گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ لە سنووری قەزای چۆمان بەهۆی تەقینەوەی مینێکی چێندراوەوە گیانی لەدەستدا. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە هەولێر دەڵێت، رووداوەکە لە ناوچەیەکی مینڕێژکراودا بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی بەهۆی تەقینەوەی مینەوە راگەیاند.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “کاتژمێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، هاووڵاتییەک بە ناوی (کارزان میرزا حەمەدەمین) کە تەمەنی 25 ساڵە، لە بناری چیای هەڵگورد لە سنووری قەزای چۆمان بەهۆی کەوتنە سەر مینێکەوە گیانی لەدەستداوە”.
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مین ئاماژەی بەوەش کردووە، شوێنی رووداوەکە کێڵگەیەکی مینڕێژکراوە و سەرەڕای ئەوەی بەردەوام تیمەکانیان لە رێگەی سیمینار و بڵاوکراوەی هۆشیارییەوە رێنمایی بە هاووڵاتییانی ناوچەکە دەدەن، بەڵام پێویستە ئەو کەسانەی بۆ کار و کاسبی روو لەو ناوچانە دەکەن، زیاتر پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن بۆ ئەوەی ژیانیان سەلامەت بێت.

