د. سالار عوسمان
نه‌ته‌وه چییه؟.. بیری نه‌ته‌وه‌یی چییه؟.. كورد و بیری نه‌ته‌وه‌یی و پێوه‌ندیی نێوانیان؟.. ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك پرسیاری كۆن و تازه‌ن، كه ده‌بێ به‌رده‌وام قسه‌یان له باره‌وه بكه‌ین و بۆ هه‌ر ده‌ور و زه‌مانێكیش گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، كه‌واته ئێمه له‌سه‌ر چه‌مكگه‌لێكی بزۆز و ناجێگیر ده‌دوێین و ده‌ئاخفین، جارێ هه‌ر بۆخۆی تێگه‌یشتن له چه‌مكه ناجێگیر و بزۆزه‌كان پرسێكی قسه‌هه‌ڵگره و، لێمان ده‌خوازێت له ڕوانگای كۆنه‌وه قسه له نوێ، یا ڕاستتر بڵێین قسه له چه‌مكه بزۆز و ناجێگیره‌كان نه‌كه‌ین، كه پێموایه تا ئێستێ به‌شێك له ڕۆشنبیر و نووسه‌رانی كورد نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی، كه چاویلكه بگۆڕن، بۆیه قسه و نووسین و ئارگۆمێنته‌كانمان هه‌م كۆنن، هه‌م دووباره و هه‌م كه‌م كاریگه‌ریی و، هه‌میش شتێك ناگۆڕن.
به‌پێی ئه‌م ده‌رازینگه كورته، وا نزیك ده‌بینه‌وه له بابه‌تێك، كه پێی ده‌گوترێ قسه‌كردنی نوێ، كه به‌نده لێره‌دا و له‌ڕێی هه‌ردوو گرفتی: (قسه‌كردنی كۆن له نوێ و، نه‌گۆڕینی چاویلكه) ده‌مه‌وێت خوێنه‌ران بخه‌مه نێو بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵتره‌وه، به‌ڵێ ده‌مه‌وێت بڵێم پێویستمان به قسه‌كردنی نوێ هه‌یه، ئه‌م قسه‌كردنه‌یش له‌به‌رده‌م چه‌مكی بیرمه‌ند ڕامانده‌گرێت، كه ئاخۆ بیرمه‌نده‌كانی كورد له كوێن و چه‌ند توانیویانه بیرمه‌ندیی وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی مه‌عریفی ـ كولتووری بخه‌نه نێو ژیانه‌وه و به‌شدار بن له گۆڕانكاریی پۆزه‌تیڤ؟
من لاگیریی له‌وانه ناكه‌م كه پێیانوایه كورد بیرمه‌ندی نییه، به‌ڵام لاگیریی له‌وه ده‌كه‌م كه به‌رهه‌مه‌كانیان نه‌بۆته به‌شێك له پرۆسه و كاریگه‌ریی و گۆڕینی ژیان به‌ره‌و باشتر، كه ئه‌م بابه‌ته‌ش بۆخۆی قسه هه‌ڵده‌گرێ و بێگومان هه‌موو ئۆباڵه‌كه‌یشی بۆ بیرمه‌ندانی كورد ناگه‌ڕێته‌وه!
نه‌ته‌وه چییه؟
قسه‌لێكرنی نوێ پێمان ده‌ڵێت، نه‌ته‌وه واته هه‌موو ئه‌و جۆره خه‌ڵكانه‌ی ده‌یانه‌وێت پێكه‌وه بژین، كه‌واته زمان، خاك، ئایین، مێژوو و كولتووری هاوبه‌شیش، گه‌ر ئیراده‌ی پێكه‌وه‌ژیانیان نه‌بێت، نابن به نه‌ته‌وه، به‌ڵكوو ده‌بن به كۆمه‌ڵێك پارچه‌ی پێكناكۆكی گرژ و ڕقن و، هه‌میشه نزیك له شه‌ڕ!..
بیری نه‌ته‌وه‌یی چییه؟
بیری نه‌ته‌وه‌یی به‌رله‌وه‌ی بیر و ئایدۆلۆژیا و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش بێت، ڕۆحه، واته ده‌بێ له ڕۆحه‌وه ئه‌م بیره چه‌كه‌ره بكات و، هه‌رگیز دوو گروپ، دوو عه‌شیره‌ت، دوو ئایین و دوو حزب ناتوانن پێكه‌وه بژین، گه‌ر ڕۆحی پێكه‌وه‌ژیانیان نه‌بێت، كه‌واته ئه‌وه ڕۆحه بیری نه‌ته‌وه‌یی دروست ده‌كات، ئه‌و ڕۆحه‌ی ده‌یه‌وێت په‌روه‌روده، باوه‌ڕ، به‌ها، ئایینده و مێژوو دروست و لێك گرێ بدات، گه‌ر ئه‌و ڕۆحه نه‌بێت، له هه‌ر له‌حزه‌یه‌كدا ئه‌گه‌ری پێكدادان له ئارادایه و، چیرۆكی تاڵی پێكدادانه نێوخۆییه‌كانی كورد، گه‌لانی ناوچه‌كه و جیهانیش له‌به‌ر چاوانن و حه‌وجه به میناك هێنانه‌وه ناكات.
كورد و بیری نه‌ته‌وه‌یی؟
ده‌توانین سه‌دان نموونه و سه‌دان چیڕۆك و سه‌دان خوێن و سه‌دان نموونه و میناكی سه‌لمێنراو بهێنینه‌وه، كه هه‌موو خاڵه هاوبه‌شه‌كانی كورد، له نموونه‌ی: (زمان، مێژوو، جوگرافیا، كولتوور، ئایین و داب ونه‌ریت)، نه‌یانتوانیووه بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردی به‌رهه‌مدار بكه‌ن تا ئه‌و ئاسته‌ی كورد ببێت به خاوه‌ن و خودان ده‌وڵه‌ت، قه‌واره‌ی بێ هه‌ڕه‌شه، پێكه‌وه‌ژیانیی ڕۆحیی بێ ئاریشه، ئه‌مه له كاتێكدایه، كه كورد نه‌ته‌وه و گه‌لێكی فره و فره‌وانه، زه‌نگین و سه‌نگینه، خودان و خاوه‌ن خوێنه، به‌واتایه‌كی تر، بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردی له ئاستی خودی كورددا نییه و، ئێستا زۆربه‌مان به دیار ئینتیما بچووكه‌كانه‌وه له ناكامڵیی بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردى ڕاده‌مێنێن و ناتوانین پێنگاڤی مه‌زن بنێین!

