رۆژنامەی ھەولێر

قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی کۆڕنیشی کاولۆکان چووە بواری جێبەجێکردنەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەست بە جێبەجێکردنی ماستەرپلانی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرا. بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، دەڵێت: سۆران بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری چوار وەرزە و ئەمە لە ھیچ ناوچەیەکی دیکەی ھەرێمی کوردستان بەدی ناکرێت. دەشڵێ: دوای ھاتنە کایەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کەرتی گەشتوگوزار لەم دەڤەرە قۆناغی باشی بڕیوە و گرنگی زۆری پێدراوە کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی گەشتیاری لە سنوورەکە جێبەجێ دەکرێن و ساڵ بە ساڵیش پڕۆژەکان لە زیادبووندان، ناوچەکە بووژانەوەیەکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، وێرای بەخشینی سیمایەکی جوانتر بە ئیدارەی سۆران، ھەلی کاریش بۆ ھەزاران ھاووڵاتی دەڤەرەکە ڕەخساوە.

قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی کۆڕنیشی کاولۆکان چووە بواری جێبەجێ کردنەوە
بەپێی ئەو ڕووپێویەی کە کراوە ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران لە سەرووی ٣٠%ی ھەموو ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان پێکدێنن، ھەروەھا لە سەرووی ٨٠%ی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای ھەولێر لە خۆ دەگرێت. ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕاگەیاند، بە ھاووڵاتییانی خۆشەویستی دەڤەرەکەمان ڕادەگەیەنین، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی کۆڕنیشی کاولۆکان چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتیشی: دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەست بە جێبەجێکردنی ماستەرپلانی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرا، لە ھەنگاوێکی دیکەدا، یەکێک لە وێرەکانی کۆڕنیشی کاولۆکان تەواو بوو و کارکردنیش لە پڕۆژەکە و قۆناغەکانی دیکە بەردەوامە، ئاگاداری ھاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەینەوە، کە بەھۆی کارکردن تیایدا، ئەو شوێنە بۆ مەلەکردن گونجاو نییە و داواکارین لەپێناو پاراستنی گیان و سەلامەتیی خۆتان، ھاوکاریی تیمەکان بن.
ساڵانە ڕێژەی گەشتیاران لە بەرزبوونەوەدایە
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ساڵانە ڕێژەی گەشتیاران لە بەرزبوونەوەدایە، ھەروەھا بەگوێرەی ئەو ماستەرپلانەی کە لەژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەت لە ناوچە گەشتیارییەکان لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە، جەخت لە پاراستنی ژینگەی ناوچە گەشتیارییەکان کراوەتەوە.

کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی گەشتیاری لە سنوورەکە جێبەجێ دەکرێن
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، گوتیشی: دوای ھاتنە کایەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کەرتی گەشتوگوزار لەم دەڤەرە قۆناغی باشی بڕیوە و گرنگی زۆری پێدراوە، لە پێشینەی کارەکانیش بیر لەوەکراوەتەوە چۆن گەشتیار بەشێوەیەکی ئاسان و سەلامەت بگاتە ناوچە گەشتیارییەکان، بۆیە ھەوڵی ڕژد دراوە بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی ڕێگای نوێ بۆ ناوچە گەشتیارییەکان، لەلایەکی دیکەوە ھەوڵماندایە ڕێکخستنەوەیەکی باش لە کەرتی گەشتوگوزار بکەین، بەتایبەتی لەڕووی کواڵێتی و چاودێریکردنی پڕۆژەکان، بۆ ئەو مەبەستە کارەکانمان بە باشی و بەبێ گرفت بەڕێوەدەچن، لەگەڵ ئەوەش بەردەوام ھانی وەبەرھێنەر و سەرمایەداران دەدەین تا پڕۆژەی گەشتیاری لە سنوورەکەمان جێبەجێ بکەن، خۆشبەختانە کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی گەشتیاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیەکەمان جێبەجێ دەکرێن و ساڵ بە ساڵیش پڕۆژەکان لە زیادبووندان

ماستەرپلانەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، لەبارەی ماستەرپلانی گەشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتی: ماستەرپلانی گەشتیاری گرنگی و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، ماوەی چەند ساڵێکە کاری لەسەر دەکرێت، خۆشبەختانە لە ئێستادا کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بێخاڵ و تاڤگەی گەلی عەلی بەگ ناوچەی گرنگن و سۆرانی پێ دەناسرێتەوە و بە دیزاینێکی جوان و سەرنجڕاکێش کەوتوونەتە واری جێبەجێ کردنەوە و ئومێد دەکەین لە ماوەی ساڵێکدا کۆتایی بە کارەکان بھێندرێت تا بخرێتە خزمەتی دانیشتووانی سنوورەکە و گەشتیاران، ھەروەھا دوای تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە بەپێی ئەو ماستەرپلانەی کە دانراوە ناوچەی دیکەی بەدوادادێت و گرنگی پێ دەدرێت، ئەمەش وادەکات ناوچەکە بووژانەوەیەکی باش بەخۆیەوە ببینێت، وێرای بەخشینی سیمایەکی جوانتر بە ئیدارەی سۆران، ھەلی کاریش بۆ ھەزاران ھاووڵاتی دەڤەرەکە دەڕەخسێنێت.
لە ھەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیاران ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، زیاتر دەڵێ: لە ھەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیاران ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران دەکەن، لەگەڵ ئەوەش ھەر وەرزە و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، چونکە کەشوھەوا و دیمەکان جیاوازن، خەریکیشە گەشتیاری ھاوینە بەجێ دێلین و دەکەوینە ناو گەشتیاری پایزە، ئیدارەی سۆران وێستگەیەکی گرنگ بوو بۆ ھاتنی گەشتیاران، لەڕووی پلانەوەش پلانی تایبەتمان ھەیە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاری پایزە، گرنگترین چالاکی ئێمەش فیستیڤاڵی ساڵانەی گەشتی پایزە لە چۆمان دەبێت، کە چەندین ساڵە بەڕێوەدەچێت، کە تایبەتە بە گرووپە شاخەوانییەکان، ساڵی ڕابردوو زۆر جوان توانیومان پڕۆسەکە بەڕێوەببەین، ئەمساڵیش ئومێد دەکەین بە باشترین شێوە بەڕێوەببەین، ھەروەھا پلانێکی دیکەشمان ھەیە دەمانەوێت پێشبڕکێیەکی وێنەی پایزە بۆ ھەوادار و فۆتۆگرافەرەکان ڕێکبخەین ئەوەش بۆ ھەڵبژاردنی باشترین وێنەیە کە سروشتی ھەرێمی کوردستان پیشان دەدەن، بۆ خۆشیان دەبێت بە بازاڕکردنێک.
لەلایەکی دیکەوە وەھاب حەسەن، بەرپرسی گەشتوگوزاری مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ساڵانە لە ھەر چوار وەرزی ساڵ خەڵکێکی زۆر سەردانی دەڤەری بارزان دەکەن بە تایبەتی لە وەرزی بەھار کە لە ئەنجامی پرۆسەی ژینگەپارێزی ئەو دەڤەرە و لەبن ھەر دار و کێوێک و ھەر گۆشەیەکی ئەو دەڤەرە تابلۆیەک لە جوانی ھەیە، بە ھەزاران ھاووڵاتی بەتایبەتی لە ڕۆژانی پشوو سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن، پایزی مێرگەسۆر زۆر جیاوازە لەگەڵ پایزی ناوچەکانی دیکە، لە کاتی ھاتنی وەرزی پایز و دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان گەشتیار لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان کەم دەبنەوە، بەڵام لە قەزای مێرگەسۆر ڕێژەی گەشتیاران بەپێچەوانەوە زۆر زیاد دەبێت، چونکە ژینگە و سروشتێکی زۆر جوان و پایزێکی سەرنجڕاکێشی ھەیە و گەشتیارێکی زۆریش لەم وەرزەدا سەردانی دەکەن بەتایبەتی گەلی زۆرەگڤان، ئیسۆمەرا و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە، حکوومەتی ھەرێم لە چوارچێوەی ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات، گرنگیەکی زۆری بە کەرتی گەشتوگوزار داوە، ڕۆژبەڕۆژیش ئەو گرنگیدانە زیاتر دەبێت.

ھەڵکەوتەی ناوچە گەشتیارییەکانی مێرگەسۆر لەگەڵ ناوچە گەشتیارییەکانی دیکە جیاوازە
وەھاب حەسەن، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری مێرگەسۆر، ئاشکراشی کرد: ھەڵکەوتەی ناوچە گەشتیارییەکانی مێرگەسۆر لەگەڵ شوێنەکانی دیکە جیاوازە، بەتایبەتی لەڕووی بوونی کۆمەڵێک ڕووبار، ئەشکەوت، دۆڵ و چیاو، باڵندە و ئاژەڵی کێوی، بە گشتی ناوچەکە وەک سەیرانگەیەک وایە، تێکەڵبوونی مرۆڤ لەگەڵ سروشت لەو دەڤەرە دەبیندرێت، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کەم وێنەیە و بوونی شوێنەوارە مێژووییەکان وەک ئەشکەوتی شانەدەر، یادگەی نیشتمانیی بارزانی و چەندین شوێنەواری دیکە، ھەموو ئەوانە ھۆکارن بۆ ئەوەی ئەم دەڤەرە وەک ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری لە کوردستان ھەژمار بکرێت، ھەروەھا ژینگەپارێزی لە دەڤەری بارزان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ١٢٠ ساڵ لەمەوبەر، ھەر تاکێکی ئەم دەڤەرە پاراستنی ژینگە بە ئەرکێکی ئەخلاقی دەزانێت و بەشێوەیەکی زۆر باش مامەڵەی لەگەڵ دەکات، ئەمانەش ھەمووی ھۆکارن کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و تەنانەت لە دەرەوە سەردانی دەڤەرەکە بکەن.