رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەدمیراڵ براد کووپەر فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە، دوایین پەرەسەندنەکانی بارۆدۆخی ئەمنیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.

سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ئەدمیراڵ کووپەر کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەی بۆ خواست. سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی ئەمریکا دووپات کردەوە.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە جه‌نه‌راڵ كيڤن لامبێرد فه‌رمانده‌ى نوێی هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا كرد کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمان و هاوبەشی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرد و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

ڕووبەرووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سووریا ، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.