەنگە مەترسیدارانەن كە وادەكەن هیچكام لەوڵاتانی دنیا لەبەرژەوەندییەكانیان دڵنیانەبن.
ئەم بابەتە سەردەكێشێت بۆ مەسەلەی جوگرافیای سیاسی جیهان و دابەشبوونی تەنگە گرنگەكان، وەك تەنگەی هورمز و تەنگەی تایوان و، تەنگەی جەبەل تاریق و سەرجەم ئەو خاڵانەی دیكە پەیوەندییان بەسیولەی بازرگانییەوە هەیە. واتە دیدێكی نوێ بۆ مەسەلەی هێڵەكانی گواستنەوە لەجیهان، بەتایبەتی گواستنەوەی وزە.
خاڵێكی تری جێگەی ئاماژە، بریتییە لە بابەتی هەماهەنگی لە ژێرخانی سنوربڕ، واتە پرۆژەكانی ژێرخانی گەشەكردن، بەشێوەی سنور بڕ لەنێوان وڵاتانی ئەندام درێژ ببێتەوە. ئایا ئەمە بەواتای خوڵقاندنی جیهانێكی نوێ نیە؟
یەك ستایل و یەك مۆدیلی جیاواز لە ژێرخانی پێشكەوتن و خزمەتگوزاری بەیەك ستایل پێشكەشی نیوەی مرۆڤایەتی بكرێت، ئایا ئەمە لەدایكبوونی جیهانێكی نوێ نیە؟.
لەچاوەڕوانی جاڕنامەی تیانجیندا، هەموو زلهێزەكانی دنیا بەحساباتەكانیاندا دەچنەوە… ئێمەش چاوەڕوان دەبین.