نرخی دراوی ئێران زۆر خێراتر لە هەر کاتێکی تر ڕووی لە دابەزین کردووە و هەموو ئەو کەسانەی کە دراوەکەیان پێشتر کڕیوە بەو هیوایەی قازانج بکەن، زیانیان بەردەکەوێت. پێشبینی دەکرێ نرخی دراوەکە لە داهاتوودا زۆر زیاتر دابەزێت و داوا لە کاسبکارانی بازاڕەکانی دراو لە هەولێر و سلێمانی دەکرێ لە کڕینی ئەم جۆرە دراوە دوور بکەونەوە.
سلێمان تاشان – ههولێر
نرخی تمەن لە سەردەمی جەنگی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە هەشتا و سێ هەزار تمەنەوە بۆ هەر دۆلارێک دابەزی بۆ نەوەد و پێنج هەزار تمەن و هەر چەندە دوای شەڕ کەمێک نرخەکەی هەڵکشایەوە و گەڕایەوە ئاستی پێش جەنگ بەڵام ماوەیەکە بەخێرایی ڕووی لە دابەزین کردووە و بەهای سەردەمی جەنگیشی تێپەراندووە.
تەنیا لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا نرخی هەر دۆلارێک لە نەوەد و شەش هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە سەد و شەش هەزارتمەن و ئەو جۆرە دراوە سەرووی دە لەسەدا بەهای خۆی بەرانبەر دۆلاری ئەمەریکی و زۆربەی دراوەکانی تر لەدەست داوە.
ئەم دراوە لە بازاڕەکانی هەولێر و سلێمان و شارەکانی دیکەی کوردستانیش بە لێشاوە دەبینرێت و خەڵکێک هەن کە مامەڵەی پێوە دەکەن. خەڵکێک بژێوی خۆی لە ڕێی کڕین و فرۆشتن بە دۆلار و دراوەکانی دیکەی وەک یۆرۆ، پاوەند، لیرە و تمەن هەڵدەسووڕێنێت بەڵام ئەگەر ئاگاداری ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی بازاڕ نەبن زیانیان بەردەکەوێت.
تا بەر لە ساڵی ٢٠١٨ و بەر لە کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتومی، بەهای هەر دۆلارێک چوار هەزار تمەن بوو بەڵام لەو کاتەوە کە ترەمپ لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و دەستی بە سەپاندنی قورسترین سزای ئابووری دژی ئێران کرد، بەهای تمەنیش بە خێرایی ڕووی لە دابەزین کرد و لە ماوەیەکی کورتدا بەهای تمەنی داڕماند بە شێوەیەک هیچ ساڵێک نەبووە دە هەزار تمەنی نەچێتە سەر و تا سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ پەنجا هەزاری تێپەڕ کرد.
ساڵی ڕابردوو لە ساتی دەسپتێکردنی کابینەی مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران نرخی هەر دۆلارێک پەنجا و هەشت هەزار تمەن بوو و لە ژێر کاریگەریی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا بەهاکەی لە نزیک حەفتا هەزارەوە بۆ پەنجا و هەشت هەزار بەرز ببوویەوە.
شەڕی دوازدە ڕۆژە و کاریگەریی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئابووری ئێران هۆکارێک بووە تمەن زیاتر بەهاکەی دابەزێت بەڵام ئەوەی زۆر خێراتر وا دەکات لە داهاتوویەکی نزیکدا تمەن تووشی داڕمانێکی گەورەتر ببێت ئەو سزا نێودەوڵەتییانەن کە ئەگەری زۆرە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولەوە دەست پێ بکەن.
پێنجشەممەی ڕابردوو وڵاتانی ئەوروپا ڕێکاری سناپ بەک\پەلەپیتکە کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا هاتووە، لە دژی ئێران چالاک کرد و ئێران مانگێک مۆڵەتی هەیە مەرجەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی جێبەجێ بکات و لەگەڵیان ڕێک بکەوێت ئەگەرنا تەواوی سزاکانی بەر لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ سەر ئێران زیندوو دەکرێنەوە.
هێشتا سزاکان دەستیان پێ نەکردووە کە تمەن لە هەفتەیەکدا دە لەسەدا بەهای خۆی لەدەست داوە و ئەگەر ئەمە ڕوو بدات ئەوا ئەگەری زۆرە نرخی دۆلار بگاتە سەرووی سەد و پەنجا هەزار تمەن و زیانێکی زۆر بەو کەسانە بکەوێت کە پارەی تمەنیان هەیە.
لە ساڵانی ڕابردوودا هیچ کاسبکارێک نەبووە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان خێری لە کڕینی تمەن کردبێت و بۆیەش بەلەبەرچاوگرتنی ئەو پێشهات و ڕووداوە نوێیانە ئەوە لە کاسبکاران چاوەڕوان دەکرێت خۆیان لە کڕینی تمەن و مامەڵەکردن بەم جۆرە دراوە دوور بخەنەوە و سامانەکەیان لەئاوێ نەکەن.

